سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ سەرپەرشتی كۆبوونەوەیی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كرد

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ سەرپەرشتی كۆبوونەوەیی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كرد
ئەمرۆ شەممە 30/10/2010 بەرێز جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لە تەلاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن بەرێزان مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومییەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا.

پاشان سەرۆك مام جەلال و سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و كۆسرەت رەسول عەلی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان سكرتێر و ئەمینداری هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كرد.

سەرەتا سەرۆك بارزانی ، وێرای بەخێرهێنانی ئامادەبووان ، رووناكی خستەسەر دیداروكۆبوونەوەكانی لەگەڵ كەسایەتی و قەوارە سیاسییەكانی دیكەی عیراق و روونیكردەوە كە پاش ئەو هەموو دیدارو كۆبوونەوانە بارەكە روون و بەرچاوترە و ئاماژەشی بەوەكرد كە لە چوارچێوەی دەسپێشخەریەكەی بەرێزیان كۆبوونەوەكانی شاندی دانوستانكار لە بەغدا بەردەوامی هەیە و دەسپێشخەریەكە جموجۆلێكی زۆری تیا كەوتووە و دانیشتنی یەكەمی نوێنەرانی لایەن و قەوارە سیاسییەكانی عیراق ئەنجامێكی باشی لێ‌ كەوتۆتەوە و دەستخۆشی لە سەرۆك و شاندی دانوستانكار كرد بۆ هەوڵ و كۆششەكانیان لە پێناو نزیكردنەوەی دیدو بۆچوونی ئەو لایەنانە بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەشی نیشتمانی راستەقینە كە تیایدا گشت پێكهاتە سەرەكیەكانی عیراق بەشداری بكەن.

هەر لە وتەكەیدا ، سەرۆك بارزانی سەبارەت بە بەشدارینەكردنی نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكانی هەولێر و بەغدا رایگەیاند كە ئامادە نەبوونیان جێگەی داخەو ئەم هەڵوێستەشیان هەڵوێستێكی كتوپڕ بوو، بە تایبەتی لەم رۆژگارەدا كە هەموومان پێویستیمان بە یەكریزی زیاتر هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە لە كۆبوونەوەی پێشوودا پێم راگەیاندبوون كە ئەگەر هەر كێشەیەكیان هەیە من ئامادەم چارەسەریان بكەم و گوێ‌ لە بیرو بۆچوونەكانیان راگرم.

دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆماریش ، سەرۆك بارزانی رایگەیاند كە ئێمە وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پۆستە نابین ، هەڵسۆكەوتی هەندێ‌ كەسایەتی و لایەنی عیراقی وایان لێكردین كە زیارتر سوور بین لە سەر وەرگرتنی ئەو پۆستە ، چونكە وەكو پێكهاتەی دووەم لە عیراقدا مافی خۆمانە ئەو پۆستە وەرگرین و قبوڵیش ناكەین خەڵكی دیكە گیرو گرفتی خۆی لەسەر حیسابی كورد چارەسەر بكات.

لە بارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێش ، سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەوە كردەوە كە بە بێ‌ بەشداری هەر سێ‌ پێكهاتەی سەرەكی عیراق حكومەتی نوێ‌ سەر ناگرێ‌ ، بۆیە تا دوا چڕكە هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ تا هەموو ئەو پێكهاتە سەرەكیانە بەشداری لەو حكومەتەدا بكەن.

لە لایەن خۆیەوە سەرۆك مام جەلال لە سەر مەسەلەی سەرۆكایەتی كۆمار دواو رایگەیاند كە لە هەر دوو خولدا لە لایەن سەرۆك بارزانی یەوە بۆ ئەو پۆستە كاندیدكراوە و لە ماوەی رابردووشدا و بە شاهێدی هەموو لایەك توانیویەتی وەك عیراقیەك رەفتار بكات و پێداگیری كوردیش لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە هەر وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێكرد بۆ هەڵوێستی هەندێ‌ لایەن دەگەڕێتەوە كە لە چەند بۆنەیەكدا رایانگەیاندبوو كە نابێ‌ ئەو پۆستە بدرێتە كورد ، وەك ئەوە وابێ‌ كە كورد هاوڵاتی پلە دوو بێت و مافی ئەوەی نەبێ‌ كە ئەو پۆستە وەرگرێتەوە و دووپاتیشیكردەوە كە كورد وەك هەر پێكهاتەیەكی دیكە مافی خۆیەتی ئەو پۆستە وەرگرێتەوە و بەشدار كاراشی هەبێ‌ لە بەریوەبردنی عیراقدا.

د.رۆژ نوری شاوەیس سەرۆكی شاندی دانوستانكاری كوردستانی تیشیكی خستەسەر كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو كە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چوار لیستەكە لە بەغدا بەرێوەچوو ، ئەنجامی كۆبوونەوەكەشی بە سەركەوتوو وەسفكرد ، چونكە بەر لەو كۆبوونەوەیە هیچ لایەنێك وا بە دەستەجەمعی رازی نەدەبوون كۆببنەوە و تەئكیدیشی لەوەكردەوە كە دەسپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی رەهەندێكی زۆری وەرگرتووە و لە لایەن نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی و وڵاتی توركیا و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتە عەرەبی و بیانییەكانەوە پشتگیرییەكی تەواوی لێكراوە وەك تەنها چارەسەرێك بۆ دەرچوونی عیراق لەو قەیرانە سیاسییەی كە تێی كەوتووە و راشیگەیاند كە كورد بوەتە هۆكاری سەرەكی چارەسەركردنی كێشەكان و بەرژەوەندی باڵای عیراقیشی خستۆتە پێش هەموو بەرژەوەندییەك و هیوای خواست كە هەموو لایەك پشتگیری لەو كۆبوونەوانە بكات كە دووەمینیان رۆژی یەك شەممە لە بەغدا بەرێوە دەچێت.

هەر لەوكۆبوونەوەیەدا ، د.رۆژ نوری شاوەیس وەڵامی هەر دوو لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی و ئەلعیراقیەی سەبارەت بە كارنامەی كوردستانی خستەڕوو و دواتر لە لایەن ئامادەبووانەوە بە تێرو تەسەڵی شی كرانەوە و بە تێبینی و بۆچوونی سكرتێرو ئەمینداری لایەنە كوردستانییەكان و ئەندامانی شاندی دانوستانكار دەوڵەمەندتر كرانەوە و سەرۆك بارزانی –ش سەبارەت بە وەڵامەكان رایگەیاند كە پێویستە بە ئیمزا كراوی بنێردرێن و ئەو داواكارییانە داواكاری لیستێك یان قەوارەیەك نییە ، بەڵكو داواكاری میللەتێكە و راشیگەیاند كە كورد بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و هەروا داواكارییەكانی دیكەی پابەند بە ماددەی 140ی دەستوور ناكات.

هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان وێرای دەڕبرینی نیگەرانی لە بارەی هەڵوێستی ئەم دواییەی بزوتنەوەی گۆڕان ، بریاریان دا كە لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەدا پێك بهێنرێ‌ بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ ناو ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بۆ یەكلاكردنەوەی دوا هەڵوێستی كوردستانیش سەبارەت بە هاوپەیمانی بەستن بڕیاردرا كە لە كۆبوونەوەی رۆژی 7ی تشرینی دووەمدا كە دوا كۆبوونەوە دەبێت یەكلایی بكرێتەوە .
Top