دانیشتنه‌كانی دادگا له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی تایبه‌ت به‌كورد ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

دانیشتنه‌كانی دادگا له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی تایبه‌ت به‌كورد ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی دۆسیه‌كانی تایبه‌ت به‌ كورد، دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق له‌ڕێگای ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌ست به‌دانیشتنه‌كانی ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.
مافپه‌روه‌ر موحسین شێروانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دۆسیه‌كان له‌وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای بڕیاری داخستنی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق، به‌ڵام ئێمه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌هاوكاری نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غداو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌مه‌به‌ستی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كانی تایبه‌ت به‌كورد له‌دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق، بڕیاریدا به‌كردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌ت به‌دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری فیدراڵه‌و له‌چه‌ند رۆژی رابردوو دادوه‌رو ستافی بۆ دیاریكراو ده‌ست به‌دانیشتنه‌كانی خۆی ده‌كاته‌وه‌.
وتیشی: ئێمه‌ له‌وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفلكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جارێكی تر ده‌ستمانكردووه‌ به‌پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌و دۆسیانه‌ی له‌قۆناغی لێكۆڵێنه‌وه‌دان و ئاماده‌كردنی ده‌سته‌ی پارێزه‌ران بۆیان، بۆ ئه‌مه‌ش ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستانمان وه‌رگرتووه‌و بڕیاره‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدانی هه‌رێم سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری فیدراڵ بكات له‌به‌غدا تا ده‌ست به‌دانیشتنه‌كانی دادگا له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی تایبه‌ت به‌كورد بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن: (دۆسیه‌ی ئه‌نفالی دوو، بۆردومانی قه‌ڵادزێ، راگواستنی سه‌یدسادق، قه‌تلوعامی سوریا له‌ دهۆك، بۆردۆمانكردنی ئۆردوگای زێوه‌، ته‌واوكردنی دۆسیه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌) كه‌ به‌هۆی ده‌ستگیرنه‌كردنیان چه‌ند تاوانبارێك دادگایی نه‌كراون.

دوای رووخانی رژێمی به‌عس و دامه‌زراندنی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق، ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ له‌سه‌ر تاوانه‌كانی ئه‌و رژێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی عیراق یه‌كلاییكرایه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی تایبه‌تبوون به‌كورد (كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و كوردانی فه‌یلی و راپه‌ڕین و كانی عاقانی هه‌ڵه‌بجه‌و پاكتاوی نه‌ژادی) بوون.
Top