بەغدا ناتوانێ بۆ گرتنی هاشمی هێز بنێرێتە هەرێمی كوردستان

بەغدا ناتوانێ بۆ گرتنی هاشمی هێز بنێرێتە هەرێمی كوردستان
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاند، حكوومەتی عێراق ناتوانێ هیچ هێزێك بۆ گرتنی هیچ تۆمەتبارێك بنێرێتە هەرێمی كوردستان، ئەگەر بەهاوئاهەنگیی حكوومەت و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان نەبێ.

دوێنێ شەموو، مەحموود حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی دەوڵەتی یاسا، بە سایتی \"ئەخبارییە\""ی عێراقی راگەیاندووە، بەپێی یاسای سزادان ژمارە 23ی ساڵی 1971 عێراق، بەغدا بۆی هەیە هێز رەوانەی خاكی هەرێمی كوردستان بكا بۆ گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆمار.

ئاماژەی داوە بەوەی كە بەپێی ئەو یاسایە یاداشتی گرتن لە هەموو ناوچەكانی وڵات كاری پێ دەكرێ و كەس ناتوانێ رێگە لە دەسەڵاتی دادوەری بگرێ لە جێبەجێكردنی یاداشتی گرتندا.

لەبەرامبەردا، ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، بە پێی یاسا ڕێگە نادرێ هیچ هێزێك بۆ گرتنی هەر تۆمەتبارێك بەبێ ئاگەداریی حكوومەتی هەرێم لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە بەرەو كوردستان بجووڵێنرێ.

حاكم شێخ لەتیف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی گۆڕان، جەختی لە وتەكانی پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا كردەوە و گوتی، بەپێی یاسا حكوومەتی عێراق دەتوانێ هێز بنێرێتە كوردستان بۆ گرتنی داواكراو، چونكە هەر بڕیارێكی گرتن لە دادگاكانی عێراق دەربچێ، لە سنووری هەموو دەوڵەتە فیدراڵییەكە جێبەجێ دەكرێ.

زیاتر گوتی، ئەوەی كێشەیە تا ئێستە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند ئەو پێوەندییە رێك نەخراوە، ئایا هێزەكانی حكوومەتی ناوەند بڕیارەكانی دادگە جێبەجێ دەكا، یان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمەكان ئەوە دەكا، یاخود كارەكە دەداتە دەست هێزەكانی حكوومەتی فیدراڵ و ئەوان جێبەجێی دەكەن.

ئەوەشی گوت، پێویستە ئەو پێوەندیە بەیاسایەك لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندا ڕێك بخرێ، چونكە لە دەوڵەتە فیدراڵییەكان ئەم حاڵەتانە بە یاسا ڕێك خراوە.

لە 19ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2011 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە تۆمەتی هەڵنان و یارمەتیدانی دەستەی پاسەوانەكانی بۆ ئەنجامدانی چەندان \""كاری تیرۆریستی\""، فەرمانی گرتنی هاشمی دەركرد و لەوكاتەوە ئەمەی دوایی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە.

لە چەند رۆژی رابردوودا فایلەكەی هاشمی رەوانەی دادگەی ناوەندی تاوانەكانی عێراق كرا و رۆژی 3 ئایار/مایۆی داهاتوو دەستنیشان كرا بۆ یەكەم دانیشتنی دادگەییكردنی هاشمی و دەستەی پاسەوانەكانی كە نێزیكەی 70 كەسن، كە بە نائامادەیی دەبێ."
Top