جەبار یاوەر: هێزی پێشمەرگە دەتوانێ هێلیکۆپتەری هەبێ

جەبار یاوەر: هێزی پێشمەرگە دەتوانێ هێلیکۆپتەری هەبێ
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وێڕای رەت کردنەوەی دەنگۆی کڕینی فڕۆکەی سەربازی، رایگەیاند \"هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەتوانێ کۆپتەری تایبەت بە خۆی هەبێ\"".

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت به دەنگۆی کڕینی 24 فڕۆکەی جۆری ئاپاچی لە ئەمریکاوە به (رووداو)ی راگەیاند \""ئەو قسانە هەمووی پروپاگەندەیە و خەڵکانێک دەیانەوێ ئەو دۆخەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە. وەزارەتی پێشمەرگە هیچ جۆرە گرێبەستێکی کڕینی چەک و ئامێری سەربازی لەگەڵ هیچ کۆمپانیا و حکومەتێک نییە و ئەگەر لە داهاتوودا بیهەوێ چەک بکڕێت حکومەتی عێراقی لێ ئاگادار دەکاتەوە و بە رەزامەندی بەغدا گرێبەستی سەربازی لەگەڵ وڵاتان واژۆ دەکات\"".

جەبار یاوەر گوتیشی \""ئێمە نەک کۆپتەری ئاپاچیمان نەكڕیوە بەڵكو تاکە یەک فیشەکی موختارکوژ (فیشەکی تایبەت به راهێنان)یشمان لە دەرەوە نەکڕیوە و تەنانەت تا ئێستاش جلوبەرگی سەربازی هێزەکانمان لە ناوخۆ دابین کردووە\"".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت به مافی هەولێر بۆ کڕینی کۆپتەری سەربازی رایگەیاند \""هەموو هێزێکی چەکدار لە دنیادا بۆ جێ بەجێ کردنی ئەرکەکەی پێویستی به چەکە. ئێمە بۆ ئەو مەبەستە لە 2007 یادداشتێکی لێک تێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق واژۆ کرد کە لە 8 خاڵدا پێک هاتووە. بەپێی ئەو یاداشتە جۆری چەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمان میلاکی لیواکانی پیادەی سوپای حکومەتی فیدراڵی عێراقه کە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سوکییان هەیە\"".

جەبار یاوەر راشیگەیاند \""بەپێی ئەو یاداشتە ئێمە دەتوانین بۆ گواستنەوەی نەخۆش و بریندارەکانی هێزی پێشمەرگە کۆپتەرمان هەبێ بەڵام ئەو مافەمان نییە کۆپتەر بە مەبەستی سەربازی و هێزی ئاسمانی بەکار بێنین چون لە هەموو دنیا ئەوە مافی حکومەتی فیدڕالییە\"".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی \""ئێمە پێش پڕۆسەی رزگاری عێراق چەکی خۆمان هەبووە و دوای 2003 هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای عێراقی هەندێک چەک و تەقەمەنیان دەست کەوت کە تا ئێستاش هەرێمی کوردستانی پێ دەپارێزرێت و بەو چەکانە شەڕی دژە تیرۆر دەکرێ و یارمەتی سوپای نوێی عێراقی پێ دەدرێت، کەچی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی دەست تیرۆریستان کەوتن و تا ئێستاش خەڵکی پێ دەکوژرێت\"".

ماوەیەکە راگەیاندنە ناوچەییەکان دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانی بۆ واشنگتن گرێبەستی کڕینی 24 کۆپتەری سەربازی جۆری کۆبرای لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ کردووە."
Top