سه‌رۆك وه‌زیرانى میسر پێشوازی له‌ سه‌رۆك بارزانى ده‌كات و به‌م نزیكانه‌ش شاندێكى میسرى سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كات

سه‌رۆك وه‌زیرانى میسر پێشوازی له‌ سه‌رۆك بارزانى ده‌كات و به‌م نزیكانه‌ش شاندێكى میسرى سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كات
له‌به‌رده‌وامى سه‌ردانه‌فه‌رمییه‌كه‌ى بۆ میسر، ئه‌مرۆ له‌قاهیره‌ دكتۆر ئه‌حمه‌د نه‌زیف سه‌رۆك وه‌زیرانى میسر پێشوازیی له‌ به‌رێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد .

دواتریش به‌ئاماده‌بوونى شاندى هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فروان سازكرا و دواى ته‌واو بوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شدا سه‌رۆك وه‌زیرانى میسر رایگه‌یاند كه‌ به‌ناوى خۆى و گه‌ل و حكومه‌تى میسره‌وه‌ به‌خێرهاتنى سه‌رۆك بارزانى بۆ میسرده‌كه‌ن و به‌م سه‌ردانه‌شى زۆر خۆشحالن .

دواتر باسى له‌ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نێوان هه‌ردوولا كرد، كه‌ بیرورا له‌باره‌ى پرۆسه‌ى سیاسى عێراق و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان ئالوگۆركراوه‌ و ته‌ئكیدیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌نزیكه‌وه‌ ئاگادارى رۆلى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانن له‌م پرۆسه‌یه‌ و ئه‌وه‌شى راگه‌یاند كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ میسر زۆر جێگه‌ى بایه‌خه‌ و ده‌مانه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندى له‌نێوان میسر و هه‌رێمى كوردستان له‌هه‌موو بواره‌كاندا هه‌بێت و له‌م نزیكانه‌ش شاندێكى میسرى سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كه‌ن .

هه‌ر له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا به‌رێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌ هه‌رێم و پێشڤه‌چوونه‌كانى له‌گشت بواره‌كاندا كرده‌وه‌ و جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كوردستان شوێنێكى ئارامه‌ بۆ كاركردن و پێشوازیی له‌هه‌موو هه‌ول و هه‌نگاوێك ده‌كه‌ین له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندى خه‌لكى كوردستان بێت.
Top