پێشێلكردنی پیرۆزی شوێنی نیشته‌جێ بوون
(*)
بوونی شوێنێك كه مرۆڤ تیایدا بحه‌سێته‌وه و له‌خۆی بگرێت له گرنگترین پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیانه، كه ناكرێت بوونی نه‌بێت و ئه‌م شوێنه پیرۆزی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و یاسا پاراستنی توندی بۆ فه‌راهه‌م كردووه.
شوێنی نیشته‌جێ بوون یان ئه‌وه‌ی پیی ده‌وترێت ماڵ بریتییه له‌و شوێنه‌ی مرۆڤ وه‌ك پێگه‌ی خۆی بۆ مانه‌وه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام یان كاتی به‌كاری ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر هاتوو خۆی خاوه‌نداری بكات یان به‌كرێی گرتبێت، به‌شێوه‌یه‌ك سوودی لێوه‌رده‌گرێت كه هه‌موو شوێنه‌كه و ئه‌وه‌ی پاشكۆیه‌تی ده‌گرێته‌وه وه‌ك باخچه، گه‌راج و به‌شه‌كانی تری به مه‌رجێك وابه‌سته‌ی بێت و به‌ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ی لكابێت، یاسا پارێزگاری لێ ده‌كات به‌پێی ئه‌وه‌ی به كۆگای نهێنیه‌كانی مرۆڤ داده‌نرێت و، هه‌موو ئه‌وانه له‌خۆده‌گرێت كه تایبه‌تن به مرۆڤ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی. هه‌ره‌ها پیرۆزی شوێنی نیشته‌جێ بوون ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به ماف و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مرۆڤ، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك بچێته ناو ماڵه‌كه به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی خاوه‌نه‌كه‌ی، ئه‌م پاراستن و پارێزگارییه‌ش خودای گه‌وره و ده‌ستووره دانراوه‌كان بڕیاریان لێداوه، به جۆرێك له ده‌ستووری عێراقی ساڵی(٢٠٠٥)له‌مادده‌ی (١٧/١)به‌ده‌ق هاتووه:( هه‌موو تاكێك مافی تایبه‌تمه‌ندی كه‌سی هه‌یه به شێوه‌یه‌ك ناكۆك نه‌بێ له‌گه‌ڵ مافی ئه‌وانی تر) و له‌بڕگه‌ی (٢) هه‌مان مادده هاتووه:(پیرۆزی ماڵه‌كان پارێزراون و ناكرێت بچنه ناوی یان بشكێندرێت یان بچنه سه‌ری ته‌نها به‌پێی بڕیارێكی دادوه‌ری نه‌بێت به‌پێی یاسا).
هه‌روه‌ها په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر پیرۆزی ماڵه‌كان كردۆته‌وه، به جۆرێك له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ له ساڵی(١٩٤٨)له مادده‌ی(١٢/ یه‌كه‌م) هاتوو:(هیچ كه‌سێك دووچاری ده‌ستوه‌ردانی سته‌مكارانه نابێته‌وه له‌ژیانی تایبه‌تی خۆی یان خێزانه‌كه‌ی یان ماڵه‌كه‌ی).
بۆیه یاسادانه‌ر كاتێك ده‌ستوه‌ردان ده‌كات و ده‌ق داده‌نێت بۆ پاراستنی ماف و ئازادییه‌كان به هۆكاری په‌یوه‌ست بوونه به به‌رژه‌وه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان كه تایبه‌تن به كه‌سێكی دیاریكراو یان كۆمه‌ڵه كه‌سێك، چونكه مافه‌كانی تاك یان كۆمه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لێكی به‌هه‌ندوه‌رگیراون و جێگه‌ی پاراستنه، هه‌ر پێشێل كردنێكی به پێشێل كردنی یاسا داده‌نرێت، بۆیه له گرنگترین ئه‌ركه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی گشتی پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تییه له سه‌ر ئاستی تاك و كۆمه‌ڵ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی تاك و ئارامیان كه دواتر ئارامی كۆمه‌ڵگه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
تاوانی پێشێلكردنی پیرۆزی شوێنی نیشته‌جێ بوون كاتێك كه‌سێك ئه‌نجامی ئه‌دات، وه‌ك یاسا دیاری كردوون، یه‌كێك له‌م دوو شێوازه وه‌رده‌گرێت، یان ئه‌نجامدانی كردارێك یان پێشگیری لێكردنی:
یه‌كه‌میان، به‌و شێوه‌یه ده‌بێت كه بچێته ناو ماڵی كه‌سێكی تر یان شوێنی نیشته‌جێ بوونی تایبه‌ت یان یه‌كێك له پاشكۆكانی، چوونه ناوه‌وه‌ی ناڕه‌وا له‌ڕه‌فتاری بكه‌ر دێته‌دی كه به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و ویستی ڕاشكاوی خاوه‌نه‌كه‌ی بێت، یان به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی شاراوه‌ی كه‌سه‌كه بێت كه به‌بێ ئاگاداری یان به‌فێڵبازی بچێته ژووره‌وه.
دووه‌میان، بریتیه له‌پێشگیری كردن له‌چوونه ده‌ره‌وه و مانه‌وه‌ی كه‌سه‌كه له هه‌ر یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد، ئه‌مه دێته‌دی به‌مانه‌وه‌ی كه‌سه‌كه به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و به‌بێ ویستی ڕاشكاوی خاوه‌نه‌كه‌ی كه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بیكاته ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها مانه‌وه به‌بێ ئاگاداری یان به‌فێڵبازی.
له میانه‌ی ووردبوونه‌وه له دادكاری ده‌قه‌كانی یاسای سزاكان، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م تاوانه له جۆری كه‌تنه به‌بێ ڕه‌چاوكردنی خه‌سڵه‌تی تۆمه‌تبار ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێكی ئاسایی بێت یان فه‌رمانبه‌ر یان ڕاسپێردراو به‌ڕاژه‌ی گشتی، سزای كه‌تن له هه‌موو حاڵه‌ته‌كان له حه‌پسكردن تێپه‌ڕ ناكات به هه‌ردوو جۆره‌كه‌یه‌وه ساده یان توند و به پێبژاردن، به‌ڵام ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه سزاكه‌ی ده‌بێته حه‌پسكردنی ڕه‌ها، ئه‌گه‌ر هاتوو چوونه ناو ماڵ یان شوینی نیشته‌جی بوون ڕووبدات و یه‌كیك له‌م هه‌لومه‌رجانه‌ی لای خواره‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بیت:
١-ڕوودانی تاوانه‌كه له‌نێوان ڕۆژئاوابوون و ڕۆژهه‌ڵاتن بێت.
٢-چوونه ناوه‌وه له ڕێگه‌ی شكاندنی ده‌رگا یان په‌نجه‌ره بێت یان هه‌ڵگه‌ڕان به‌سه‌ر دیوار.
٣-تاوانه‌كه ڕوویدابێت له‌لایه‌ن كه‌سێك چه‌كی هه‌ڵگرتبێت به‌ئاشكرا یان به شاراوه‌یی.
٤-ڕوودانی تاوانه‌كه له‌لایه‌ن سێ كه‌س و زیاتر بێت.
٥- ڕوودانی تاوانه‌كه له‌لایه‌ن كه‌سێك كه‌خۆی نواندبێت به خه‌سڵه‌تێكی گشتی یان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات به‌ڕاژه‌ی گشتی هه‌ڵده‌ستێ یان خۆنواندن به خه‌سڵه‌تێكی درۆینه.
یاسادانه‌ری عێراقی له مادده‌ی (٤٢٨) له یاسای سزاكان ژماره (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ هه‌مواركراو به‌ركار له هه‌رێمی كوردستان، ده‌قی له‌سه‌ر تاوانی پێشێلكردنی پیرۆزی ماڵ و شوێنه‌كانی نیشته‌جێ بوون داناوه به‌م شێوه‌یه:
ده‌قی مادده‌ی/٤٢٨
١- سزا ئه‌درێت به حه‌پسكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له ساڵێك زیاتر نه‌بێت و به پێبژاردن له سه‌د دینار زیاتر نه‌بێت یان به یه‌كێك له‌م دوو سزایه:
أ- هه‌ر كه‌سێك بچێته ناو شوێنێكی نیشته‌جێبوون یان ئاماده‌كراو بۆ نیشته‌جێبوون یان یه‌كێك له پاشكۆكانی، به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی خاوه‌نه‌كه‌ی جگه له‌و حاڵه‌تانه‌ی یاسا ڕێگه‌ی پێداوه.
ب- هه‌ر كه‌سێك له شوێنێك ببینرێت له‌وه‌ی ئاماژه‌ی بۆ كراوه له‌خاڵی (1) له‌م مادده‌یه،خۆی شاردبێته‌وه له چاوی ئه‌و كه‌سه‌ی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌و شوێنه بیكاته ده‌ره‌وه.
ج- هه‌ر كه‌سێك چووبێته شوێنێك له‌وانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ كرا به شێوه‌یه‌كی ڕه‌وا و تێیدا مابێته‌وه به‌بێ ویستی ئه‌و كه‌سه‌ی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌و شوێنه بیكاته ده‌ره‌وه.
٢- ئه‌گه‌ر هاتوو مه‌به‌ست له چوونه ناو شوێنه‌كه یان خۆشاردنه‌وه یان مانه‌وه تیایدا ڕێگه‌گرتن بێت له ده‌ستداری كردن به‌هێز یان ئه‌نجامدانی تاوان تیایدا، سزاكه‌ی ده‌بێته حه‌پسكردن بۆ ماوه‌یه‌ك له دوو ساڵ زیاتر نه‌بێت و به پێبژاردن له دووسه‌د دینار زیاتر نه‌بێت یان به یه‌كێك له‌م دوو سزایه و. سزاكه ده‌بێته حه‌پسكردن ئه‌گه‌ر تاوانه‌كه ڕوویدا له‌نێوان خۆرئاوابوون و خۆرهه‌ڵاتن یان به‌هۆی شكاندن یان پێداهه‌ڵگه‌ران و به ئاشكرا یان به نهێنی چه‌كی هه‌ڵگرتبێت یان له‌لایه‌ن سێ كه‌س و زیاتر یان له‌لایه‌ن كه‌سێك خۆی نواندبێت به خه‌سڵه‌تێكی گشتی یان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵسانی بكات به ڕاژه‌یه‌كی گشتی یان به خۆنواندن به خه‌سڵه‌تێكی درۆینه.
بۆیه پێویسته ڕێز و شكۆ و پێرۆزی ماڵ و تایبه‌تمه‌ندی كه‌سه‌كان بپارێزرێت و به‌پێ یاسا و به ڕه‌زامه‌ندی خۆیان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایش و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رقه‌رار بێت.
(*)
ڕاوێژكاری یاسایی