سبه‌ی به‌ دروشمي " كێ كوشتمی " خۆپیشاندانه‌كانی تشرین له‌ به‌غداو شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق تازه‌ ده‌كرێته‌وه‌‌

سبه‌ی به‌ دروشمي


چالاكوانانی خۆپیشاندانه‌كانی تشرینی 2019 جارێكی دیكه‌ ئاماده‌باشی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی سێ شه‌مه‌ به‌ دروشمی كێ ده‌مكوژیت " من قتلنی" خۆپیشاندانی ملێۆنی له‌ به‌غدا و شاره‌كانی عێراق ساز بكه‌ن، وه‌ك چالاكوانانی رێكخه‌ری ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و میدیاكان باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌م دروشمه‌ " كێ ده‌مكوژێت" ، پرسیاری جه‌ماوه‌ری عێراقه‌ و ده‌یانه‌وێت گوشارێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كداره‌ له‌ یاسا ده‌رچووانه‌ ئاشكرا بكات و به‌سزای خۆیان بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا حكومه‌ت له‌پرسی ئاشكراكردنی ئه‌و بكوژ و تاوانبارانه‌ خه‌مسارد بووه‌ ، ئه‌وا سبه‌ی كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ شه‌قامه‌كانی عێراق ده‌بینرێت.
بۆ پشتگیری كردن له‌ خواستی شه‌قام و وه‌ك گوشار خستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق ، هه‌ردوو فراكسیۆنی حیكمه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حه‌كیم و نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، پشتگیری خۆیان بۆ داوای خۆپیشانده‌ران پیشانداوه‌ و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان داوا كه‌ له‌رێگه‌ی فراكسیۆنه‌كانیه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ، داوا بكه‌ن كه‌ به‌پرسانی ئاسایش و هه‌واڵگری عێراق بانگهێشتی په‌رله‌مان بكرێن و لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت بۆچی ناتوانن ئه‌و بكوژانه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن و به‌سزای عادیلانه‌ی خۆیان بگه‌یه‌نن.
سه‌باره‌ت به‌م لایه‌نه‌ ، به‌پرسه‌ باڵا و پله‌ یه‌كه‌كانی عێراق له‌ هه‌ردوو ده‌زگای ئه‌منی و هه‌واڵگری و به‌و مه‌رجه‌ی ناویان ئاشكرا نه‌كرێت به‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی عێراقیان راگه‌یاندووه‌ ، كه‌ هه‌ردوو ده‌زگای ئه‌منی و هه‌واڵگری عێراق زۆر باش ناسنامه‌ و شوێنی ئه‌و بكوژانه‌ ده‌زانن ، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند پارتێكی سیاسیی " شیعه‌" ده‌یانپارێزن و رێگه‌ ناده‌ن كه‌ ده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌ستگیریان بكه‌ن.
ئه‌م باردۆخه‌ ناسه‌قامگیر و ئاڵۆزه‌ی عێراق كه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ و له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان خراپتر ده‌بێت ، ئاماژه‌ن‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی ئه‌منی و هه‌واڵگری عێراق له‌ ئاستی به‌شێك له‌ هێزه‌ شیعه‌كان ده‌سته‌وه‌ستان و ئه‌وان هه‌ژموون و باڵاده‌ستیان زۆر له‌ حكومه‌تی عێراق زیاتره‌ و ، وه‌ك چاودێرانی باردۆخه‌كه‌ش به‌رده‌وام هۆشیاری ده‌ده‌ن ، باردۆخی ئه‌منی له‌ عێراقدا به‌ره‌و حاڵه‌تی له‌به‌ریكهه‌ڵوه‌شان ده‌چێت و پرۆسه‌ی سیاسی عێراقیش تادێت له‌ هه‌ڵدێر نزیكتر ده‌بێته‌وه‌.

Top