سه‌رۆك بارزانی بۆ شرق الاوسط: چاوپێكه‌وتنه‌كه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆك حوسنی موبارك زۆر گرنگ و دۆستانه بوو
و- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د باغه‌مره‌یی
دوا به‌دوای گه‌رِانه‌وه‌ی له سه‌ردانییه‌كه‌ی بۆ هه‌ر یه‌ك له ولاَتانی توركیا‌و نه‌مساو ئه‌ڵمانیاو فه‌رِنسا، ئه‌مجاره سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی گه‌شتێكی عه‌ره‌بی به‌هه‌ر یه‌ك له ولاَتانی ئه‌رده‌ن و ولاَتی میسری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر داوه‌تنامه‌ی فه‌رمی شا‌و سه‌رۆكی هه‌ردوو ولاَت ئه‌نجامدا.
دوا پێشهاته‌كانی بارودۆخی عێراق له‌سه‌رووی به‌رنامه‌ی گفتوگۆكانی سه‌رۆك بارزانی بوو له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له شا عه‌بدوڵلاَی دووه‌می شای ئه‌رده‌ن حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكی میسر، هه‌روه‌ها دۆسییه‌ی ئابووری یه‌كێكی دیكه بوو له‌و دۆسییانه‌ی له دانووستانه‌كانی نێوان هه‌ردوولا گرنگی پێدرا به‌تایبه‌ت دۆسییه‌ی ئابووری له ولاَتی میسر له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی میسر حوسنی موبارك گرنگییه‌كی زیاتری پێدرا.
سه‌رۆك بارزانی له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت سه‌رله‌نوێ پێداگری له‌سه‌ر یه‌ك پارچه‌یی و یه‌كریزی خاك و گه‌لی عێراقی كرده‌وه‌و گوتیشی ئێمه پێشنیاری جیابوونه‌وه‌مان نه‌كردووه به‌ڵكو هه‌میشه پێداگریمان له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عێراق كردۆته‌وه، هه‌ولێریش پایته‌ختی دووه‌می عێراقه، له هه‌مانكاتیشدا به‌رگری له تایبه‌تمه‌ندی گه‌لی كورد ده‌كه‌مه‌وه، هه‌روه‌ها پێشوازیش ده‌كه‌ین له به‌ستنی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له ساڵی داهاتوو له حاڵێكدا ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئه‌منی عێراق له‌بار نه‌بوو، سه‌رۆك بارزانی به پێكه‌نینه‌وه گوتی: ده‌كرێ ئاهه‌نگێكی گه‌وره بۆ سه‌رانی عه‌ره‌بی بگێردری له هه‌ولێر ئه‌گه‌ر لوتكه‌كه له هه‌ولێر به‌سترا.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ته له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی:
*ئه‌نجامی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌تان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی میسر حوسنی موبارك چۆن بوو، به‌تایه‌ت دوای ئه‌وه‌ی میسر رایگه‌یاند كونسوڵگه‌ری خۆی له هه‌ولێر ده‌كاته‌وه؟ ئایا ئه‌مه سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندییه‌كی تازه‌ی میسری- كوردییه؟
سه‌رۆك بارزانی_ سه‌ره‌تا چاوپێكه‌وتنه‌كه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆك حوسنی موبارك زۆر گرنگ و دۆستانه‌و گه‌رم بوو، هه‌لێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی تێروانینی خۆمان سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بۆ سه‌رۆك موبارك شی بكه‌مه‌وه، هه‌ستم به‌وه‌شكرد سه‌رۆك موبارك گرنگییه‌كی زۆر به بارودۆخی عێراق ده‌دات، هه‌روه‌ها قسه‌مان له‌سه‌ر توانای هاوكارییه ئابووری و بازرگانی و رۆشنبیرییه‌كان له نێوان میسر‌و عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی كرد، تێبینی ئه‌وه‌شم كرد سه‌رۆك موبارك گرنگییه‌كی زۆر به‌و ئاراسته‌یه ده‌دات و هه‌ردوولاش ئاره‌زووی ئه‌و ئاڵوگۆرییه ده‌كه‌ن.
*ئه‌وله‌ویاتی ئه‌و هاوكارییه دوو قۆڵییه‌ی میسری - كوردی چین؟
سه‌رۆك بارزانی_ هاوكارییه‌كان له بواری وه‌به‌رهێنان ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆمپانیا میسرییه‌كان له بواره‌كانی وزه‌و كشتوكاڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت كراون، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی به‌ستنی كۆنگره‌ی رۆشنبیری و سه‌ردانی شاندی دوو قۆڵی هردوولا ده‌بێت، چونكه زۆربه‌ی میسرییه‌كان ئه‌وه نازانن كه یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی له میسر له ساڵی 1898 ده‌رچووه، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م رادیۆی كوردیش له ساڵی 1957 دیسان له ولاَتی میسر ده‌ستی به په‌خش كرد.
*به‌م شێوه‌یه په‌یوه‌ندی میسری- كوردی به‌ره‌و نوێ بوونه‌وه‌ی هاوكاری بواره جیاجیاكان ده‌گه‌رِێته‌وه؟
سه‌رۆك بارزانی_ كارده‌كه‌ین بۆ به‌گه‌رِ خستنه‌وه‌و گه‌رم وگورِكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زیندوو كه ده‌مانه‌وێ.
*دوای سه‌ردانییه‌كه‌تان بۆ ئه‌رده‌ن و میسر ئایا له به‌رنامه‌تان دایه سه‌ردانی ولاَتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی بكه‌ن؟
سه‌رۆك بارزانی_ له‌م سه‌ردانییه‌دا دانووستانی گرنگمان له گه‌ڵ به‌رپرسانی میسری و ئه‌رده‌نی ئه‌نجامدا، دواتر ده‌گه‌رِێمه‌وه هه‌ولێر له داهاتووشدا سه‌ردانی چه‌ند ولاَتێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بی ده‌كه‌م، پێشتریش سه‌ردانی سعودییه‌م كرد هه‌ستم به‌وه‌شكرد شا عه‌بدوڵلاَی كورِی عه‌بدولعه‌زیز گرنگییه‌كی زۆر به بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌دات به‌تایبه‌ت كه ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌و په‌رِی باشی دروست بكات، ئه‌وه‌ی خۆشحاڵی كردم سووربوونی شا عه‌بدوڵلاَ بوو له‌سه‌ر پشتگیری كردنی ئه‌وه‌ی گه‌لی عێراق برِیاری له‌سه‌ر ده‌دات و هه‌روه‌ها كه شا عه‌بدوڵلاَ نایه‌وێ ده‌ست له كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌ربدات به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه به‌لایه‌وه پاراستنی یه‌كپارچه‌یی نیشتمانی و برایه‌تی و خۆشه‌ویستی نێوان عێراقییه‌كانه.
*ئایا ئه‌و گه‌رم و گورِییه‌ی په‌یوه‌ندی عه‌ره‌بی- كوردی رێگه خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ به‌ستنی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی له هه‌ولێر له حاڵێكدا ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئه‌منی عێراق له‌بار نه‌بوو؟
سه‌رۆك بارزانی_له‌رووی یاساییه‌وه، هه‌ولێر پایته‌ختی دووه‌می عێراقه، ئه‌گه‌ر هاتوو بارودۆخی ئه‌منی عێراق له رووی ئه‌منییه‌وه له‌بار نه‌بوو بۆ به‌ستنی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی، بێگومان هه‌ولێر ئاماده ده‌بێت پێشوازی له لوتكه‌كه بكات، ئه‌وكاتیش ئێمه ئاهه‌نگێكی گه‌وره بۆ سه‌رانی عه‌ره‌بی ساز ده‌كه‌ین.
*ئایا ئه‌وه وه‌كو وه‌لاَمێك نابینن بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی رووبه‌رِووی ئێوه ده‌بێته‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئێوه داوای جیابوونه‌وه ده‌كه‌ن له عێراق؟
سه‌رۆك بارزانی_ به پێچه‌وانه‌وه، من پێداگری ده‌كه‌م له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عێراق، ئه‌مه‌شمان به‌كرده‌وه سه‌لماندووه، به‌لاَم پێداگریش ده‌كه‌م له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌تی مافه‌كانی گه‌لی كورد، وه‌هه‌ركاتێكیش پێویستی كرد به‌رگری له‌گه‌لی كورد بكه‌م به‌و ئه‌ركه‌م هه‌ڵده‌ستم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارێزگاری له یه‌كپارچه‌یی نیشتمانی عێراق به گه‌ل و خاكه‌كه‌یه‌وه ده‌كه‌م، باوه‌رِیشم به مێژوو وچاره‌نووسی هاوبه‌ش هه‌یه، به‌لاَم ناتوانم واز له كێشه‌یه‌ك بێنم كه هه‌موو ته‌مه‌نی خۆمم له رێگه‌یدا ته‌رخانكردووه، له هه‌مانكاتیشدا گرنگییه‌كی زۆر به پرۆسه‌ی دیموكراسی له عێراق و په‌یوه‌ندی میژوویی نێوان كورد‌و عه‌ره‌ب ده‌ده‌م. به‌م شێوه‌یه به‌رگری كردن له مافه‌كانی گه‌لی كورد مافێكی ره‌واو شه‌رعییه‌و نابێت ئه‌مه‌ش به‌و مانایه ته‌فسیر بكرێ كه ئێمه داوای جیابوونه‌وه ده‌كه‌ین، كه ئه‌مه لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه بۆ پرسی ئێمه.
*تۆ یه‌كێك بوویت له كه‌سایه‌تییه هه‌ره دیاره‌كان كه به‌شداریت له رووداوه‌كانی عێراقی نوێ كرد، تێرِوانینتان بۆ عێراقی نوێ چۆنه؟
سه‌رۆك بارزانی_ عێراقی نوێ ئه‌و عێراقه‌یه كه گه‌لی عێراق برِیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی ده‌دات له رێگه‌ی ده‌نگدان و چوونه سه‌ر سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن، عێراقی نوێ ئه‌و عێراقه‌یه كه ده‌سه‌لاَت له رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه ئاڵوگۆر ده‌كرێ و پێكهاته‌كانی دیموكراسی و فیدرِاڵی و فره‌یی ده‌بن.
*كارته‌كانی گه‌یشتن به‌و تێرِوانینه‌ی ئێوه بوونیان هه‌یه یاخود نا؟
سه‌رۆك بارزانی _ هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئه‌و كارتانه نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق بوو كه ئه‌و ده‌ستووره برِیاری له‌سه‌ر ناسنامه‌ی عێراقی نوێ‌دا، ئه‌وه‌ی كه ماوه جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره.
*سه‌باره‌ت به پێكهێنانی حكومه‌ت و ناكۆكی نێوان كوتله‌كان؟ به برِوای ئێوه ئه‌مه بۆته كۆسپ له‌به‌رده‌م بونیادنانی داهاتووی عێراق؟ وه‌چۆن عێراق ده‌توانێ له‌و ته‌نگژه‌یه ده‌ربچێت؟
سه‌رۆك بارزانی_ به‌داخێكی زۆر، هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌كه‌م له كاتێكدا رووبه‌رِووی ئه‌و پرسیاره ده‌بمه‌وه، ئێستا ماوه‌ی چوار مانگ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی تێپه‌رِ ده‌بێت كه‌چی هێشتا حكومه‌ت پێكنه‌هێنراوه.بێگومان ئه‌گه‌ر نه‌توانین چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ین بارودۆخ به نیسبه‌ت عێراق و عێراقییه‌كان دڵخۆشكه‌ر نابێت، ئومێد ده‌خوازین له كورترین ماوه‌دا حكومه‌ت پێكبهێنرێت، ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ده‌رچوون له‌و ته‌نگژه‌یه.
*ئایا ده‌ست تێوه‌ردانی ئیجابی ده‌ره‌كی بۆ فشار خستنه سه‌ر عێراقییه‌كان له پێناو پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به‌دی ده‌كرێ؟
سه‌رۆك بارزانی_ بۆچوونم وایه له‌لایه‌ن دۆسته‌كان و ولاَتان هانی عێراقییه‌كان ده‌درێ بۆ په‌له كردن له پێكهێنانی حكومه‌ت، وایده‌بینم ئه‌گه‌ر ده‌ست تێوه‌ردانی سلبی له پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت به ئه‌نجام گه‌یشت ئه‌و كات له‌سه‌ر هێزه سیاسییه عێراقییه‌كان پێویسته رێگه له‌و ده‌ست تێوه‌ردانانه بگرن.
*ئایا دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت كاری گه‌ری به‌سه‌ر دواكه‌وتنی ده‌رچوونی سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت له عێراق به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا دایناوه بۆ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له مانگی ئابی داهاتوو؟
سه‌رۆك بارزانی_ به پێی لێدوانه‌كانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆزێف بایدن، پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر خشته‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نابێت.
*ئایا پێتوایه ئه‌مه‌ریكا له كشانه‌وه‌ی خۆی له عێراق جیدییه، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌رِیته‌وه بارودۆخ و شوێنی ئاسایی خۆی؟
سه‌رۆك بارزانی_ رێككه‌وتنامه‌ی ئه‌منی و ستراتیژی كه له نێوان حكومه‌تی عێراق و ولاَته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا مۆركرا كۆتایی به داگیركاری ئه‌مه‌ریكا هێنا، به‌لاَم كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به مانای كۆتایی پێهێنانی په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و ئه‌مه‌ریكا نایه‌ت، ئێمه پێویستمان به به‌رده‌وامی ئه‌و په‌یوه‌ندییه هه‌یه، بوونی ئه‌مه‌ریكاش له عێراق به مانای بوونی سه‌ربازی نییه، بۆیه ده‌كرێ له رێگه‌ی كه‌ناڵه دیبلۆماسییه‌كان و له رێگه‌ی رێككه‌وتنامه‌كان ئه‌مه‌ریكا بوونی هه‌بێت له عێراق.
*له روانگه‌ی په‌یوندییه‌كی باشی ئێوه له‌گه‌ڵ واشنتۆن، ئه‌و ئاسۆیه چییه كه ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌یه‌وه ده‌توانێ هاوكاری عێراق بكات بێئه‌وه‌ی ده‌ست بخاته ناو كاروباره‌كانی؟
سه‌رۆك بارزانی_ راسته ئێمه په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، ئه‌مه‌شمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق به‌كارهێناوه نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد به‌ته‌نیا، ئێمه پێشتریش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ر له رووخان و دوای رووخانی حكومه‌تی پێشوو راستگۆ بوون، هیچ رۆژێكیش فێڵمان لێنه‌كردوون به‌ڵكو وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی عێراقمان پێداون، هه‌ركاتێكیش پێویستی به‌وه كردبێ له‌و هه‌لاَنه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردوویه‌تی له‌عێراق ئێمه ره‌خنه‌مان لێ‌گرتوون، گوتوومه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌ك كه ئه‌مه‌ریكا له عێراق كردوویه‌تی برِیاری 1483 بوو كه تایبه‌ته به برِیاری داگیركردنی عێراق، كه ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره بوو.
*هه‌روه‌ها كه‌ی وه‌سایه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر عێراق كۆتایی دێت؟
سه‌رۆك بارزانی_كێشه هه‌یه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و حكومه‌تی عێراق هه‌وڵێكی زۆر ده‌ده‌ن بۆ ده‌رچوونی عێراق له‌و هه‌لاَنه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كردوونی، له‌وانه‌ش ده‌رچوونی عێراق له ژێر به‌ندی حه‌وتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
*ئایا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردی- توركی نزیك بۆته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئێوه راتانگه‌یاند له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ن؟
سه‌رۆك بارزانی_ نزیكه‌ی ماوه‌ی مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له توركیا بووم سه‌ردانییه‌كه‌شم بۆ توركیا وایداده‌نێم سه‌ركه‌وتوو بوو هه‌لێكی باش ره‌خسا بۆ ئاڵوگۆركردنی بیروچوونم له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا‌و به‌رپرسانی كورد، زۆر خۆشحاڵم چونكه هه‌ستم به‌كرانه‌وه‌و تێگه‌یشتنی توركیا كرد، هه‌روه‌كو هه‌ستم به‌وه‌شكرد توركیا سیاسه‌تێكی تازه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ ولاَتانی دراوسێ و بارودۆخی عێراق و كێشه‌ی كورد له ناوخۆی توركیا، ئه‌و كرانه‌وه‌ی توركیا ئێمه پشگیری لێده‌كه‌ین، بۆچوونم وایه‌و وایده‌بینم كه كێشسه‌ی كورد له توركیا ده‌بێ له رێگه‌ی دیالۆگ و ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكرێت ، ئێمه دژی توندوتیژین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئامۆژگاری لایه‌نی كوردیمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی په‌نا نه‌به‌نه به‌ر توندوتیژی. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا له رووی ئابووری و بازرگانییه‌وه پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو به‌دیده‌كرێ ، ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌روازه‌یه‌ك بن بۆ بۆ یه‌كتری و ولاَتانی دیكه به شێوه‌یه‌ك ده‌توانرێ له‌و رێگه‌یه‌وه ته‌واوی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش سه‌قامگیربن.
*ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به عێراق و ولاَتانی دراوسێ هه‌یه، ئێران له بر ی ده‌ست تێوه‌ردانه‌كانی ئێستای چۆن ده‌توانێ به‌شدار بێ له سه‌قامگیری عێراق؟
سه‌رۆك بارزانی_ بێگومان ئێران ده‌توانێ رۆڵێكی گرنگ بگێرێ له عێراق و ئێران، هه‌روه‌ها دراوسێیه‌كی گرنگی عێراقه، له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا‌و ئێران هاوسه‌نگ بكات چونكه ئه‌وان دوو ولاَتی دراوسێی گرنگی عێراقن. پێشنیاری ئه‌وه‌م بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی كردووه هه‌ركاتێك به‌ڵگه‌ی ته‌واو له به‌ر ده‌ست دابوو سه‌باره‌ت به ده‌ست تێوه‌ردانی ولاَتان پێویسته ئه‌و به‌ڵگانه كۆبكرێنه‌وه‌و بخرێنه به‌ر ده‌م ئه‌و ولاَته، راشكاوانه به‌و ولاَته‌ش بڵێن ئا ئه‌مه‌یه ده‌ست تێوه‌ردانه‌كان، پرسیار ده‌كه‌ین: ئایا ئه‌مه سیاسه‌تی حكومه‌ته یاخود هه‌ڵس و كه‌وتی ده‌زگایه‌ك یاخود چه‌ند ده‌زگایه‌كی دیاریكراوه له ناو ئه‌و حكومه‌ته؟ ئه‌مرِۆ ده‌ڵێم، هه‌ركاتێك به‌ڵگه‌ی ته‌واومان له‌به‌ر ده‌ستدابوو سه‌باره‌ت به‌و ده‌ست تێوه‌ردانه سلبیانه‌ی ئێران ده‌بێت له رێگه‌ی دیبلۆماسی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و ولاَته بكه‌ین و ده‌بێ خۆشمان له تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌دوور بگرین چونكه ئه‌مه به‌رژه‌وه‌ندی هیچ ولاَتێكی تێدانییه.
*پێتوانییه پێشنیاری به یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی دراوسێیانی عه‌ره‌ب وئه‌نجامدانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران سوود به په‌یوه‌ندییه‌كانی عه‌ره‌ب_ ئێران بگه‌یه‌نێ؟
سه‌رۆك بارزانی_ بۆچوونم وایه پێشنیاری ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری ولاَتانی عه‌ره‌بی عه‌مرو مو‌سا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته باش بێت ئومێد ده‌خوازین ئه‌نجامی ئیجابی لێبكه‌وێته‌وه.
*له میانی دانووستانه‌كانتان له‌گه‌ڵ ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی ، داوات لێنه‌كرد پشتگیرییه‌كی دیاری كراوی عێراق بكات؟
سه‌رۆك بارزانی_ كۆمكاری عه‌ره‌بی ده‌توانێ رۆڵێكی گرنگ له عێراق ببینێ هه‌روه‌كو ده‌توانێ رۆڵی خۆی له ناوچه‌كه ببینێ، ئێمه پێشوازی له هه‌ر رۆڵێكی كۆمكاری عه‌ره‌بی ده‌كه‌ین، به نیسبه‌ت ئێمه له هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ كۆمكاری عه‌ره‌بی هه‌یه، چونكه جیهانی عه‌ره‌بی بۆ ئێمه گرنگه، بۆ ئێمه گرنگه تێ‌یان بگه‌یه‌نین كه هیچ گومانێكیان له هه‌ڵوێسته‌كانی ئێمه نه‌بێ له به‌رامبه‌ر هه‌ر پرسێك، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له بوونی خۆمان له ناو مێژووی عه‌ره‌بدا بپارێزین.
*ئایا بوونی عه‌ره‌بی له عێراق به‌سه؟ یاخود ئێستا عێراق پێویستی به چییه؟
سه‌رۆك بارزانی_ عه‌ره‌ب دره‌نگ هاتنه عێراق ده‌ست پێشخه‌رییه‌كه‌ی میسریش گرنگ بوو ئه‌گه‌ر رووداوی شه‌هید كردنی باڵیۆز ئه‌یهاب شه‌ریف رووینه‌دابووایه، له راستیدا رۆڵی عه‌ره‌ب له عێراق به شێوه‌ی پێویست و داواكراو نه‌بووه.
*به‌لاَم ئێستا چۆنی ده‌بینن؟
سه‌رۆك بارزانی_ ئێستا ئاره‌زوو و پاڵنه‌رێكی زیاتر هه‌یه له پێشوو به نیسبه‌ت بارودۆخی عێراق.
*چی ده‌ڵێن ده‌رباره‌ی هه‌ولێرو داهاتووه‌كه‌ی وه نه‌خشه‌و پلانی ئێوه بۆ داهاتوو چییه؟
سه‌رۆك بارزانی_له هه‌ولێر بارودۆخێكی سه‌قامگیرمان هه‌یه له رووی ئه‌من و ئاساییشه‌وه ئێمه رۆژ به‌رۆژ ده‌زگا ده‌ستووریه‌كانی خۆمان تۆكمه‌ترو به‌هێزتر ده‌كه‌ین، به‌رده‌وامیش پشتگیری له بزووتنه‌وه‌و جووڵه‌ی بوژانه‌وه‌و په‌ره‌پێدان ده‌كه‌ین ، هه‌روه‌ها كار ده‌كه‌ین له پێناو پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر به هاولاَتیانمان له هه‌رێمی كوردستان، له هه‌مان كاتیش‌دا رۆڵی ئیجابی خۆمان ده‌گێرین له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق.