ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارێزگاى هه‌ولێرى (پ.د.ك) له‌ یادى كۆچى دوایى بارزانى نه‌مر به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارێزگاى هه‌ولێرى (پ.د.ك) له‌ یادى كۆچى دوایى بارزانى نه‌مر به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
ئه‌مرۆ (33) ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر كۆچى دوایى رێبه‌رى بزاڤى رزگارى خوازى نه‌ته‌وه‌یى گه‌لى كورد بارزانى نه‌مر ، ئامانج له‌ یادكردنه‌وه‌ى باوكى رووحى نه‌ته‌وه‌یمان (مسته‌فا بارزانى ) ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ بۆ ئه‌و تێكۆشان و خه‌باته‌ پڕ به‌خششه‌ى كه‌ بارزانى رۆڵى سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى تیا بینیوه‌ ، به‌ڵكو دووباره‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ى ئه‌و سه‌ركرده‌ كاریزمایه‌یه‌ كه‌ له‌ رێبه‌رى كردنى گه‌وره‌ترین شۆرشى بزاڤى رزگارى خوازى گه‌لى كوردا رۆڵى كاراو به‌رهه‌مدارى گێڕاوه‌ ، به‌و سیفات و ڕه‌فتاره‌ جیاكارییانه‌ى كه‌ له‌ كه‌سایه‌تى و سه‌ركردایه‌تى كردنى شۆرش هه‌ى بووه‌ .

بارزانى نه‌مر توانى له‌ ژیان و خه‌باتیدا ببێته‌ رابه‌ر و ناسنامه‌ و سونبولى نه‌ته‌وه‌ییمان كه‌ تاژیان به‌رده‌وام بێت نه‌وه‌ دواى نه‌وه‌ شانازى به‌و سه‌ركرده‌و و رێبه‌ره‌ ئازادیخوازه‌ ده‌كات ، كه‌ رۆژگارێك بارزانى ڕووبه‌رووى دوژمنانى گه‌لى كورد وه‌ستایه‌وه‌ و شۆرشى به‌رپا كرد كه‌ ئه‌و سه‌رده‌م و له‌و كاته‌یا كه‌سێك نه‌ى ده‌توانى باسى ناسنامه‌ى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یى خۆى بكات .

(بارزانى نه‌مر ) ژیان و ته‌مه‌نى خۆى له‌ پێناو گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ى به‌خت كرد هه‌وه‌ك له‌ ووته‌یه‌كدا ده‌ڵێ ( تا دواین قه‌تره‌ خوێن به‌رگرى له‌ میلله‌ته‌كه‌م ده‌كه‌م ) له‌م یاده‌دا با ریزه‌كانى ناوخۆیى گه‌لى كوردستان یه‌كخه‌ینه‌وه‌ له‌ پێناو به‌دى هێنانى ئاوات و ئامانجه‌كانى گه‌له‌كه‌مان كه‌ بارزانى ته‌واوى ژیانى خۆى بۆكرده‌ قوربانى ، هه‌روه‌ك ده‌سكه‌وته‌كانى ئه‌مرۆ به‌رى ره‌نج و خه‌باتى بێ ووچانى بارزانى نه‌مرو شه‌هیدانى كوردستانه‌ .

هه‌زاران هه‌زار سڵاو بۆ گیانى پاكى باوكى رووحى نه‌ته‌وه‌ییمان بارزانى نه‌مر و كاكه‌ ئیدریسى هه‌میشه‌ زیندوو .

ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارێزگاى هه‌ولێرى
پارتى دیموكراتى كوردستان
Top