سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێگرى فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان كۆبووه‌وه

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2021/5/26 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ ڕيچارد بێڵ، جێگرى فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له عێراق و سووريا كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له جه‌نه‌راڵ بێڵ كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌واميى هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ك له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و كارى هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش نيشان دا و دووپاتى كرده‌وه كه تێكشاندنى تيرۆر ته‌نيا له ڕێگه‌ى سه‌ربازييه‌وه نابێت، به‌ڵكوو ده‌بێ له‌ڕووى فيكريشه‌وه شه‌ڕى تيرۆر بكرێت.
لاى خۆيه‌وه جه‌نه‌راڵ بێل ستايشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ى له تێكشاندنى داعشدا كرد و جه‌ختى له پێويستى و گرنگيى هه‌ماهه‌نگيى هه‌واڵگرى و وشككردنى سه‌رچاوه دارايييه‌كانى داعش و پێويستيى هه‌ماهه‌نگيى زياترى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان بۆ له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه دامه‌زراندنى ناوه‌نده‌كانى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى هاوبه‌شى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق به‌تايبه‌تى له‌و ناوچانانه‌ى بۆشاييى ئه‌منييان هه‌يه هه‌نگاوێكى گرنگه، هه‌روه‌ها باسيان له دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منى و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر له عێراق و سووريا و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش كرد.