دوژمنانی یەكریزی و قەوارەی هەرێمی كوردستان
ئەم نیشتیمانە كە ناوی كوردستانە ، خاوەن گەلێكە كە هەردەم بەخوێن وگیانی لە پێناو ئازادی و سەربەستی خاك و پاراستنی شكۆ وئیرادەی تێكۆشاوە و تێدەكۆشێت تا گەیشتۆتە قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستان كە كیانێكی یاسایی و دەستووریی و متمانە پێكراوە لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت زۆر جاریش وەك دەوڵەتێك نە بە شێوەی سەربەخۆیی بەڵكو زیاتر بۆ زۆرێك لە پرسە گرنگ و هەستیارەكاندا دەگەرێنەوە بۆ لایی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان .
بەتایبەت ئەگەر هەڵوەستەیەك دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 و ئینجا قۆناغەكانی دوای نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی لە ساڵی 2005 بكەین ، هەرێمی كوردستان زیاتر پێگە دەستوورییەكەی و شێوازی مامەڵەكردنی چووە قۆناغێكی پێشكەوتووتر لە نێوان دوو پایتەختی هەولێر و بەغدا و بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەوەیە ، هەر كە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق دەسەڵاتیان گرتە بەر هەموو بنەماكانی دیموكراسی و شەراكەتیان فەرامۆش كرد و دەستوورییان پاشگوێ خست و مافەكانی گەلی كوردیان نەدا و بەڵكو سیاسەتی پەراوێز خستن و هێز و زۆرینەی دیكتاتۆرییان گڕتەبەر وكاریان كرد بۆ نەهێشتنی كیانی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان بە چەندین سیناریۆ و نەخشەی شووم .
دەمهەوێت ئەو ڕاستییە بۆ هەمووان روون بێت كە ، هیچ دەولەت و زڵهێزێك ئەو هەرێمی كوردستانەی وەك دیاری لە سەر سینییەك پێشكەش بە گەلی كورد نەكردووە و هەروەها بە ئاسانیش بەدەست نەهاتووە بەڵكو بەرئەنجام خەباتی دەیان ساڵەی گەلێكی ستەمڵێكراوە كە بەرگەی تیرۆر، جینۆساید ، كیمیاباران و زیندان و قرٍكردنی گرتووە ، كە خولیایی ئازادی ژین و سەریەخۆییە ، زیاتر لە 4500 گوندی خاپوور كراوە ، دارستان و كانیاوەكانی وێران كراوە ، بەڵام كۆڵی نەداوە و تا گەیشتە قۆناغی رٍاپەرینە شكۆمەندەكەی بەهاری 1991 و ئینجا هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان حكومەت و ئەم هەرێمە كوردستانەی لێ بەرهەم هات ، بۆیە، وەك هەستی پێدەكرێت ، ناحەزان و نەیارانی گەلی كورد بەردەوام هەوڵی تێكدەرانە و نەرێنی بۆ لەباربردنی كیانی كوردستان دەبینن و هەڵبەت بە چاوساغی خۆفرۆشان و ئەوانەی باوەریان بە كوردایەتیی و ئازادی و سەربەخۆی گەل و نیشتیمانەكەیان نییە و دوژمنی یەكریزی و ئاوەدانی و پێشكەوتنەكانی گەل و نیشتیمانەكەیانن و بەردەوام سێرەیان لێگرتووە .
مێژوو گەواهیدەرەی ئەو راستییەیەكە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام كاری بۆ تەبایی نێوماڵی كوردستانی گرتووە وباجی گەورەی لە پێناو یەكریزی و بەهێزكردنی پایەكانی حكومرانی هەرێمی كوردستان و ئەو كیانەی داوە ـ چ لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تا شۆڕشی پێشكەوتنخوازی 26ی گوڵان و ئینجا دوای راپەرین و بە ئێستا و داهاتووشەوە ، گرنگە ، هێزولایەنە كوردستانییەكانیش بەرانبەر ئەو دەستكەوتانە هەست بە ئەرك و بەرپرسیاریەتیی بۆ بەرژوەندییە باڵاكانی كورد وكوردستان بن چونكە خوێن و قوربانیی زۆرمان بۆ بەخشییوە ، بەتایبەت بۆ پرسە نیشتیمانییە و نەتەوەییەكان پێوستە نێوماڵی كوردستان یەكریز و تەبا بێت و بەرگری لە كیانی سیاسی ویاسایی كوردستان بكەین ، بەتایبەت ئەمڕۆ ناو و پێگەی و سەقامگیری كوردستان دەنگدانەوەیەكی زۆر جوانی لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی داوەتەوە
بەتایبەت ، كە هەرێمی كوردستان ، بووتە شوێنی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری هەموو ئایین و ئاینزاكان و پێكهاتەكان و پەنابەر و ئاوارەكان و دەیان كۆمپانیا و كۆنسوڵخانە و نوێنەرانیی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان .
بۆیە، هەمووان دەگەینە ئەو راستییە كە ئەو دەستكەوت وقەوارەیە ، هەروەها بە سانایی نەهاتۆتە بەرهەم ، وەك هەندێك نەیاران و ناحەز خەونی نەزۆكی پێوە دەبینن بۆ لەناوبردنی ، چونكە ئەو كوردستان ڕگی قوڵی نێو دڵی كوردستان دا داكوتاوە و ساڵ بە ساڵیش بەهێزتر دەبێت وەك ریشاڵەی دار وایە ساڵ بەساڵ بەهێزتر دەبێت و لە زەوی دا لە ئەمری واقعدا بەهێزتر دەبێت قەوارەیەك بەرهەمی خەباتی گەلێك بێت و گەلێك بەرگری لێ بكات بە هیچ شێوەیەك و هێزێك لەناو ناچێت كوردستان وڵاتی ژیانە و پێویستە چۆن لەناوی دا دەژین ئاواش ئامادەبین بۆی بمرین ،هەر ئەمەیە، كوردایەتی ڕاستەقینە و یەكریزی كە قوتابخانەی كوردایەتیی خەمخۆر ودڵسۆزی بۆ دەكات ..