بۆ یەكەمجار پەرلەمانی ئەوروپا كۆنفرانسی پرسی كۆمەڵكوژیی كورد بەڕێوە دەبات

بۆ یەكەمجار پەرلەمانی ئەوروپا كۆنفرانسی پرسی كۆمەڵكوژیی كورد بەڕێوە دەبات
لە ساڵوەگەڕی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا كۆنفرانسێك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئەوروپی لەژێر ناونیشانی \"كۆمەڵكوژیی هەڵەبجە\"" لە بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆكسل دەبەسترێ.

نالی عەزیز ئەندامی هاوكار لە لێژنەی رێكخستنی كۆنفرانسەكە ئەمڕۆ چوارشەم ڕایگەیاند كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان و فراكسیۆنی چەپی ئەوروپی و گرووپی دۆستانی كورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، رۆژی 16ی ئەم مانگە كۆنفرانسێكی بەرفرەوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئەوروپی لە پەرلەمانی ئەورپا لە برۆكسل ساز دەكەن.

عەزیز گوتی، مەبەستی سەرەكی لەو كۆنفرانسەدا بەجینۆسایدناسانی ئەو كۆمەڵكوژییەیە كە ساڵی 1988 لەلایەن رێژیمی بەعسی لێخراوەوە بەرامبەر بەخەڵكی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، هاوكات دروستكردنی كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی و ئەوروپییە بۆ ئەو مەبەستە، كە دەبێتە هەنگاوێكی كاریگەر بۆ زیاتر بردنە پێشەوەی پرسی نەتەوایەتیی كورد لەسەر ئاستی جیهانیدا.

زیاتر گوتی، گرینگیی ئەو كۆنفرانسە لەوەدایە كە جگە لەوەی یەكەمجارە كۆنفرانسێك لەو ئاستەدا لەسەر پرسی كۆمەڵكوژیی كورد لە پەرلەمانی ئەوروپادا بەڕێوە دەچێت، بەهەمان شێوەیش دەچێتە ناو پرۆگرامی ساڵانەی كۆنفرانسەكانەوە و تا ئامانجی كۆنفرانسەكەیش دێتە دی، بواری ئەوە دەبێ كە هەموو ساڵك دووبارە بێتەوە.

كۆنگرەی نەتەوەی كورد \""كنك\"" لەسەر دەستی چەندان كەسایەتیی سیاسی و ئەكادیمی كورد لە ئەوروپا لە ساڵی 1999 دامەزراوە و بارەگای سەرەكیی لە برۆكسلی پایەتەختی بەلجیكایە.

هەریەكە لە چاودێری كوردۆساید/چاك و ئینستیتوتی كورد لە برۆكسل و فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لە ئەوروپا هاریكاریی رێكخستنی ئەو كۆنفرانسە دەكەن.

شارۆكەی هەڵەبجە /81 كم باشوورى ڕۆهەڵاتى سلێمانى/ لە 16 ئادار/مارسی 1988 لە كاتى شەڕى عێراق ئێراندا لەلایەن باڵەفڕەكانى سوپاى عێراقەوە بەبۆمبى كیمیایى بۆردمان كرا، بەپێی خەمڵاندنى ناڕەسمى، ئەو بۆردمانە نێزیكەى 10 هەزار بریندار و 5 هەزار كوژراوى لىَ كەوتەوە كە تا ئێستەش هەندێكیان لە ژیاندا ماون و بەدەست شوێنەوارى ئەو بۆردمانەوە دەناڵێنن.

-ئاكانیوز"
Top