سه‌رۆك بارزانى له‌ كۆنگره‌یه‌كى هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ داود ئۆغلۆ: جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140 كێشه‌ى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر ده‌كات

سه‌رۆك بارزانى له‌ كۆنگره‌یه‌كى هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ داود ئۆغلۆ: جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140 كێشه‌ى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر ده‌كات
گوڵان- به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دوێنىَ 2/6/2010 به‌سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌یشته‌ توركيا و ئه‌مرۆ پێنج شه‌مه‌ 3/6/ 2010 له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌ش بۆ به‌رێزان مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و داود ئۆغلۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا به‌رێوه‌ چوو.

له‌م كۆنگره‌یه‌دا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵى خۆى بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ پیشانداو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ سه‌ردانى به‌رێزیان بۆ توركیا نیشانه‌ى به‌ره‌وپێشه‌وه‌وونى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌گرنگى توركیا له‌ ناوچه‌كه‌كرد و گووتى توركیا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌روازه‌یه‌ بۆ ئه‌ورپا و عێراقیش پردیكه‌ بۆ توركیا بۆ ده‌وڵه‌تانى كه‌نداو ، هه‌روه‌ها هه‌رێمى كوردستانیش پردێكى پته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان توركیا و عێراق.

سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ى كرانه‌وه‌ى دیموكراتیش له‌ توركیا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ هۆكارێك بوو بۆ گۆرینى مێژووى ناوچه‌كه‌ و گۆرینى په‌یوه‌ندیه‌كان ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستخۆشى له‌ به‌ریز ئه‌ردۆگان كرد كه‌ ئه‌و سیاسیه‌ته‌ى گرتۆته‌ به‌ر، و هه‌روه‌ها رۆڵى به‌رێز ئۆغلۆیشى له‌و گۆرانكاریه‌دا به‌رز نرخاند و داواى كرد كه‌ پێویسته‌ هه‌موو هاولاَتیانى توركیا پشتگیرى له‌و سیاسه‌ته‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كۆتایى به‌خوین رشتن و توندوتیژى بێت و كێشه‌كان به‌ شیوازێكى دیموكراتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

پاشان له‌وه‌لاَمى پرسیارى رۆژنامه‌وانان و سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ 6 ساڵ له‌مه‌به‌ر به‌رێز مسعود بارزانى له‌توركیا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك ئاماده‌ین شه‌رِ بكه‌ین، به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جارێكى دووپارتى كرده‌وه‌ ده‌ستوورى عێراق رێگه‌ چاره‌ى كێشه‌ى كه‌ركوكى به‌ ماده‌ى 140ى ئه‌و ده‌ستوره‌ دیاریكردووه‌ و به‌ جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140 یش ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین ئه‌و ماده‌یه‌ جێبه‌جىَ بكرێت.

شایه‌نى باسه‌ له‌م كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا ته‌نها ئالاَى توركیا له‌پشت داود ئۆغلۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا دانرابوو، به‌لاَم ئالاَى عێراق دانه‌نرابوو ، بۆیه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌ردوو به‌رێزان بارزانى و داودئۆغلۆیان پرسى هۆكارى دانه‌نانى ئالاَى عێراق چى یه‌؟ به‌رێز ئۆغلۆ رایگه‌یاند هیچ مانایه‌كى نیه‌ حه‌زده‌كه‌ن ئێستا داى ده‌نێن و به‌ریز بارزانیش ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد هه‌تا پرسیاره‌كه‌تان نه‌كرد تێبینى ئه‌وه‌م نه‌ركردبوو ئالاَى عێراق دانراوه‌ یان نه‌ْ .
Top