هەفتەی داهاتوو لیستی برایەتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەگڕێتەوە

هەفتەی داهاتوو لیستی برایەتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەگڕێتەوە
پارێزگاری نەینەوا ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، بڕیارە دووشەمی داهاتوو ئەندامانی لیستی برایەتیی نەینەوا بگەڕێنەوە ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا.

ئەسیل نوجێفی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە تەلاری پارێزگەی نەینەوا گوتی، دوای سێ ساڵ لە ناكۆكی لەگەڵ لیستی حەدبا، دووشەمی داهاتوو ئەندامانی لیستی برایەتیی نەینەوا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەگەڕێنەوە.

زیاتر گوتی، وتوێژی راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئێمەی گەیاندە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو لیستی حەدبا و برایەتی و ئاماژەی كرد، ساڵانی رابردوو وتوێژی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە چاودێریی ناوەخۆیی و دەرەكی بەخۆوە بینی، بەڵام بەو هۆیەی ناوبژیوانان هەوڵی سەپاندنی ئەجیندای خۆیان دەدا، بۆیە وتوێژەكان سەركەوتوو نەبوون.

نوجێفی روونی كردەوە، قۆناغی داهاتوو لە ئەنجامی پێوەندی پتەو لە نێوان پارێزگەی نەینەوا و هەرێمی كوردستان، دروستبوونی دۆخێكی نوێی بۆ ناوچەكە بەخۆوە دەبینێ.
Top