سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چاویكه‌وت به‌ كونسوڵی گشتی تازه‌ی ئه‌ڵمانیا

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چاویكه‌وت به‌ كونسوڵی گشتی تازه‌ی ئه‌ڵمانیا
مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین چاویكه‌وت به‌ شتیفان بانتله‌ كونسوڵی گشتی تازه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان .

سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له‌ شتیفان بانتله‌ كرد به‌ بۆنه‌ ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌كو كونسوڵی گشتی تازه‌ی ئه‌ڵمانیا و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست و ئاماده‌یی هه‌رێمیشی ده‌ربڕی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌ پێناو سه‌رخستنی كاره‌كانی به‌رێزیان و به‌ره‌و پێش بردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و وڵاتی ئه‌ڵمانیا.

كونسوڵی گشتی تازه‌ی ئه‌ڵمانیا دوا سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌رزنرخاند و هیوای خواست كه‌ بتوانێ‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی هه‌رێم په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێكی به‌رزتر.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا هه‌ر دوولا باسیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌درێن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق و رۆڵی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان له‌ سه‌رخستنی و به‌ئاكام گه‌یاندنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كرد.
Top