گاردیانی بەریتانی: تەقینەوەكەی ئێران لە كارگەیەكی بەرهەمهێنانی درۆن كەوتووەتەوە

گاردیانی بەریتانی: تەقینەوەكەی ئێران لە كارگەیەكی بەرهەمهێنانی درۆن كەوتووەتەوە

 

تا ئێستا ئێران بە فەرمی هیچ زانیارییەكی سەبارەت بە تەقینەوەكەی كارگەیەك لەنێو كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون لە ئەسفەهان بڵاونەكردۆتەوە، كە بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەك كرێكار.

دوێنێش ( یەك شەممە) میدیاكانی ئێران ڕایانگەیاندبوو كە بە لایەنی كەم (9) كەس لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە برینداربوونە، كە دواتر ئاگرێكی گەورە لە كارگەی كیمیاوی و یارییە ئاگریینەكان كەوتەوە لە هەرێمی ئەسفەهانی ناوەڕاستی ئێران.

ئاژانسی  فەرمیی میهر بۆ دەنگوباس لە زاری عەباس عەبدی وتەبێژی فریاگوزاریی پزیشكی لە ئەسفەهان بڵاوی كردەوە كە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری تەقینەوەكەی كارگەی(سیباهان نار گوستار) بۆ پیشەسازییە كیمیاوییەكان تا ئێستا بەردەوامە، لە ئەنجامیشدا نۆ كەسیش بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.

لەلای خۆشیەوە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژەی بەوە دا كە تەقینەوەیەكی گەورە لە كۆمەڵگەیەك ڕووی داوە كارگەیەكی بەرهەمهێنانی درۆن لەخۆ دەگرێت.  ئەو ڕۆژنامەیە دەڵێت: كۆمپانیای دروستكردنی فڕۆكەی جۆری(هیسا Hesa) كە كۆمەڵێكی هەمەجۆری فڕۆكەی درۆن بەرهەم دەهێنێت لە نێو ئەو كۆمەڵگایەدا هەیە، كە خاوەنەكەی كۆمپانای(سیباهان نار گوستار)ە تایبەت بە پیشەسازییە كیمیاوییەكان.

شایانی باسە ئەم تەقینەوەیەش دوای چەند ڕۆژێك ڕووی داوە كە ئیسڕائیل ڕایگەیاندبوو ئێران چەندین فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی  داوەتە  بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە.

 

گوڵان – بەهادین جەلال

 

 

Top