پژاك 7 مه‌رج له‌به‌رده‌م ئێران داده‌نێت بۆ فرِێدانى چه‌ك
گولاَن/ساڵح محمد
پارتى ژیانى كوردستان ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا بۆ فرِێدانى چه‌ك و وازهێنان له‌كارى چه‌كدارى ئه‌گه‌ر حكومه‌تى ئێران ئه‌و مه‌رجانه‌ى هه‌یانه جێبه‌جێی بكات.
له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا پارتى ژیانى كوردستان(پژاك) بلاَوى كرده‌وه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه حه‌وت خاڵیان پێشكه‌ش كرده‌وه ئه‌گه‌ر حكومه‌تى ئێران جێبه‌جێی بكات ئه‌وا ئاماده‌ده‌بن كه ده‌ستبه‌ردارى چه‌ك ببن و واز له كارى چه‌كدارى بهێنن.
پژاك كه پارتێكى كوردى چه‌كدارى به‌رهه‌ڵستكارى ئێرانه ئه‌و حه‌وت خاڵه‌ى پێشكه‌شیان كردوه بۆ وازهێنانیان له چه‌ك بریتین له:
1- كێشه‌ى كورد له ئێران به‌فه‌رمى بناسرێت و چاره‌سه‌ر بكرێت. 2- پێویسته زه‌مینه‌یه‌ك بۆ دیالۆگ پێكبهێنرێت. 3- پێویسه هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازیه‌كان و كرداره چه‌كداریه‌كان رِابگیرێت. 4- پێویسته ئازادى بیرورِاى سیاسی فه‌راهه‌م بكرێت و سه‌رجه‌م به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى لاببرێت. 5- به‌فه‌رمى یاسایه‌ك دابنرێت بۆ رِێكخراوه سیاسی و دیموكراتیه‌كان. 6- زمانى كوردى به‌ره‌سمى بناسرێت و ببێته زمانی خوێندن له خوێندنگاكان. 7- پێویسته سزاى له‌سێداره‌دان لاببرێت و زیندانه سیاسیه‌كان ئازادبكرێن.