بۆ ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسێك فرۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ئاراسته‌ی گه‌شته‌كه‌ی پێ ده‌گۆڕێت بۆ بیلارووسیا

بۆ ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسێك فرۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ئاراسته‌ی گه‌شته‌كه‌ی پێ ده‌گۆڕێت بۆ بیلارووسیا


دوێنی یه‌كشه‌مه‌ فرۆكه‌یه‌كی كۆمپانیای " راین ئار" كه‌ ئاراسته‌ی گه‌شته‌كه‌ی له‌ یۆنانه‌وه‌ بۆ لیتوانیا بوو ، له‌سه‌ر ئاسمانی بیلاروسیا و به‌ گوشاری تیمێكی هه‌واڵگری بیلاروس و چاودێریكردنی له‌لایه‌ن فرۆكه‌یه‌كی میكی 29 له‌ ئاسمانه‌وه‌ ، به‌بیانووی بوونی بومبێك له‌ ناو فرۆكه‌كه‌ ناچار كرا له‌ مینسكی پایته‌ختی بیلاروسیا بنیشیته‌وه‌.
دوای نیشتنه‌وه‌ی له‌ فرۆكه‌خانه‌ی مینسك به‌ ناچاری و بردنی سه‌رنشینی فرۆكه‌كه‌ بۆ پشكنین ده‌ركه‌وت هۆكاری گۆڕینی ئاراسته‌ی گه‌شتی فرۆكه‌كه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی رۆمان برۆتاسیڤچی رۆژنامه‌نووس و ئۆپۆزسیونی حكومرانی ئه‌لیكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆی سه‌رۆكی ئێستای بیلاروسیایه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1994 ه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی رابردووش زۆرینه‌ی ره‌های ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ ساخته‌ ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی فرۆكه‌كه‌ بۆ ئاسمانی بیلاروسیا و ناچاركردنی به‌ نیشته‌وه‌ ، برۆتاسیڤیچی ئۆپۆزسیون تێگه‌یشت كه‌ گۆرینی ئاراسته‌ی ئه‌م گه‌شته‌ بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌وه‌ و ، ئه‌وجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ مانگی رابردوو حكومه‌ته‌كه‌ی لۆكاشینكۆ ناوی برۆتاسیڤچی له‌ لیستیكی تیرۆرستاندا بڵاوكردۆته‌وه‌ ، ئه‌وا وه‌ك خۆی ده‌ڵێت رووبه‌رووی حكومی له‌ سێداره‌دان ده‌بێته‌وه‌.
برۆتاسیڤچ كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌ و سه‌رنووسه‌ری تۆڕی هه‌واڵی " نكستا" یه‌ كه‌ به‌رێگه‌ی تیلگرام ڤیدۆ و هه‌واڵ دژی لۆكاشینكۆ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ ، زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن هاوبه‌شی هه‌یه‌ و رۆڵێكی كاریگه‌ری له‌ سازدانی خۆپیشاندانه‌كانی بیلاروسدا هه‌یه‌و، له‌ ساڵی 2019 ه‌وه‌ بیلاروسی به‌ جیهێشتووه‌ و چۆته‌ پۆله‌ندا، به‌ڵام له‌وێش به‌رده‌وام له‌ ژێر چاودێریدا بووه‌ و، پاشان چۆته‌ لیتوانیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئۆپۆزسیونی بیلاروسیا سفیانلانا تیسخانوسكا له‌وێ نیشته‌جێ یه‌ بۆئه‌وه‌ی بووه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵی هه‌بێت و رووماڵی كار و چالاكیه‌كانی بكات، له‌ رێگه‌ی گه‌رانه‌وه‌شی له‌ یونانه‌وه‌ بۆ لیتوانیا ، برۆتاسڤیچ چه‌ندین وێنه‌ی سفیانلانای له‌ ناو فرۆكه‌كه‌ له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكردۆته‌وه‌.
جیگه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ ، ده‌ستگیركردنی ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ له‌لایه‌ن بیلاروسیا و به‌فه‌رمانی راسته‌وخۆی لۆكاشینكۆ ، كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ ناوه‌نده‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌كان دروستكردووه‌ و ده‌بێته‌ فاكته‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتی ئه‌ورپا گه‌مارۆی زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر بیلاروسیا

Top