لە سەنتنیاڵی بزاڤی شانۆیی لە کوردستاندا
ئەرسەلان دەروێش
له‌و رۆژه‌وه كه لەلایەن لێژنەی هونەریی قوتابخانەی هەولێری یەکەم (اربیل الاولی)، ساڵی 1921 لە سەر قەڵاتەوە شانۆگەریی (سەلاحەدینی ئەیوبی) پێشکەش کرا، لەو دەمەوە مامۆستا (فوئاد ره‌شید به‌كر) له‌سه‌ر سه‌كۆی ماڵێكی (به‌هێ خانی) ژنی (شێخ مه‌حمود)ی نه‌مر كه قوتابخانه‌ی (ئه‌وه‌ڵ)ی تیا دامه‌زرا بوو، یه‌كه‌مین شانۆگه‌ریی هونه‌ریی لە شاری سلێمانی به‌ناونیشانی (عیلم و جه‌هل) له‌ساڵی 1926دا نمایش كرد، لە چاپ و بڵاوکردنەوەی یەکەمین تێکستی شانۆنامەی کوردی بە ناونیشانی (مەمێ ئالان) لە گۆڤاری (ژین) لەشاری (ئەستەمبوڵ) لەلایەن (عەبدولڕەحیم رەحمی هەکاری )یەوە ساڵی 1919، تا بە ئه‌مڕۆ ده‌گات، وا سەدەیەکی تەواو به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردیدا تێدەپەڕێت، له‌م 100 ساڵەدا (هونه‌ری شانۆ) وردەوردە ئاشنایه‌تی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ته‌واوی شاره‌كانی كوردستاندا به‌ستووه، ته‌نانه‌ت له شارۆچكه و هه‌ندێك له گونده‌كانیشدا بایه‌خی وه‌رگرتووه. چه‌ندین نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و ره‌خنه‌گر و لێکۆڵەر و ...هتد تیادا هه‌ڵكه‌وتووه، وێڕای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه و تیپ و به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی شانۆ و بەشی شانۆ لە كۆلێژ و په‌یمانگەی هونه‌ره‌جوانه‌كان، كه ئه‌م هونه‌ره‌یان له‌ئامێز گرتووه. سەرباری سازدانی چەندین فیستیڤاڵی لۆکا‌ڵی و نێودەوڵەتی لە شارەکانی کوردستاندا، پێش نیو سەدە لە شاری سلێمانی (پایتەختی رۆشنبیریی) بۆ یەکەمین جار خەڵاتێکی ساڵانەی زێرین لەلایەن نووسەر و هونەرمەند و پارێزەری ناسراو مامۆستا (تەها بابان) بۆ ئەکتەری کورد داهێنرا، بەناوی (خەڵاتی بابان) کە بەرۆکی چەندین هونەرمەندی کوردی پێ رازایەوە. له نێو بڵاوكراوه كوردییه‌كانیشدا له رۆژنامه و گۆڤاره ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا و له میانه‌ی ده‌یان تێكست و كتێبی شانۆیی وه‌رگێڕدراو و كوردیدا، بەردەوام ئەم هونەرە بره‌وی پێ دراوه .
ساڵانێک (شانۆ) له ژیانماندا دره‌وشاوه و كارا بووه، ساڵانێكیش ره‌وته‌كه‌ی ئه‌وتۆ نه‌بووه و په‌راوێز خراوه، وه‌لێ زۆر جاریش هه‌ستمان كردووه ئه‌م (هونه‌ره خوازراوه) راگوزەر نییه‌و ره‌گ و ڕیشه‌ی له نێو فه‌رهه‌نگ و كولتوورماندا رۆچووه و، هەر وه‌ك شیعر و مۆزیكی كوردی ره‌سه‌نایه‌تیی په‌یدا كردووه.
ره‌نگه ماوه‌ی سەدەیەک ماوه‌یه‌كی ئەوتۆ نه‌بێت له‌ئاست مێژووی دوور و درێژی شارستانیی مرۆیی‌دا، ته‌نانه‌ت به‌راوورد له‌ته‌ك ته‌مه‌نی ئه‌م هونه‌ره خۆیدا، كه به‌راییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بۆ بیست و پێنج سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش گه‌ر له دیدی ئه‌و وه‌رچه‌رخان و په‌ره‌سه‌ندنه مه‌زنانه‌وه لێی بڕوانین، كه قۆناغەکانی شۆڕشی پیشه‌سازیی زانستی و گه‌یاندن و پەیوەندییە گلۆباڵییەکانی تیدا هاتۆته دی، ئه‌وا ماوه‌كه وا كورت و بێ بایه‌خ نییه، به‌تایبه‌تی كه له نێوان دوو هه‌زاره‌دا و به رۆژگاری شۆڕش و ئه‌زموونه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی حكومه‌ت و خودموختارییه‌كانی كورددا ره‌ت بووه، هه‌ر له‌سه‌رده‌می حكومڕانیی شێخی نه‌مره‌وه تا به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ده‌گات.
بۆیه پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه، له‌م ماوه‌یه‌دا (شانۆی كوردی) به‌كوێ گه‌یشتووه و چ رۆڵێكی له ژیانماندا گێڕاوه و ده‌گێڕێت؟
ره‌نگه زانیارییه‌كی تازه نه‌بێت گه‌ر بڵێین، شانۆكه‌مان به‌رده‌وام له‌ژێر كاریگه‌ریی و له نێو پرۆسه‌ی لاساییكردنه‌وه‌ی شانۆی گه‌لانی دیکەدا بووه، هه‌ر له شانۆی رۆژئاواییه‌وه تا به شانۆی عه‌ره‌بی ده‌گات. دیاره ئه‌م پرۆسێسه له دیدی زۆر له شانۆكارانمانه‌وه دیارده‌یه‌كی نۆرماڵه و نه‌بووه‌ته جێگای گازه‌نده‌یه‌كی زۆر، چونكه هێشتا له قۆناغی وه‌رگرتن و بینینه‌وه و سه‌رسامیداین، له ئاست هونه‌رێكی وا نوێ له ژیانماندا كه په‌ره‌سه‌ندنی پابه‌نده به راده‌ی پێشكه‌وتنی ژیاریی گه‌لانه‌وه و، زەمینە و كلیل و كه‌ره‌سته‌كانی له به‌رده‌ستی ئێمه‌دا فه‌راهه‌م نییه.
ره‌نگه كێشه‌كه هه‌ر له‌وێدا بێت، كه هێشتا له‌م قۆناغه‌دا چه‌قیوین و هه‌ر وه‌رگرین و هه‌وڵی دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌خششه‌كانی ئه‌وانی دی ده‌ده‌ین، به راده‌یه‌ك کە له زۆربه‌ی کاتەکاندا نه‌مانتوانیوه به هۆشیارییه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌وه ره‌هه‌نده مێژوویی و هونه‌رییه‌كانی ئه‌و رێباز و ته‌وژمانه راڤه بكه‌ین و، ئاستی كاریگه‌ریان بۆسه‌ر واقیعی ژیانمان بنرخێنین.
ئاشكرایه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌پێی بونیادی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی ئامرازه‌كانی ده‌ربڕینی هونه‌ریی سه‌باره‌ت به پرس و قه‌یرانه‌كانی دێنێته ئاراوه، شانۆ له رۆژئاوادا به‌درێژایی مێژووی خۆی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هاوکێشەیە بووە، هه‌ر له سه‌رده‌مانی گریكه‌وه تاکو به سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریی پیشه‌سازی و ده‌رهاویشته ده‌روونی و ئه‌نتۆلۆژییه‌كانی ده‌گات، كه پرسی ته‌ریكی و نامۆبوونی مرۆڤی رۆژئاوایی به‌رجه‌سته كردووه.
ئێمه هێشتا قۆناغی كۆمه‌ڵگه‌ی كشتوكاڵی و په‌یوه‌ندیی خێڵه‌كی به‌رۆكی به‌رنه‌داوین و، له رووی فیكریی و به‌خششه هونه‌رییه‌كانمانه‌وه به قۆناغی ڕۆشنگەریی نه‌گه‌یشتوین! كه‌چی نه‌وای مشت‌ومڕ و دیالۆگی پۆست مۆدێرنه‌مان ره‌ت داوه‌تەوە!.
كورت و كرمانج ئه‌وه‌ی كاكڵه‌ی بابه‌ته‌كه‌یه، پێویسته ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی خاوه‌نی هۆشیارییه‌كی تۆکمەیە، له بەرایدا سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگەكه‌ی خۆی و دواتر به هه‌موو ئه‌وه‌ی له ده‌ورووبه‌ری و له جیهاندا دەگوزەرێت، ئاشنا بێت، پاشان ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییه بهێنێته ئه‌نجام، كه هۆشیاریی وه‌رگر كارا ده‌كات، نەخاسمە سەبارەت بەوەی کە ڕوودەدات. له ئاكامدا رۆڵی هونه‌ری شانۆ وه‌ك كایه و پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی هه‌ره كاریگه‌ر له نێو بزاڤی رووناكبیریی گشتیی كۆمه‌ڵگەدا به‌رجه‌سته بكات، ئه‌و بزاڤه رووناكبیرییه‌ی كه گه‌له‌كه‌مان له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو رێكه‌فه‌كانی ژیاندا پێویستییه‌كی گه‌وره‌ی پێی هه‌یه.
كاتی ئه‌وه هاتووه شانۆكاری كورد، پێگه‌كانی وەرگر لە نێو جه‌ماوه‌ری هونەردۆستی كوردستان دیاری بكات، خه‌سڵه‌ت و سیما و جۆره‌كانی ئه‌م جه‌ماوه‌ره له میانه‌ی ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و سیاسی و ئاینی و ئابوورییه‌وه لێك بداته‌وه، بەمەبەستی دیاریكردنی سیما و گوتاری فیكری و یستاتیكیی شانۆكه‌ی.
ئایا ده‌كرێت هەموو جه‌ماوه‌ر به‌یه‌ك ئاستی هۆشیاری و كاردانه‌وه‌ی هه‌ست و نه‌ستیان، چێژ و هەڵوێست لە شێواز و ناوه‌ڕۆكی نمایشه‌کان وه‌ربگرن؟ ئه‌دی چۆن لێكیان واڵا بكه‌ینه‌وه و چۆن ئاسته‌كانیان جیا بكه‌ینه‌وه؟ به چ پێوانه‌یه‌ك و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك: (چینایه‌تی، ئاینیی، ئایدۆلۆژیی، نه‌ته‌وه‌یی، رۆشنبیری...هتد؟)
ئایا دروسته په‌یامه‌كه‌مان له چوارچێوه‌ی رۆشنبیریی گشتی، یان رۆشنبیریی سه‌راپیگردا بۆ جه‌ماوه‌رێكی گشتی و سه‌راپاگیر پێشكه‌ش بكه‌ین؟ جه‌ختكردنه‌وه‌مان له‌سه‌ر(وه‌رگر) جه‌ختكردنه‌وه‌یه له ره‌گه‌زی سه‌ره‌كیی شانۆ و جه‌مسه‌ری یه‌كه‌می هاوكێشه‌ی سه‌رخستنی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی شانۆیی راسته‌قینه، به‌ڵام كێ وه‌رگرێكی شانۆیی چاك و هۆشیارمان پێ ده‌به‌خشێت؟، ئایا كۆمه‌ڵگە و ئاستی پێشكه‌وتنی ئه‌و جه‌ماوه‌ره دەیهێنێته كایه‌وه؟ یان هزر و پرس و قه‌یرانه‌كان؟ یانیش جیهانگه‌رایی؟ یان ئه‌وه خودی شانۆیه هۆشیاری و چه‌شه‌ی بینه‌رانی ده‌ورووژێنێت و ئه‌كتیڤی ده‌كات، به ئاراسته‌ی ژیانی خۆی و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی و ئه‌و پرسه گرنگانه‌ی رێڕه‌وی ئێستا و ئاینده‌ی پێوه به‌نده؟.
لە ئێستاشداو وێڕای هەموو کەموکووڕی و تەنگەژە و گللەییەکان و بە بۆنەی یادی تێپەڕبوونی سەدەیەک بەسەر دەرکەوتنی ئەم هونەرە لە کوردستاندا، ئێمە لە ساتەوەختێکی مێژوویداین چ وەک هەستیاریی رەوشی کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو رکێفەکانیدا،چ وەک دەرفەتێکی لەبار بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە تێپەڕیوە و چڕ کردنەوەی پوختەی ئەزموونەکە بۆ ئێستا‌و ئایندە.
سەرچاوەی مێژووییەکان:
١-(مێژووی شانۆ، لەئەدەبیاتی کوردی‌دا) د. فەرهاد پیرباڵ ساڵی 2001.
٢-( شانۆی کوردی، ئەرشیف و تێکست وئەکتەر و بینەر) یاسین قادر بەرزنجی لە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری شانۆ ساڵی 2007.