سێشەممەی داهاتوو كابینەی حەوتەم ڕادەگەیەندرێت

 سێشەممەی داهاتوو كابینەی حەوتەم ڕادەگەیەندرێت

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند كە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، سەرۆك و جێگر و وەزیرەكانی كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی متمانە و سوێندخواردن ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان دەبن.

هەر بە پێی زانیارییەكانی ئەم سەرچاوەیە، سبەی پێجشەممە كاندیدی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەردەم پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەكار دەبێت.

بڕیارە بەر لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان لەسەر كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی ڕاپسپێردراوی حكوومەت (نێچیرڤان بارزانی) و جێگرەكەی (عیماد ئەحمەد) لەگەڵ فڕاكسیۆنی كوردستانیدا كە زۆرینەیە لە پەرلەمان كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی سەرنجی لیستی كوردستانی لەسەر وەزیر و كارنامەی حكوومەت بەر لە چوونە نێو پەرلەمان، وەربگرن.

ڕۆژی 7ـی ئەم مانگە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، (نێچیرڤان بارزانی) و (عیماد ئەحمەد)ـی بە شێوەیەكی فەرمی بۆ پێكهێنانی كابینەی حەوتەمی هەرێمی كوردستان ڕاسپارد و بە گوێرەی ڕێكارە یاساییەكانیش لە ماوەی مانگێكدا دەبێت ئەو حكوومەتە پێك بهێنرێت.

ئەگەرچی ماوەی چەند ڕۆژێك بۆ ڕاگەیاندنی كابینەی حەوتەم ماوە، لێ تاوەكوو ئێستایش پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پرسی وەزیرەكانی خۆیان لە كابینەی حەوتەم یەكلا نەكردووەتەوە.

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی (كاكەمین نەجاڕ) بە “هەولێر”ـی گوت كە تا ئێستا پارتی بە شێوەیەكی كۆتایی وەزیرەكانی خۆی بۆ كابینەی حەوتەم یەكلا نەكردووەتەوە. ئەو گوتی: “ئینشائەڵڵا لە سێ تا چوار ڕۆژی داهاتوودا وەزیرەكان دەستنیشان دەكرێن.”

سەبارەت بە یەكێتییش، بە پێی لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی حزبەكە (ئازاد جوندیانی) یەكێتی بڕیاری داوە كە گۆڕانكاری لە وەزیرەكانی خۆی لە كابینەی نوێدا بكات.

(جوندیانی) بە “هەولێر”ـی گوت: “تا ئێستا بە تەواوەتی لەسەر پرسی وەزیرەكان یەكلا نەبووینەتەوە و چاوەڕێی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك و جێگری ڕاسپێردراوی كابینەی حەوتەم دەكەین.”
Top