سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازى له‌شاندى ده‌زگاى شه‌هیدانی عیراق ده‌كات

سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازى له‌شاندى ده‌زگاى شه‌هیدانی عیراق ده‌كات
دكتۆر كه‌مال كه‌ركووكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازى له‌شاندى ده‌زگاى شه‌هیدانى عیراق كرد كه‌ له‌رۆڵه‌ى شه‌هیدانى گشت پارێزگاكانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوون و ژماره‌یان سه‌د كوڕه‌ شه‌هیدبوو باوكیان به‌ده‌ست ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانى رژێمى دیكتاتۆرى به‌عس شه‌هید كرابوون.

ده‌ستپێكى كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ رێزگرتن له‌گیانى پاكى شه‌هیدانى عیراق و كوردستان ده‌ستى پێكرد، پاشان ئه‌یوب قاسم نوێنه‌رى سه‌رۆكى ده‌زگاى شه‌هیدان و به‌رێوه‌به‌رى گشتى ده‌زگا، به‌ناوى خۆیان و ته‌واوى شانده‌كه‌یان سوپاسگوزاری ئاراسته‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان كرد بۆ دیداریان له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ و پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ى پێكهاته‌ و سه‌ردانه‌كه‌یان خسته‌ ڕوو، كه‌ ئه‌م شانده‌ له‌رۆڵه‌ى شه‌هیدان پێكهاتوون هه‌موویان قوتابى زانكۆ و خوێندنى باڵان و ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌شداریان له‌خێوه‌تگه‌ى دیده‌وانى له‌هه‌رێمى كوردستان كردوه‌و سه‌قامگیرى ئه‌منى و پێشكه‌وتنى بوارى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و سروشتى جوانى هه‌رێمى كوردستانیان به‌خاڵێكى وه‌رچه‌رخان له‌ئه‌زمونى سه‌ركه‌وتووى دیموكراسی هه‌رێمى كوردستان له‌قه‌ڵه‌م دا.

له‌به‌رامبه‌ردا دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌وته‌یه‌كیدا به‌گه‌رمى به‌خێرهاتنى به‌رپرسانى شانده‌كه‌ و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى هه‌رێمى كوردستان و گشت ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ى كرد.

هه‌روه‌ها باسیى له‌دڕندایه‌تى و كاره‌ نایاسایی و نادیموكراسیه‌كانى رژێمى به‌عسی سه‌ددامى كرد و ئه‌و نه‌هامه‌تى و رۆژگاره‌ سه‌ختانه‌ى هاتنه‌ پێش گه‌لانى كوردستان و عیراق نیشان دا، له‌ئه‌نفال و كیمیاباران و تیرۆر و زینده‌ به‌چاڵكردنى زیاتر له‌ سه‌د و هه‌شتاو دوو هه‌زار هاووڵاتى سڤیل و به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى و ووشك كردنى زۆنگاوه‌كانى باشوورى عیراق و ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو كه‌سانى سته‌مدیده‌ و دڵسۆز له‌عیراق زۆرن له‌گشت پێكهاته‌كان و به‌پشتیوانى خواى گه‌وره‌ و گه‌لانى عیراق پرۆسه‌ى دیموكراسی جێگیر ئه‌بێت و زوڵم و ناعه‌داله‌تى نامێنێ و ئه‌م نیمچه‌ ئازادییه‌ى كه‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌هێز و به‌رفراوانتر ئه‌بێت و نموونه‌ى ئیمرۆى كوردستان له‌گشت عیراق جێگیر ئه‌بێت.

پاشان ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیاریان له‌باره‌ى په‌رله‌مانى كوردستان و پێكهاته‌و رێژه‌ى ئافره‌تان و چۆنیه‌تى كارو چالاكى و ستراتیژیه‌تى كاركردنى په‌رله‌مان و ره‌وشیى سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتنى بوارى ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كرد و به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ وه‌ڵام درانه‌وه‌و پاشان شانده‌كه‌ هۆڵى دانیشتن و یه‌كه‌ یه‌كه‌ى به‌شه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان یان به‌سه‌ركرده‌وه‌. له‌كۆتایى سه‌ردانه‌كه‌شیاندا شانده‌كه‌ وێنه‌ى به‌كۆمه‌ڵیان گرت و ئاڕمى ده‌ستگاى شه‌هیدانى عیراقیان پێشكه‌سى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان كرد.
Top