ئازاد جوندیانی: كۆبونەوەی لایەنەكان بۆ لێك نزیككردنەوەی خاڵە جیاواز و ناكۆكییەكانە

ئازاد جوندیانی: كۆبونەوەی لایەنەكان بۆ لێك نزیككردنەوەی خاڵە جیاواز و ناكۆكییەكانە
وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ (گـوڵان): گفتوگۆ و دانووستان و دیالۆگ هەمیشە بۆ ئەوەیە بیروبۆچوونە جیاوازەكان و خوێندنەوە ناكۆكەكان وردە وردە لێك نزیك بكەینەوە

ئازاد جوندیانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بەگرێدانی كۆبوونەوەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان (ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات) و بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند: (بە بۆچوونی من لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا بۆی هەیە كۆبوونەوەكە سازبێت، ئەنجام بدرێت ئێستا كە لە ڕووی سیاسییەوە زەمینەكە سازبووە، بەڵام ماوەتەوە لەسەر دیاریكردنی شوێن و كاتی كۆبوونەوەكەو هەندێك ئالیەتیش كە پێویستە بەوەی لە چ ئاستێك بەشداری لەكۆبوونەوە كە بكرێت و كێ بێت و كێ نەبێت و لە بەلاغی كۆتایی رۆژی پێنچ شەممەی ڕابردووش كە هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە ئەوە ڕاگەیاندنراوە، هەروەها لە هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی نوێنەرانمان تەكلیف كراون كە پێوەندی بەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بكەن و ئەو مەسەلانەیان لەگەڵ باس بكەن؛ بەتایبەتی بۆ دیاریكردنی كات و شوێن.

سەبارەت بە ئەولەویەتی ئەم كۆبوونەوانەو بەرنامەی لایەنەكان بۆ وتووێژكردن لەسەری ئازاد جوندیان وتی لە ڕاستیدا و چەند جارێكی تریش وتوومە، هەموو لایەنێك لە دنیادا واباوە كە بۆ گفتوگۆكردن بۆ هەر مەسەلەیەك كەدەچنە سەرمێزی گفتوگۆ و دادەنیشن لەناو جانتاكانی خۆیان ئەفكار و پڕۆژەی خۆیان پێیە، كەكلیل و كێشەیی سەرەكی لەنێوان هەردوو حزبەكەی هاوپەیمانی حكومڕانی كوردستان و سێ لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆن بریتیی بوو لەوەی پێشتر بە یەكەوە كۆنەدەبوونەوە، جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش چەندینجار پیش ئێستا داوای لە هەردوولامان كردبوو بۆ چارەسەركردنی بارودۆخەكە كۆبوونەوە بكەین، ئەوەبوو كە یەكێتی و پارتی زۆر بە ڕوونی وەڵامی خۆمان بە ئیجابی دایەوە كەئێمە ئامادەین بۆ كۆبوونەوەو نەمەرجمان بۆ كەس هەیە و نەمەرجیش لەكەس وەردەگرین، لە دوا پەیامی سەرۆكی هەرێمیشدا كە ڕووبەڕووی هەردوولای كردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەكتر كۆببینەوە، هەموو لایەك بەئیجابی پەیامەكەمان وەرگرت، بۆیە من پێموایە ئەمجارە كە دەچینە سەر مێزی گفتوگۆ كەلێنەكە كەم بۆتەوەو سەهۆڵ بەندانی نێوان لایەنەكانی هاوپەیمانی حكومی و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن تا ڕادەیەكی باش تواوەتەوە، واتە بەشی ئەوە سەهۆڵەكە تواوەتەوە كە بتوانین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و دیالۆگ بكەین، بەڵام ئێمە چیمان پێیە و ئەوان چییان پێیە ئەوە بابەتێكی ترە، بێگومان ئێمە جیاوازیمان هەیە و بیروبۆچوونمان لە یەكتر جیاوازە، سەبارەت بە هەموو ئەوانەی كە چاوەڕوان دەكرێت قسەی لەسەر بكرێت، بیروبۆچوون و تێگەیشتن و خوێندنەوەمان لەیەكتر جیاوازە، بۆیە من پێموایە هەر كەسێك كە بیروبۆچوونی خۆی هەیە، بەڵام گفتوگۆ و دانووستان و دیالۆگ هەمیشە بۆ ئەوەیە بیروبۆچوونە جیاوازەكان و خوێندنەوە ناكۆكەكان و وردەوردە لێك نزیك بكەیتەوە، ئەمەش دەبێ بێڵێتەوە بۆ كاتی كۆبوونەوەكان.))



-بۆ خوێندنەوەی تەواوی دیمانەكەی وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئازاد جوندیانی، بگەڕێرەوە بۆ راپۆرتی: (با كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی هەنگاوی یەكەم بێت بۆ كۆكردنەوەی خاڵە هاوبەشەكان و چارەسەركردنی كێشەكان) كە لە ژمارە 832ی گۆڤاری گوڵان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاو كراوەتەوە
Top