سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی ئاسیا دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی ئاسیا دەكات
ئەمرۆ سێشەممە 24/8/2010 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە بەرێز محەمەد بن هەمام سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی ئاسیا و یوسف سەركاڵی جێگری.

لە دیدارێكدا كە بەرێزان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و حوسێن سەعید سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی عیراق و سەفین كانەبی سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان و ژمارەیەك لە سەرۆك یانەكانی وەرزشی ئامادەی بوون ، سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی ئاسیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ستایشی سەقامگیری بارودۆخەكەی كردو بە هۆكارێكی یاریدەدەری دانا بۆ پێشخستنی بواری وەرزشی و پاشان لە ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دواو رایگەیاند كە ئەم سەردانەی بۆ بینینی پڕۆژەی ( گۆڵ ) و دامەزراو و یاریگاكانی كوردستانە و سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ پاڵپشتی و پشتگیرییە بەردەوامەكانی بۆ یەكیەتیی تۆپی پێی عیراق و هەرێمی كوردستان.

سەرۆك بارزانی وێرای بەخێرهێنانی سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی ئاسیا و جێگرەكەی ، باسی لە گرنگیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بواری وەرزشی و گەشەپێدانی توانای وەرزشی لە كوردستان كرد و هیوای خواست كە یەكیەتیی تۆپی پێی ئاسیا بایەخێكی زیاتر بداتە هەرێمی كوردستان ، بە تایبەتی كە ژێرخان و یاریگەی باشی هەیە و دۆخە ئەمنیەكەی جێگیرە و توانای میوانداریكردنی یارییە نێودەوڵەتیەكانی هەیە . لە بەرامبەردا سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی ئاسیا رایگەیاند كە ئێستا زیاتر بایەخ بە هەولێر دەدەین و لە داهاتووشدا چەند لیژنەیەكی یەكەتییەكە رەوانەی شارەكانی دیكەی هەرێم دەكەین بۆ بەسەركردنەوەی دامەزراوە وەرزشییەكانیان.
Top