74ـه‌مين كۆنفرانسى جيهانيى ته‌ندروستى ده‌ستى پێكرد

74ـه‌مين كۆنفرانسى جيهانيى ته‌ندروستى ده‌ستى پێكرد

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ 24- 5 – 2021 له‌ ژنێڤ 74ـه‌مين كۆنفرانسى جيهانيى ته‌ندروستى ده‌ستى به‌كاره‌كانى كرد. ئه‌و كۆنفرانسه‌ كه‌ بڕياره‌ بۆ ماوه‌ى 9 ڕۆژ به‌رده‌وام بێت. له‌ يه‌كه‌م ڕۆژى كۆنفرانسه‌كه‌دا دابه‌شكردنى نابه‌رابه‌رى واكسنى دژه‌ كرۆنا و لاوازيى رێكخراوى ته‌ندروستيى جيهانى كه‌وتنه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و هه‌ر يه‌ك له‌ سكرتێرى گشتيى ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رى رێكخراوى ته‌ندروستيى جيهانى، سه‌رۆك كۆمارى فه‌رانسه و نوێنه‌رى ئه‌ڵمانيا خوازيارى چاكسازيى بنه‌ڕه‌تى له‌ ره‌وتى دابه‌شكردنى واكسنى دژه‌ كرۆنا و كارى به‌په‌له‌ له‌ پێناوى پاراستنى ئه‌منييه‌تيى ته‌ندروستى بوون.
ئانتۆنيۆ گوترش، سكرتێرى گشتيى ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان وه‌ك يه‌كه‌م وتاربێژى كۆنفرانسه‌كه‌ گوتى: جيهان له‌ دژى ڤايرۆسێك له‌ جه‌نگدايه‌ و نيازمان به‌ نه‌قشه‌ڕێگه‌ى مه‌نتيقى ئابووريى جه‌نگى بۆ به‌هێزكردنى چه‌كى دژ به‌و ڤايرۆسه‌ هه‌يه‌. داواى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى جيهانييش كرد، زياتر له‌ ده‌ربڕينى هه‌ستى هاوده‌ردى هه‌نگاوى كردارى هه‌ڵبگرن.‌
به‌ڕێوه‌به‌رى رێكخراوى ته‌ندروستيى جيهانى (تێدڕوس ئێدهانوم)، ئاشكراى كرد، تا ئێستا 72 ملوێن دوزى«کوواکس» به‌ 125 وڵات دراوه، كه‌ ته‌نيا به‌شى يه‌ك له‌ سه‌دى ژماره‌ى دانيشتووانى ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كات. بۆيه‌ داواى كرد هه‌موو هه‌وڵه‌كان بخرێته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى تا كۆتايى ئه‌مساڵ لانيكه‌م 30%ى خه‌ڵك بتوان واكسنى دژه‌ كرۆنا وه‌ربگرن.

Top