سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌جیا پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای ئه‌مریكی، و جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌جیا پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای ئه‌مریكی، و جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ ده‌كات
مسعود بارزانی سه‌رۆكی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ شاندێكی باڵای ئه‌مریكی كه‌ پێكهاتبوو له‌ تۆنی بلنكن راوێژكاری جۆزیف بایدن جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و جێمس جیفری باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق و ژه‌نه‌راڵ لوید ئۆستن فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عیراق و چه‌ند لێپرسراوێكی تری ئه‌مریكی.

له‌ دانیشتنێكدا كه‌ نێچیرڤان بارزانی و د.رۆژ نوری شاوه‌یس و هوشیار زێباری و د.فوئادحوسێن ئاماده‌ی بوون راوێژكاری جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی په‌یامی سه‌رۆك ئۆباما و جۆزێف بایدنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكای به‌ سه‌رۆك بارزانی گه‌یاند به‌ پابه‌ندبوونی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ پارێزگاریكردن له‌ ئاسایشی گه‌لی كوردستان و پشتگیریكردنی له‌ ڕووی سیاسی و گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا و هه‌روه‌ها پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌ی بۆ پشتگیریكردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عیراق دووپاتكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی پشتگیری له‌ هیچ لایه‌نێكی سیاسی ناكات هیچ پۆستێك وه‌ربگرێت و هێڵی سووریشی له‌سه‌ر هیچ پاڵێوراوێك نییه‌ و تاكه‌ خواستی پێكهێنانی حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی نیشتمانی یه‌ و عیراقیش سه‌قامگیر بێت.

سه‌رۆك بارزانی سوپاسی سه‌رۆك ئۆباما سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و جۆزیف بایدنی جێگری كرده‌وه‌ به‌ پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌من و ئاسایش و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌رك و هه‌وله‌كانی جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌، به‌ بێ‌ په‌راوێز خستنی هیچ پێكهاته‌و لایه‌نێك به‌رزنرخاند و ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵ و كۆششدابووین بۆ نزیكردنه‌وه‌ی لایه‌ن و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی عیراق له‌سه‌ر دیدێكی هاوبه‌ش و توانیمان باره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك راگرین كه‌ خراپتر نه‌بێته‌وه‌ و به‌مه‌یش په‌رۆشی خۆمان له‌سه‌ر عیراق و ئاینده‌كه‌ی سه‌لماند و تیشكیشی خسته‌ سه‌ر دوایین پێشهاته‌كان و ئه‌نجامی دیدارو كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌ن و قه‌واره‌ سیاسییه‌كاندا و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ تا ئێستا ئه‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌ نێوان دوولادا بووه‌، به‌ڵام له‌ رۆژانی داهاتوودا و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سپێشخه‌رییه‌كه‌مان هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت چرتر ده‌كرێنه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌كانیش له‌ چوارچێوه‌ی دوو قۆڵییه‌وه‌ بۆ چوار قۆڵی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان و چاره‌سه‌ری ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ ناكۆكیان له‌سه‌ره‌.

سه‌رۆك بارزانی روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت پێویسته‌ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك یه‌كلا بكرێنه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ واتای شه‌راكه‌ت و چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردنی وڵات به‌ پێی ده‌ستوور . ئێمه‌ هیچ هێڵێكی سوورمان له‌سه‌ر هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه‌ ، گرنگ له‌ لای ئێمه‌ پره‌نسیپه‌كانه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ریان ریك بكه‌وین ، وه‌ك شه‌راكه‌ت و رێكخستنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و به‌رنامه‌ی سیاسی و پابه‌ند به‌ ده‌ستوور.

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای ده‌ستووریش به‌ كۆتایی هێنان به‌ دانیشتنه‌كراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراقیش، سه‌رۆك بارزانی دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ پابه‌ندی بڕیاری دادگای ده‌ستووری ده‌بین، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ته‌ئكید له‌سه‌ر پره‌نسیپی ته‌وافوق ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ بنچینه‌ییه‌كاندا.

راوێژكاری جۆزیف بایدن بۆ كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی روونیكرده‌وه‌ كه‌ واشنتۆن ئاگاداری هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی یه‌ بۆ په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی راست و دروست و ئه‌و هه‌وڵانه‌شی به‌رز نرخاند و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌ هێز له‌سه‌ر بنچینه‌ی شه‌راكه‌ت كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراقی له‌ خۆ بگرێت یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عیراق و ئه‌مریكا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌، مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆمار و سه‌ركرده‌ی دیاری لیستی ئه‌لعیراقیه‌.

له‌ دیدارێكدا، بیرو بۆچوون سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی سیاسی ئێستای لایه‌ن و قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی عیراق و ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ د.ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی لیستی ئه‌لعیراقییه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی ئه‌و لیسته‌ به‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌ كایه‌ی حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی نیشتمانی و ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی ئێستای عیراق ئاڵوگۆڕكران.

هه‌ر دوولا كۆك بوون له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كانی هه‌ڵوسراو و فراوانكردنی بازنه‌ی گفتوگۆكان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی و ته‌ئكیدیش له‌وه‌كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی عیراق به‌شداری له‌ حوكمدا بكه‌ن چونكه‌ به‌ بێ‌ به‌شداری ئه‌و پێكهاته‌ سه‌ره‌كییانه‌ی عیراق سه‌قامگیری به‌خۆوه‌ نابینێت.
Top