ساڵڕۆژی دامه‌زراندنى یه‌که‌مین کابینه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له 4ى ته‌ممووزى 1992دا، ڕۆژێکی مێژوویی پرشنگداره له مێژووی کوردستاندا، به‌م بۆنه‌وه سڵاو و دروود بۆ گیانى پاکى شه‌هیدان ده‌نێرین؛ که به خوێن و تێکۆشانى خۆیان؛ ئازادى و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیان هێنایه کایه‌وه. هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ین و چاومان له پێشخستنی زۆر زیاتری کوردستان و باشکردنی زیاترى گوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستانه؛ به به‌رنامه و نه‌خشه‌کانمان بۆ ئاینده. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که به پێی پرۆسه‌یه‌کی دیموکراسیانه بۆ به‌ڕێوبردن و ده‌سه‌ڵاتدارێتی دامه‌زراوه، له سه‌ر بنه‌مای پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ، چه‌سپاندنی یاسا، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و خزمه‌تکردنی هاووڵاتیان و دابینکردنى خۆشگوزه‌رانى؛ کار ده‌کات. له‌م بۆنه‌یه‌دا به چاوی ڕێزه‌وه له هه‌وڵ و کاری هه‌موو کابینه‌کانی ڕابردووى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڕوانین، ئێستاش له سه‌ر چه‌سپاندنی زیاترى ده‌زگاکانی حکوومه‌ت له سه‌ر بنه‌مایه‌کی ته‌واو نیشتیمانی و به‌دامه‌زراوه‌ییکردنی هه‌موو ده‌زگا و کاروباره‌کان؛ خزمه‌تکردن و پێشکه‌شکردنی ئاسانکاریی زیاتر به هاووڵاتیان له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، کار ده‌که‌ین. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامین له هێنانه‌کایه‌ی شه‌فافیه‌تی زیاتر و چاکسازیی زیاتر له هه‌رێمی کوردستاندا. هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دووپاتى ده‌کاته‌وه که به ده‌ستووری عێراقه‌وه پابه‌نده و سوود له‌و مافانه وه‌رده‌گرێت که له‌و ده‌ستووردا پێی دراون. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا جه‌ختى زیاتر له سه‌ر جێبه‌جێکردنی ده‌ستوور و چاره‌سه‌رکردنی هه‌موو ته‌نگژه‌کان له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و ڕێزگرتن له یاساکان له ناوخۆی عێراقدا و پاراستنی ڕێککه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و په‌یماننامه جیهانییه‌کان له په‌یوه‌ندییه‌کانیدا، ده‌که‌ینه‌وه. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ولێر - 4ى ته‌ممووزى 2012