باشبۆگ: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌كه‌كه‌ بنه‌برِبكرێت

باشبۆگ: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌كه‌كه‌ بنه‌برِبكرێت
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ رایانگه‌یاند له‌ میانی په‌لامارێكدا كه‌ گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ شه‌وی رابردوو بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای توركیا له‌ ناوچه‌ی سمێندلی نزیك سنووری عێراق- ئێران ئه‌نجامیدا، 12 كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا 3 سه‌رباز له‌ ریزی سوپای توركیاو 9 گه‌ریلای په‌كه‌كه‌ش له‌ په‌لاماره‌كه‌دا كوژران.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ دیمانه‌یه‌كیدا كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی ستار ئه‌نجامیداوه‌، سه‌رۆكی سوپا سالاری توركیا ژه‌نه‌رِاڵ ئیلكه‌ر باشبۆگ دووپاتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ بنه‌برِبكرێت وجارێكی دیكه‌ نه‌توانی بێته‌وه‌ ناو گۆرِه‌پانی رووبه‌رِوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و سوپای توركیا.

باشبۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌رِای ئه‌وه‌ی سوپای توركیا توانیویه‌تی له‌ماوه‌ی 26 ساڵی رابردوودا به‌توندی به‌ره‌نگاری په‌كه‌كه‌ ببێته‌وه‌و زیاتر له‌ 30 هه‌زار گه‌ریلا بكوژێت و 10 هه‌زاری دیكه‌ش خۆی راده‌ستی توركیا بكاته‌وه‌، به‌لاَم هیشتا ئه‌و پارته‌ ساڵ به‌ساڵ زیاتر ده‌بێت و خۆیان له‌ شاخه‌كان قایمتر ده‌كه‌ن، گوتیشی په‌كه‌كه‌ توانای داراییه‌كی زۆری هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌3 ده‌روازه‌وه‌ یارمه‌تی به‌ده‌ست ده‌گات، یه‌كه‌میان ئاودیوكردنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌ك راپرتێك ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ 80% ی بازرگانی كردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ئه‌ورِوپا په‌یوه‌ندی به‌ په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌، ده‌روازه‌ی دووه‌م كه‌ په‌كه‌كه‌ توانای دارایی لێ به‌ده‌ست ده‌گات رفاندنی خه‌ڵكه‌، به‌لاَم سه‌رچاوه‌ی سێیه‌م ئه‌و پاره‌ زۆره‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌ورِوپا كۆده‌كرێته‌وه‌، گوتیشی بۆ رێگه‌ گرتن له‌ ده‌روازه‌ی سێیه‌م توركیا هه‌وڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ ولاَتانی ئه‌ورِوپا داوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ تواناكانی په‌كه‌كه‌ باشبۆگ گوتی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌ناگه‌یه‌كی باشن بۆ ئه‌و پارته‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوای له‌ حكومه‌تی عێراق كرد به‌رپرسیارییه‌تی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، هه‌روه‌كو داواشی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كرد هه‌ماهه‌نگی زیاتر بكات له‌گه‌ڵ وه‌زراه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌پێناو بنه‌برِكردنی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌.

باشبۆگ دووپاتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ تیرۆر له‌ توركیا كۆتایی نایه‌ت به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌نجام ده‌درێ ته‌نیا راگرتنی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌یه‌، دواتریش دووباره‌ ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ چلاكییه‌كانی وه‌كوئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1999 روویداو دواتریش جارێكی دیكه‌ له‌ 2004 دووباره‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌.
Top