پێناسه‌ی عه‌ره‌ب: هه‌ر عه‌ره‌به‌

پێناسه‌ی عه‌ره‌ب: هه‌ر عه‌ره‌به‌

خۆ من ناڵێم داهاتی كوردستان نادزرێت.
خۆ من ناڵێم خێر و بێری كوردستان به‌شی ده‌ ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵكی كوردستان ناكات.
خۆ من ناڵێم سه‌رمایه‌دارانی كورد، زۆربه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتا نین و، له‌ رنینه‌وه‌ی پارووی ده‌می هه‌ژاراندا، پێشبڕكێ ناكه‌ن .
خۆ من ناڵێم له‌ حه‌شارگه‌ی یه‌ك ماڵه‌ مه‌سوولدا، مووچه‌ی چه‌ند مانگێكی هه‌موو كوردستانی تیا نیه‌.
خۆ من ناڵێم ئه‌گه‌ر نیوه‌ی داهاتی كوردستانیش بدزن، نیوه‌كه‌ی تری به‌شی خۆشگووزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی ناكات.
زۆر شتی تریش ماوه‌ و، لای مناڵێكی كوردیش له‌به‌ر چاوه‌، كه‌ چنگی چه‌ند كه‌س و لایه‌ن، به‌شداری دزینی ماڵی كوردی تاڵان كراوه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ پیاده‌ ئه‌كرێت، ئه‌ونده‌ی تر برسی كردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌، قۆستنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانه‌، كه‌ بوونه‌ته‌ له‌مپه‌ڕ بۆ ئیفلیج كردنی پڕۆسه‌ی چاكسازی، له‌ هه‌مان كاتدا هاندانی لایه‌نه‌كانیی سه‌ر به‌ خۆیانه‌، بۆ نه‌وه‌ستان له‌ گه‌نده‌ڵیی، ئینجا جۆڵاندنی به‌كرێگیراوه‌كانیانه‌ بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌ سه‌رلێشێواوه‌ی بۆته‌ چقڵی چاوی عرووبه‌. خه‌ڵكی هه‌ژاریش وه‌ك كورده‌كه‌ی وتی: وای له‌ قوونێ وای له‌ دۆشاوێ. له‌ نێوان ئازادی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژێر چه‌پۆكی عه‌ره‌ب و، سك تێربوونی له‌ قه‌فه‌سی عرووبه‌دا كامیان هه‌ڵبژێرێت؟
لێره‌دا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورد بزانێت، نه‌دانی مووچه‌ له‌ ئێستادا پلانی عه‌ره‌به‌ بۆ له‌ ناوبردنی قه‌واره‌ی كورد، ئه‌وه‌ش كه‌ سه‌رۆكایه‌تی فشار ئه‌كات ئه‌و خۆ‌فرۆشانه‌ن، ریمۆته‌كا‌نیان له‌ به‌غداوه‌ كۆنترۆڵ ئه‌كرێت.
Top