ئاییندەی سیستەمی ئەمنی و بەرگری لە چەند دەوڵەتێکی ناوچەکە شیکردنەوەو ھەڵسەنگاندن

ئاییندەی سیستەمی ئەمنی و بەرگری لە چەند دەوڵەتێکی ناوچەکە شیکردنەوەو ھەڵسەنگاندن

بۆ خوێندنەوەی سیستەمی ئەمنیی ھەرێمی لەم ناوچەیەدا، چەند دەوڵەتێک ھەڵدەبژێرین کە پێگەی خۆیان ھەیە لە ڕووی جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیجی، دەوڵەتەکانیش بریتین لە تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا، دەوڵەتانی کەنداو، ئەمانە ھەموویان وەک نموونە وەردەگرین و شیکردنەوەیان بۆ دەکەین کە سیستەمی ئەمنیی ھەرێمی لەو دەوڵەتانە بەرەو چ ئاستێک دەڕوات، سەرەتا مەبەستمان لە سیستەمی ئەمنیی ھەرێمی ئەوەیە، کە نەک ھەر تەنیا فاکتەرەکانی بەرگری دەگرێتەوە، بەڵکو فاکتەرەکانی جیۆپۆلەتیک وەک سەرچاوەکانی سروشتی و ئاوو مرۆیی، ئەوانەی پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی ناوخۆو دەرەوە، سیستەمە سیاسییەکان بە پلەی سەرەکی و سیستەمی فرە حزبی، ھەروەھا چۆنێتیی وەرگرتنی دەسەڵات و رادەی خوێندنەوەی بارۆمەتریی دیموکراسی بۆ ئەم سیستەمانە.
سەرەتا باس لەوە دەکەم کە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، ئەم گۆڕانکارییە شێوازی بەھاری عەرەبی ناگرێتەوە، بەڵکو خوێندنەوەی قووڵایی مێژووی سیاسیی ئەم دەوڵەتانە، وا دەکات کە دەبێت لەو شێوازە ئەمنییەی ئێستا تێیدانە دەربچن، گۆڕانکاریی تێدا بێت، بە ڕای منیش گۆڕانکاری لە ناوخۆدا دەبێت بە کاریگەریی فاکتەری نێودەوڵەتی، مەبەستم ئەوەیە کە گۆڕانکاری بە خۆپیشاندان و ھەڵگری دروشمەکانی یەکسانی و دیموکراسییەت نابێت، بەڵکو ئەم جارە ھەروەک ئاماژەم پێ کرد لە پێگەی جیۆپۆلەتیک کە ململانێی ناوخۆی ئەم دەوڵەتانە لە ئارادایە. ئەم ململانێیەش تا ئەو کاتەیە کە ئەم دەوڵەتانە بەرەو لاوازی بچن و چەند کیانێکیان لێ ببێتەوە.
بەم شێوازە ئەگەر لە ئێرانەوە دەست پێ بکەین، ئەزموونی چەند ساڵەی ئینقلابی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا ئێران لە ڕەوشێکی نا سروشتی و نالەباردایە، وا دەکات کە قەیرانەکانی ناوخۆی بۆ دەرەوە ھەناردەبکات، بیرۆکەکانی ئاماژەپێکراو لە دەستووری ساڵی ١٩٧٩ و ھەموارکراوی ساڵی ١٩٨٩ی ئێران دەربارەی ویلایەتی فەقیە و ھەناردەکردنی ئینقلاب بۆ دەرەوە و پەیداکردنی باڵی سیاسی و سەربازی لە دەرەوە، واتا لەو شوێنانەی کە لایەنگرانی ئەو دەوڵەتەی تێدایە، ئەمە چەندین گەشەی بۆ درووست کردووە، کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، ھەروەھا گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و ئابڵۆقەی نێودەوڵەتی و ئابڵۆقە و سزاکانی ئەمریکی، ئێران دەوڵەتێکی دەوڵەمەندو فرەڕەھەندو ئایین و ئایینزاو نەتەوەیە، بە داخەوە لەم چل ساڵەدا ئەو فرەییانە نەقۆسترانەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی مۆزاییک، بە پێچەوانەوە گرژیی ئایین و نەتەوەیی و ئایینزایی لەو دەوڵەتەدا ھەیە، بۆیە ھیچ چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ ئەم کێشانە نییە، دەبینین تەقینەوەو خۆپیشاندان ھەن، ھەروەھا ریفۆرمخواز و ئۆپۆزسیۆن ھەن، بەڵام ئەم سوودەی نەبوو کە ئێران بەرەو ئاستێکی دیکە بڕوا، ئێستا ئێران پاڵێوراوە بۆ ئەوەی لە ناوخۆیدا بتەقێتەوەو قەوارەگەلی جیاجیای لێ بێتەوە، بۆ نموونە قەوارەی فارسی و کوردی و بلوشی پەیداببن، ھەروەھا پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان شیعەو سوننە لە ئێران بە ئاستێکی دیکەدا بڕوات.
ئەگەر بێینە سەر تورکیا، تورکیای کەمالیزم کە بەرەو سەد ساڵەی دامەزراندنی دەچێت، ئەم تورکیایە لەسەر بنەمای ئاسایشێکی نەتەوەیی ڕەگەزپەرست دامەزراوە تا ئەو ئاستەی کە ئێستا تێیدایە، ڕاستە لەو وڵاتە مۆدێرنیزم و نوێبوونەوەو پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاواو بە ئەوروپاکردنی ژیان، ھەروەھا دوورخستنەوەی سیاسەت، ئەمانە ھەموو ھەبوون، بەڵام لەبەر ئەوەی تورکیا خاڵی پەیوەندییەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاواو فرە نەتەوەو ئایینە، فرە نەتەوەیە بە پلەی سەرەکی، بەڵام تا ئێستا کێشەی نەتەوەکانی چارەسەرنەکردووە، تەنانەت حوکمڕانی ئەم وڵاتە کە خۆی لە ئۆردوگان و گرووپەکەی دەبینێتەوە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ نەتەوەخوازو ڕەگەزپەرستەکان سیاسەت بەڕێوە دەبەن، تا ڕادەیەکیش ڕاستە دامەزراوەی سەربازی ئەم ڕۆڵەی نییە، بەڵام لە درێژەپێدانی جەنگ لەگەڵ کورد ئەم دامەزراوەیە سوودبەخشە، چونکە ئەگەر ئەم ململانێیە سەربازییە نەبێت دامەزراوەکە بێ کار دەمێنێتەوە، لە ھەندێ شوێنیش وەک قوبرس و یۆنان و تەنانەت ئێستا بەرەو لیبیا و سووریا، تا ڕادەیەک تەماعکاری لە عێراق، وا دەکات کە ئێستا تورکیا باڵە توندڕەوەکەی نزیکە ڕەگەزپەرستەکان نەک باڵە عەقڵانییەکەی وەک ئەوەی لە ماوەیەکی پێشوو، لە دە ساڵی ڕابردوو تێبینیمان دەکرد، پارتی دادپەروەری و گەشەپێدان ڕۆڵ ببینێت.
ڕاستە تورکیا دەوڵەتێکی عەلمانییە، بەڵام دوو جۆرە ئیسلامی تێدایە، ئیسلامی سیاسی کە ئێستا ئۆردوگان نوێنەرایەتیی دەکات و ئیسلامی کۆمەڵایەتی کە گولەنییەکان نوێنەرایەتییان دەکرد و سیاسەتێکی دیکەیان ھەبوو لە گەشەپێدانی تورکیا و پاکێجە دیموکراسییەکان، بۆیە تورکیاش پاڵێوراوە کە ئەم سیستەمە بەرگری وئەمنییەی بەرەو پارچەپارچەبوون بڕوات، ھەروەھا چەند قەوارەیەکی دیکە لەم دەوڵەتە پەیدا بن.
ئەگەر باسی عێراق بکەین، عێراقیش لە قووڵایی مێژوویی چۆن دامەزرا، بەو شێوەیەی ئاماژەی پێکراوە، لەم ماوەیەی ڕابردوو ھەرچەندە بەرزی ونزمی ھەبووە لە پەیوەندییە سیاسییەکان، بەڵام تا بوومەلەرزە سیاسییەی کە لە ٢٠٠٣ ڕوویدا بە ھاتنی ئەمریکییەکان و گۆڕانکاریییە سیاسییەکانی لێ کەوتەوە، ئێمە لە مێژووی سیاسەتەوە عێراق وا دەخوێنینەوە، عێراقی پاشایەتی کە لەسەر بنەمای ڕەوەندی پاشایەتین، عێراقی کۆماریی ١٩٥٨ تا ٢٠٠٣، لە عێراقی کۆماری دیموکراسییەت بەرەو ئاستێکی دیکە چوو کە جۆرە بۆشاییەک پەیدا بوو، ژیانی دەستووری و دامەزراوەیی نەمابوو، تەنانەت لەو دەوڵەتە کە بنەماکانی پێشکەوتنی لە زۆر ھەنگاودا تێدا بەدی دەکرا، بەڵام تووشبوونی بە چەندین جەنگی خوێناوی و درێژخایەن وای کرد کە عێراق لە ٢٠٠٣ گۆڕانکاری تێدا ڕووبدات، خوێندنەوەی ڕووداوەکانی پاش ٢٠٠٣ بە بوونی دیموکراسییەت و لیبرالییەت، ئاماژە بەوە دەکات کە دیموکراسییەتەکە بێ دیموکراسییەکانن، ھەروەھا فیدرالییەتەکە بێ فیدرالییەتەکانن، واتا نە باوەڕ بە دیموکراسیەت و نە بە فیدرالییەت ھەیە، ئەزموونی ھەرێم و بەغدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەرزی و نزمیییەک لە ئارادایە لە ڕووی پەیوەندییەکان و زۆر کێشەکانی پەیوەست بە ماددەی ١٤٠ بە پلەی سەرەکی و خاڵەکانی دیکە. فاکتەری ھەرێمی کاریگەری بەسەر عێراقدا ھەیە وەک ئێران و تورکیاو دەوڵەتەکانی کەنداو و تاڕادەیەکیش ململانێی نێودەوڵەتی، بۆیە داھاتووی عێراقیش وا دەبێت، ئەزموونی خۆپیشاندان لە عێراق چ لە خۆپیشاندانە ملیۆنییەکانی موقتەدا سەدر یان خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، ھیچیان لە ھاوکێشەکە نەگۆڕی، چونکە ئەوەی لە عێراق باڵادەستن مەرجەعییاتی ئایینی و مەزھەبییەکانن، تەنانەت بەشێکیان نەتەوەیین، بەڵام تا ئێستا خوێندنەوەی نەخشەی پێکھاتەی نەتەوەیی، ئایینی ، مەزھەبی لە عێراق نەخشەیەکی زۆر ئاڵۆزە، پلەی سەرەکییش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەم ھەموو پێکھاتانە لەو دۆخەی ئێستا مەترسی ئەوە ھەیە بەرەو دەوڵەتێکی مەزھەبی بڕوات، دەستووری ٢٠٠٥یش تا ڕادەیەک ئەم دیاردانەی تێدایە، کە دەبێ سەرۆک وەزیران شیعە بێت و سەرۆک کۆمار کوردو سەرۆکی پەرلەمانیش سوننە بێت، ئاماژەش بەوە دەکات کە دەبێ گۆڕانکارییەک لە ھاوکێشەکانی عێراقدا بکرێت، منیش وای بۆ دەچم کە گۆڕانکارییەکە بە دروستبوونی قەوارەگەلی جیاجیا، نەک بەو شێوازەی کە عێراق ئێستا لەنێو دوو سیناریۆدایە، سیناریۆی عێراقی سەنترالیزم وسیناریۆی عێراقی فیدرالی، من پێموایە تا ڕادەیەک چارەسەری کۆنفیدرالییەت بۆ داھاتووی عێراق بەجێیە، چونکە ھیچ تێگەیشتنێک نەبوو بۆ فیدرالییەت و کوردیش ناچار بوو پەنا بۆ ڕیفراندۆم ببات، ئێستا چارەسەر بۆ کێشەی عێراق لە پارچەپارچە بوون، ئەوەیە کە تەبەنای کۆنفدرالییەت بکرێت، ھەموو لایەک وەک دراوسێ بژین بۆ خزمەتی ئەم وڵاتە.
سەبارەت بە سووریا، ئاشکرایە کە ئێستا سووریای ٢٠١٠ نییە، سووریای بێ ھێزو لاوازو داگیرکراوە، کوردیش تا ڕادەیەک پێگەی خۆی ھەیە، بەڵام فاکتەری نێودەوڵەتیش کاریگەریی ھەیە، بۆیە کارکردن بۆ دەستوورێکی تازە لە سووریا دەبێ جیا بێت لە سووریای عەرەبی، بەڵکو سووریای دیموکراسی لەبەر چاو بگیرێت، ڕێزیش لە مافی پێکھاتەکان بگیرێت.
ئەگەر بێینە سەر لوبنان کە نموونەی سیستەمێکە، فرەئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبییە، سیستەمەکەشی لە ١٩٤٣ فەرەنسییەکان بەو شێوەیە دایاننا، تا ئێستا ئەم سیستەمە جۆرە سەرکەوتنێکی بەدوای خۆیدا نەھێناوە، تەنانەت ئێستا لوبنان لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزدایە، شەڕێکی ناوخۆی دوورودرێژی دیوە، زنجیرەی تەقینەوە ھەیە، زنجیرەی گرژیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی تێدایە، بۆیە ئەویش پێویستی بە گۆڕانکارییە لە سیستەمی سیاسی، خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە، دیسان دەڵێم سیناریۆی خۆپیشاندانەکان چ لە عێراق یان لە لوبنان وەک سیناریۆکانی بەھاری عەرەبی نەبوو، کە گۆڕانکاریی سیاسییان بەدواوە بێت، بەڵکو دەبێ بە پارچەپارچەبوون گۆڕانکاری بێتە ئاراوە.
دەوڵەتەکانی کەنداو، لەم قۆناغەدا گۆڕانکاری بە خۆیانەوە نابیین، سیناریۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دەوڵەتانە دەدۆشرێن، ئەو سەرمایە زەبەلاحەی ھەیانە، وا دەکات سیستەمی ئەمنیی بەرگرییان بەرامبەر بە ململانێی ئێران لە ناوچەکە زیاتر بێت، بۆیە ئەم دەوڵەتانە پەنا بۆ سیستەمێکی ئەمنی و بەرگریی میللیتاری دەبەن، چەک زیاتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی دیکە دەکڕن بۆ بەھێزکردنی خۆیان، ھەرچەندە ئەم سیستەمانە لە داھاتووی درێژدا ڕەنگە ئەم دەوڵەتانە گۆڕانکارییان تێدا بێتە ئاراوە بە بوونی نەوەی سێیەم.
پرسیارەکە لەوەدایە، گۆڕینی سیستەمی ئەمنیی ھەرێمی لە ناوچەکە کاریگەریی چییە لەسەر کەیسی کورد؟ کورد دەبێت گۆڕانکاریی ئەمنی ناوچەکە بقۆزێتەوە، دەبێ سیناریۆی خۆی ھەبێت، ھەروەھا ستراتیجییەتی خۆیشی ھەبێت لە مامەڵەکردن لەم مەسەلەیەدا، چونکە فاکتەرەکان لە بەرژەوەندیی کوردانن، تاکو لەو دڵەڕاوکێیەدا نەمێنێت بەتایبەتی لە ھەرێمی لە باکووری کوردستانیش پێویستە عەقڵ و لۆژیک بگەڕێنەوە ،ھێزە سیاسییەکانی تورکیا بە تایبەتی ئەوانەی بڕوایان بە توندوتیژی ھەیە، پەنا بۆ شێوازی دیکەی دیموکراسی ببەن، ڕۆژھەڵاتیش پێویستە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد کە خۆی لە حزبە سیاسیەکاندا دەبینێتەوە بەرەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراسی پێک بھێنن، ئەو نزیکبوونەوەی ئەنەکەسەو ھەسەدە لە سووریا لە ڕۆژئاوای کوردستان ھەنگاوێکی باش بوو.
لە عێراق دەبێ خۆمان یەکلا بکەینەوە، نەک ژیان بەو شێوازەی بە پێی مەرجەعییەتی دەستووری ٢٠٠٥، چونکە لایەنی بەرامبەر پێشێلی دەستووری زۆرە و تا ڕادەیەک بڕواشی نە بە دیموکراسییەت و نە بە فیدرالییەت ھەیە، بۆیە دەبێ ئێمە خۆمان بۆ چەند سیناریۆیەک ئامادە بکەین، بە ڕای من سەرۆک مسعود بارزانی ئەم ھاوکێشانە لە ناوچەکە دەخوێنێتەوە، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە مەسەلەی گۆڕانکاری لە سیستەمی ئەمنی و بەرگری لە ناوچەکە، چونکە شوێن پەنجەی دیارە لە تورکیاو ئێران و سووریاو عێراق، تەنانەت لە مەودای گۆڕەپانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.























Top