سەرۆكی حكومەت: ئەگەر پەرلەمان بڕیاربدات، دەست لەكار دەكێشمەوە

سەرۆكی حكومەت: ئەگەر پەرلەمان بڕیاربدات، دەست لەكار دەكێشمەوە
لە كۆبوونەوەی نائاساییی ئەمڕۆ چوارشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رای گەیاند، من ئامادەم بۆ هەر بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان و لەوانە دەست لەكاركێشانەوە.

لە ناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان گوتی، ساڵح لە بەردەم پەرلەمان وتارێكی پێشكێش كرد و تێدا رای گەیاند، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان هەروەك چۆن متمانەی بەحكوومەتی هەرێمی كوردستان داوە، ئەو مافەشی هەیە متمانەكەی لێ بسێنێتەوە.

هەروەها ئاماژەى كرد، بەداخەوە ئێستە بارگرژییەك لە هەرێمی كوردستان دروست بووە كە لەگەڵ ژیانی خەڵكی هەرێمدا ناگۆنجێ و دەبێ چیتر هەڵەیەكی وا لەم هەرێمە روو نەدات كە بەهۆیەوە خەڵك بكوژرێ.

سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم گوتی، خوپێشاندان مافێكی سروشتییە و دەبێ داخوازییەكانی خەڵكیش جێبەجێ بكرێن، بەڵام دەبێ هەنگاوی یەكەم ئەو دۆخەی ئێستەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین و رق و كینە نەهێڵین، چونكە ئەوەی ئێستە لە هەرێمدا هەیە مەترسیدارە و دەبێ پێكەوە كار بكەین بۆ رێگری لەو دۆخە و بەزمانی گوڵ كێشەكان چارەسەر بكەین.

لە درێژەی گوتارەكەیدا ساڵح رای گەیاند، ئەو خوپێشاندانانەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، دەرفەتێكە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، هەر كاتێكیش پەرلەمانتاران داوای دەست لەكار كێشانەوەی منیان كرد، ئەوا بێ دوودڵی ئامادەم.

ڕۆژی 17ی مانگی رابردوو (شوبات/فێبرایەر) سەدان كەس بۆ دەربڕینی پشتگیری لە راپەڕینی تونس و میسر و داواكردنی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، خۆپێشاندانێكیان لە بەردەركی سەرا لە سلێمانی ساز كرد، بەڵام دواتر رێڕەوی خۆپێشاندانەكە گۆڕا و خۆپێشاندەران بەردبارانی لقی 4ی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و بەو هۆیەوە تەقە كرا و لە ئەنجامدا كەسێك كوژرا و 57ی تریش بریندار بوون، دواتر 2 لە بریندارەكان گیانیان لە دەست دا.

پەرلەمان پێشتر لە بڕیارێكدا داواى سەركۆنەى تەقەكردن لە خۆپێشاندەران و هەڵكوتانە سەر بارەگا حزبی و رەسمییەكان، ئازادكردنى گیراوانى خۆپێشاندەر، كێشانەوەى ئەو هێزە سەربازییانەى براونەتە سلێمانى، هێزى پێشمەرگە دووربێ لە ململانە سیاسییەكانى ناوخۆ، لێكۆڵینەوە لەو كەمتەرخەمییانەى لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە لە رووداوەكاندا كراوە، حكوومەت كارى رژد بكا بۆ باشتركردنى بارى خزمەتگوزارییەكان و گوزەرانى خەڵك.

كۆبوونەوەى ئەمڕۆ چوارشەمی پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی سەرجەم فراكسیۆنەكان و بەمێوانداریكردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دۆخی ئێستەى هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێ.

-ئاكانیوز
Top