بەغدا رێگرە لەوەی هەرێم ناوچە كوردستانیەكان لەدەست هێرشە تیرۆرستییەكان بپارێزێت

بەغدا رێگرە لەوەی هەرێم ناوچە كوردستانیەكان لەدەست هێرشە تیرۆرستییەكان بپارێزێت
لە یەكەم كاردانەوەدا دوا زنجیرە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی عێراق، بریكاری وەزارەتی ناوەخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، رێگەمان پێ نادرێ بەشێوەیەكی راستەوخۆ كار بۆ پاراستنی تەناهیی ناوچە كوردنشینەكانی /جێ ناكۆكی/ بكەین، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەڵێ، هۆی خراپبوونی دۆخی تەناهیی وڵات بۆ ناكۆكیە سیاسییەكان نێوان هاوپەیمانی نیشتمانی و عێراقییە دەگەڕێتەوە.


ئەمڕۆ عێراق چەندان تەقینەوەی بەخۆیەوە بینی و لە چەند ناوچەیەكی وەك جەلەولا لە پارێزگەی دیالە گەڕەكە كوردنشینەكان كرانە ئامانج.

فایەق تۆفیق بریكاری وەزارەتی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی راگەیاند \"لێژنەی تەناهیی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەركی پاراستنی تەناهیی ناوچە جێ ناكۆكەكانی لە ئەستۆیە، بۆیە ئێمە وەك وەزارەتی ناوەخۆ ناتوانین بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستێوەردان لە كارباری تەناهیی ئەو ناوچانە بكەین و لە دەسەڵاتی ئێمەشدا نییە\"".

زیاتر گوتی \""تا ئێستە حكوومەتی عێراق نەیان هێشتووە دەسەڵاتمان لەو ناوچانە هەبێ و رێگەمان پێ نادا، وێڕای ئەوەش بە دواداچوون دەكەین لەسەر بە ئامانجگرتنی كورد لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكانەوە لە ناوچە جێ ناكۆكییەكان بەهۆی رووداوەكانی ئەمڕۆ\"".

لای خۆیەوە عادل بەرواری راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""لە رۆژانی رابردوو كۆمەڵێك زانیاری بە دەست هەواڵگری عێراق گەیشتووە بەوەی رێكخراوی قاعیدە و لایەنگرانی رێژیمی پێشووی بەعس خۆیان رێكخستووەتەوە و پێشبینی دەكرێ هەندێك كردەوەی تێكدەرانە ئەنجام بدەن\"".

ئاماژەی بەوەش دا \""هۆی تێكچوونی تەناهیی ناوەخۆی عێراق بۆ ئەو ناكۆكییە سیاسییانە دەگەڕێتەوە كە لە نێوان تەبایی نیشتمانی /شیعە/ و عێراقییە /سونە/دا هەیە و تا ئێستەش چارەسەری بۆ نەكراوە، جگە لەوەی دەستی دەرەكی و ناوەخۆیش بۆ تێكچوونی دۆخی تەناهی لە عێراق هەیە\"".

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە پارێزگەی بەغدا، كەركووك، سەڵاحەدین، مموسڵ، دیالە و شارۆكەكانی دووزخورماتوو و باقوبە و شارەدێكانی جەلەولا و بەلەدروز و سلێمان بەگ ئەنجام دران، بەپێی زانیارییە بەراییەكان لە كۆی سەرجەم ئەو رووداوانە دەیان كوژراو و بریندار هەیە."
Top