62 ساڵە ڕێزدار کاک مسعود بارزانی پێشمەرگەیە

62 ساڵە ڕێزدار کاک مسعود بارزانی پێشمەرگەیە

مستەفا بارزانـیی
نەمر کەسایەتییەکی ئەزمووندیدەو دووربین و نیشتمانپەروەرێکی خاوەن کاریزما بوو لەو سەردەمەدا، تازە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا ببوو، کەسانی نزیکی بەڕێزیان زۆر بابەتی گرینـگی ژیانیان لێ ڕەچاو دەکرد، خۆیان پێ بەھێز دەکرد و ئەو کەسانە زۆر بە دڵسۆزی و چالاکی و وریایـی کارەکانیان ئەنجام دەدا.

كاک (مسعود بارزانیش) لە تەمەنی لاوێتیدا و لە نزیـکی ڕێزداری باوکی بوو، زۆر لە نزیکەوە ئاگاداری ھێزی بەباوڕ و فیداکاری ڕێگای ئازادیی کوردستان، پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان بوو، لەگەڵ ئەوەی تیکەڵاوی کاری ڕۆژانەی پێشمەرگە دلێرەکان دەبوو و زۆر جاریش بە سەرسوڕمان لە شەھید بوون ڕزگاری دەبوو

جارێکیان فڕۆکەکانی ڕژێم بۆ بۆردومان لە ئاسمانی بارزان دەسوڕێنەوە کاک مەسعودی لاو ھەندێک لە پێداویستییەکانی لە جانتایەکی بچووکدا لە ژێر چادرەکەیان بەجێ دەمـێنێت و بە ڕاکردن دەچێت بۆ ئەوەی جانتاکەی لەگەڵ خویـدا ببات، جانتاکەی ھەڵدەگرێت و بە خێرای بۆ لای بارزانیی نەمر دەچـێت، ھەردوای چەند ھەنگاوێک دوورکەوتنەوەی کاک مەسعودی لاو لە چادرەکەی کە جانتاکەی لێ ھێنابووەوە ئەو چادرە دەکەوێتە بەر ھێرشی فڕۆکــەکان مووشــەکێک بە ھەمان چـادر دەکەوێت، کە کاک مەسعودبارزانی پێش کەمێک لە ناوی بوو !!!

ھەر ئەم لاوە بەڕێز و دڵگەرم چاونەترسە لە زۆر شوێنی کوردستان دەگەڕا و ڕووبەڕووی سەختییەکان و ھێرشی ئاسمانی و تۆپباران دەبوونەوە، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا ڕۆژ بەڕۆژ خواستی بە فەرمی بوون بە پێشمەرگە لەلای ئەو زیاتر دەبوو، وەبە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی دەدا لە ڕیزەکانی پێشمەرگە بەفەرمی وەربگیرێت و بارزانیی باوک ڕێگای بدات،

چونکە لەبەر تەمەن بچووکی کاک مەسعود، بارزانیی نەمر ڕێگای پێ نەدەدا بە فەرمی لە ڕیزی پێشمەرگە وەربگیرێت

ئەوە بوو لە 20-5-1962 سەرۆک بارزانی دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر بڕیار دەدات کە ڕێزدار کاک مەسعود بارزانی بە فەرمی بکات بە پێشمەرگە و بانگی کاک مەسعود دەکات و پێی دەڵێت، ڕەزامەند دەبم ببیت بە پێشمەرگە بە مەرجێک ،ھەموو ئەو ئەرکانەی ھەر پێشمەرگەیەک ئەنجامی دەدات تۆش پێویستە ئەنجامی بدەیت و نابێت وا ھەڵسوکەوت بکەی کە تۆ کوڕی بارزانیت و تەنھا ئەمر بکەیت و پێشمەرگەکانی دیکە خزمەتت بکەن، دەبێت ھەموو ئەو کارانە بە باشی ئەنجام بدەی کە پێشمەرگە دەیکەن و بەرپرست بۆ دادەنێم و ھەر فەرمانێکی پێت کرد، دەبێت فەرمانەکەی بە ڕێزەوە جێبەجێ بکەی.

دوای ئەوەی کاک مەسعودی لاو ھەموو مەرجەکانی بارزانی بە خۆشحاڵییەوە پەسەند دەکات، بارزانی ڕەزامەند دەبێت و کاک مەسعود بارزانی .دەبێتە پێشمەرگە

بارزانیی نەمر نووسراوێکی پێ دەدات بۆ ئەوەی بڕنەوێکی پێ بدەن وەفەرماندەیەکی بۆ دیاری دەکات بەناو (حاچک ) بەڕێز حاچک کاک مەسعود بارزانی تێکەڵاوی پێشمەرگەکانی دەکات.

کاک مەسعودیش دەبێتە پێشمەرگە و نۆبەتی پاسەوانیی خۆی وەکو ھەر پێشمەرگەیەک و بە زیادیشەوە دەگرێت.

کاک مەسعودی لاو و پێشمەرگە و دڵخۆش و ھەڵگری بڕنەوو، لە ژێر فەرمانی ڕێزدار (حاچیک )کە بەرپرس و فەرماندەی ڕاستەوخۆی (کاک مەسعود بارزانی) و نزیک لە سەرکردایەتیی شۆڕش دەبێت،

ئیتر کاک مەسعودی لاو لە بارزان تا باڵەکایەتی و دەڤەری سۆران لە تێکۆشان دبێت، بۆ ڕزگارکردنی گەل و خاکی کوردستان و ماوەیەکی زۆریش لە سنووری ڕانیە و وقەڵادزێ دەبن.

لە کاتی نوێنەرایەتیم لە فەرەنسا ڕۆژنامەوانێکم ناسی بە ناوی (فرانسۆ لۆڤا) ئەم بەڕێزە لە ساڵانی 62-63 لە ڕێگای سوریاوە بە ھاوکاریی ڕێکخستنەکانی پارتیمان دەگاتە کوردستان و دەگەیەندرێتە سنووری ڕانیە و قەڵادزێ ، لەوێ دەگاتە ڕێزدار ســەرۆک بارزانی .

ڕۆژێکیان ئەم بەڕێزە لە پاریس ئێمەی بانگهێشتی ماڵی خۆی کرد، ئەرشیفی وێنەکانی خۆی نیشانم دا کاتێ لە ساڵی 62-63 لە کوردستان بە خزمەتی (جەنابی بارزانی )گەیشتبوو،

زۆر وێنەی گرتبوو، دووان لە وێنەکانی یەکێکیان ھی بارزانیی نەمر و ئەوەی دیکەیان ھی کاک مەسعود بارزانی بوو و، پێشتر ھیچ یەکێک لەو وێنانەم نەبینی بوو، ھەردوو وێنەکەم لێی وەرگرت، ئەوەی جەنابی (بارزانیی نەمر) کە تەراش دەکات و چەقۆکەی بە قایش تیژ دەکات، وە ئەو وێنەیەی کە ڕێزدار کاک مەسعودبارزانی لەتەمەنی لاوێتیدایەو تفەنگێکی بڕنەوی لەشانە.
ئەو دوو وێنەیەم لە بەڕێز (فرانسوا لۆڤام) وەرگرتوو ھێنام بۆ کوردستان و بۆ یەکەم جار لە کوردستان بڵاو کرانەوە، لەو وێنەیە دەبینی کە ڕێزدار کاك مەسعود بارزانی لە چ تەمەنێکدایە.

ئیتر پێشمەرگەی لاو لە شاخ و کێو و ھەوراز و بەروار و نشێو و دەشت دەبڕێت، شەوە تاریکەکان و ڕۆژە سەختەکان و ھێرشی سوپا و بەکرێگیراوەکان و تۆپباران و بۆردومانی فڕۆکەکان و پەڕینەوەی ئاوە ساردەکان لە بەر باران و بەفر و زریان و دانوستاندن و ڕێککەوتن و کۆڕ لە شارەکانی کوردستان و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانەکان و سەردانی ھەندەران و سەرکەوتن و نسکۆ ھەموو ئەم زاتە پاک و ڕاستگۆ و باوەڕ بە خوا و بە خۆ و بە پرسی کورد و کوردستان و بەسەرکەوتن و نزیکبوونی لە سەرکردەی سەربەرز (بارزانی مستەفا)، ھەموو ئەمانە ئەو زاتە پاک و دڵگەرمەی بە باشی ئامادەکرد، کە ئەمڕۆ ھەم پشمەرگە و ھەم سەرۆکە،کەئێستا بووەتە جێگای ئومێدی دڵسۆزانی گەلی کورد و کوردستان و دۆست و نەیاریش حسابی تەواوی بۆ دەکەن، وە بۆ ڕزگارکردنی گەل و خاکی کوردستان کار دەکات و باوەڕی تەواوی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دادپەروەری ھەیە.

جەنابی سەرۆک و پێشمەرگە کاک مەسعود بارزانی.. کاروانی مێژوویی خەباتی پڕ سەروەریتان لە جەنابتان و لە هەموومان پیرۆز بێت.. ئەم کاروانی خەباتەی جەنابتان چەندان لاپەڕەی پرشنگداری خستە سەر لاپەڕەکانی مێژووی قوربانیدان و بەخشش و تێکۆشانی کورد و کوردستان...

دکتۆرکەمال کەرکووکی بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢٣-٥-٢٠٢٤

Top