ئاسایشی نەتەوەییمان و ھاوکێشە ئاڵۆزەکان بەرەو کوێ؟

ئاسایشی نەتەوەییمان و ھاوکێشە ئاڵۆزەکان بەرەو کوێ؟

سەرەتا پێویستە پێناسەیەکی کورت بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بکەین، ھەروەھا گەڕان بە دوای دابینکردنی قەوارەیەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووەکانی ھەر قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی، لە بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەییدا دەوەستین لەسەر مەسەلەکانی دیبلۆماسییەت و ئابووری و ھێز، لە جیھانی ئەمڕۆدا ئاسایشی نەتەوەیی بەرەو گۆڕانکارییەکی زۆر چووە، ھەر لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە گۆڕانکاری لە سیستەمی نێودەوڵەتی بە دیاردەی جیھانگیری، ھەروەھا بە بوونی تیرۆری نێودەوڵەتی و زۆر دۆسییەی ئاڵۆز، ئەمانە ئاسایشی نێو دەوڵەتییان خستۆتە بەرامبەر چەند ھاوکێشەیەکی ترسناک و ئاڵۆز، دۆسییەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی بریتین لە دۆسێی ناوخۆی ھەر قەوارەیەک کە پەیوەستە بە دامەزراوەکان و سیستەمی سیاسی و سەقامگیری، ئەمە چەند دامەزراوەیەک دەگرێتەوە دۆسیەی ناوخۆ، دامەزراوەی ئاسایش و بەرگری، ئابووری، کۆمەڵایەتی، زانست و تەکنەلۆجیا، پێکھاتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشت و گوزار، لە ھەمووی گرنگتر دامەزراوەی دیبلۆماسی، دۆسیەی دەرەوە پەیوەستە بە ھاوکاریی و پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان قەوارەکان، پەیوەندیی ھەرێمی نێوان ئەو گرووپە ھەرێمییەی کە ئەم قەوارەی تێدا دەژی، ھەرێم و جیھان بە پێی ئەو گۆڕانکارییانەی ئاماژەم پێ کردن، جگە لەمەش لە جیھانی ئەمڕۆ ئەکتەری دیکەش ھەن ڕۆڵ دەبینن لە ئاسایشی نەتەوەیی، وێڕای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی حکومی و غەیرە حکومی، ئەگەر شیکردنەوەیەکی ئەمنی بکەین بۆ بارودۆخی ھەرێمی کوردستان دەبێ لە دوو دیدگاوە بکرێت: دیدگای جیۆپۆلێتیک، دیدگای جیۆ سیاسی، لە دیدگای جیۆپۆلەتیک پێگەی خۆمان و سەرچاوەکان و تواناکان و لاپەڕەکانی بەھێزی و بێ ھێزی، دیدگای جیۆسیاسی بریتییە لە سنووری جوگرافیی سیاسیی جۆراوجۆر، ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە زۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ھاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و رۆڵی دیبلۆماسییەت لەم بوارەدا.
ئاشکرایە کە ئاسایشی نەتەوەیی ھەرێم ڕووبەڕووی چەندین ھاوکێشەی مەترسیدار و ئاڵۆز دەبێتەوە، ئەگەر واقیعی ھەرێمی کوردستان شرۆڤە بکەین، دەبینین کە دامەزراوەکانی دەستووری و یاسایی بە شێوازێکی دیموکراسی ھاتوونەتە ئاراوە، بە پێوەری ھەڵبژاردن و شایستەکان و ئەنجامیش ڕوون و ئاشکرایە، لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کابینەی نۆوەوە، ئەم حکومەتە خاوەن بەرنامەو سیاسەت و ستراتیجییەتی تایبەت بە خۆیەتی لە ئەنجامی ئەزموونی سی ساڵ لە ھەرێمی کوردستاندا.
گرنگترین خاڵەکانی حکومەت ئەوە بوون کە دەست بە سیاسەتی چاکسازیی کرد، وەک لە ئەدەبییاتی ئەکادیمی پێی دەڵێین( ئامێری فارگۆنی شەمەندەفەر) واتا فارگۆن بە فارگۆن چارەسەربکات، کە خۆی لە سیستەمی موچەو شتی دیکەدا دەبینێتەوە.
ئێستا ھەرێمی کوردستان وەک وڵاتانی جیھان تووشی ئاسایشێک بووە کە پێی دەڵێین(ئەمنی پەتایی)، کە پتر لە ٣٠ ساڵە ئەم جۆرە ئەمنە پەیدابووە، وەک نەخۆشییەکان ئایدز و سارس و کۆڕۆنا، پەتای کۆڕۆنا ھاوکێشەی ئاسایشی نەتەوەیی خستە بەرامبەر مەترسییەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەگەر جیھانگیری جیھانی کردبێتە گوندێکی بچووک، کۆڕۆنا جیھانی کردە چەند ماڵێکی بچووک بۆ خۆحەشاردان، بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، ئەوەی جێگەی سەرنجە بە ھۆی ئەو نەخۆشییەوە ھاوکاریی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە و جۆرە خۆپەرستییەک سەری ھەڵداوە، تا ئێستاش ھیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
ھاوکێشەیەکی دیکەی مەترسیدار و ئاڵۆز بەرامبەر بە ئاسایشی نەتەوەییمان بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی شۆڕشی تەکنەڵۆجیای نەوەی پێنجەم، لە دڕندەیی ئەنتەرێت و ئامێرەکانی سۆشیال میدیا وەک دڕندەیەک بۆسەر قەوارەکان، وا دەکات کە ئەو سیاسەت ئاراستە بکات، ھەر چەندە ھەندێ حاڵەت سیاسەت ئاراستەی سۆشیال میدیا دەکات، بەڵام من سۆشیال میدیا بە ئاژەڵێکی دڕندە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێم.ئەوەی لە ھەرێم ڕوودەدات لە ھاوکێشە مەترسیدارەکان کۆمەڵێک لوغمی سیاسی و پیلانی مینڕێژکراو ھەم، بۆیە پێویستە وریابین نەبادا بتەقنەوەو زیانمان پێ بگات.
لە ڕاستیدا لە سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان لەم ماوەی ڕابردوودا جۆرە سەرکەوتنێک بەدی دەکرێت لە ھەندێ مەسەلەدا، بەڵام لە ھەندێ مەسەلەی دیکەش پێویستی بە ھەڵوەستەو توێژینەوەو خوێندنەوە ھەیە، لە سەرووی ھەمووان دووپاتی دەکەمەوە بوونی ئەنجومەنێک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، ئێمە جیایە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم، ئەوەی دوایی وێڕای ھەوڵ و تەقەلاکانی ئەنجومەنێکی پیشەییە، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وەکو لە ھەموو دەوڵەتەکان لە دەستووری دەوڵەتەکان ئاماژی پێ دەکەن یان یاسای تایبەتیی بە خۆی ھەیە، ئەنجومەنێکە پاڵپشت بە سەرچاوەی ئەکادیمی و توێژینەوەی ئەکادیمی و سیاسی و ئابووری، لە چەند گرووپێک پێکدێت وەک گرووپی دیبلۆماسی و بەرگری و ئەمنی و ئابووری و چەند گرووپی دیکەی پەیوەست بە سیاسەتی گشتی، بۆیە دەبێ لە ئێستاوە بیر لەم مەسەلەیە بکرێتەوە، ھەر چەندە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکرێت، خاڵێکی دیکە کە تێبینی دەکەین لە سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی کەمتەرخەمییە لە نەبوونی ڕۆڵی سەنتەرەکانی توێژینەوەو دیراساتی ستراتیجیی ئایندەیی بۆ ھەرێم، ئەو سەنتەرانە وەک ڕوانگەیەکی ئاگادارکردنەوەن بۆ پێشھاتەکانی داھاتوو، کە چ بکرێ یان نەکرێ، بەرامبەر بە سیناریۆکان، ڕۆڵی ئەکادیمییەکان جۆرە پەراوێزخستنیان تێدایە، بە تایبەتی ئەوانەی چەندین ساڵە ئەزموونیان ھەیە لەو گرفتانەی ئاماژەم پێکردن کە پێویستیان بە دیراسە ھەیە.
بۆیە ئێمە لە سیاساتی ئاسایشی نەتەوەییدا تا ئێستا لەسەر بنەمای دۆسێیی پەروەردەیی و خوێندنی باڵاو کاتووری و نێودەوڵەتی و ھەرێمیمان نییە، بۆیە دەبێ لە ئێستاوە کاربکرێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکان تا دۆسێیمان ھەبێت لەسەر ئەو بنەمایە توێژنەوە بۆ مەسەلەکانی ئێستاو ئاییندە بکەین. ئاشکرایە ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان سەیری دۆسێی ناوخۆ بکەین کۆمەڵێک تەحەددی ھەیە، پەیوەستن بە بیروبۆچوونی جیاجیاو دامەزراوەکانی دەستووری و یاسایی، ھەروەھا داڕشتنی بڕیار چ لە پەرلەمان یان لە دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم یاخود لە حکومەت کە پێویستیان بە پێداچوونەوەیەک ھەیە.
پەیوەندیی ھەرێم و عێراق ئاڵۆزەو ئەمە ھی ئێستا نییە، من پێموایە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تا دەگاتە ئەمڕۆ، بەڵام لەپاش ٢٠٠٣ وە ئەم پەیوەندییانە بە ئاسۆیەکی دیکەدا ڕەت بوون، بۆیە دەبێ زۆر وریا و وردبین و ژیر بین بەرامبەر بە بەغدا، بەغدای ئەمڕۆ بەغدای جاران نییە، ھەروەھا بە شێوەیەکی دیکە بەغدا سەیری دۆسییەکانمان دەکات، بۆیە دەبێ خۆمان بۆ ھەموو ئەگەرەکان ئامادەبکەین، ھەندێ داواکاری دیکە پەیوەست بە شێوازی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان لە مەسەلەکانی لامەرکەزییەتی ئیداری و دارایی و ھەندێ بۆچوون بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئەمە ئەنجامێکی ناسروشتییە بۆ ئەو ململانێیانەی ئێستای کوردستان، دەبێ ھەرێم خۆی بەرزبکاتەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، جگە لەمە ئەگەر خۆمان لە کوردستانی گەورە جیانەکەینەوە(باکوورو رۆژھەڵات و ڕۆژئاواو)و ئێمەی باشوور کە بنکەیەکی نەتەوەیین بۆ ئەم مەسەلەیە، دەبێ ئەم دۆسێیەش ئاستی بوونی ستراتیجییەتێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و جۆرە ھەماھەنگی و ھاوکاری لێکگەیشتنێک زۆر بە گرنگی دەزانین، بۆیە بە ڕای من سەرۆک مسعود بارزانی دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و بنەڕەتی بە پلەی سەرەکی لەم دۆسێیەدا ببینێت، لەژێر ڕۆشنایی ئەزموونی سەرەکیی بەڕێزیان کە پتر لە ٥٠ ساڵە بەردەوامە، بۆیە جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە کە ھاوکێشەکانی بەرامبەر ئاسایشی نەتەوەییمان مەترسیدارو ئاڵۆزن، ئێمەش دەتوانین تەنیا بە دۆسیەو بە بنەمای ئەکادیمی و زانستی و خوێندنەوەی لاپەڕە بەھێزو بێ ھێزەکانی خۆمان بەرامبەر ئەو ھاوکێشانە بوەستین.
پەیوەندیی مەسەلەی داعش بە ئاسایشی نەتەوەییمان، ڕوون و ئاشکرایە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە، ھەر چۆنێک بێت سەرھەڵدانەوەو ڕووبەڕووبوونەوەو ئەنجامەکانی دیارن، ئێستا دەنگۆی ئەوە ھەیە کە لە ئاییندەدا داعش چ ڕۆڵێک دەبینێت لە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، سەرھەڵدانەوە تازەکەی داعش تەمومژاوییە، ئایا شانە نووستووەکانن جارێکی دیکە دەستیان بە چالاکی کردۆتەوەو کێ پاڵپشتیی لۆجیستی و داراییان دەکات، ئەمە ھەموو پرسیارن، وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستیان بە توێژینەوەو ھەڵسەنگاندن ھەیە، سەھەڵدانەوەی داعش ھاوتەریب لەگەڵ کۆڕۆناو قەیرانی دارایی و نرخی نەوت، ئەمانە پرسگەلێکی مەترسیدارن دەبێ لەسەریان بوەستین، لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان، پێویستە ئێمەش لەمەدا تەنیا پشت بە لایەنی سەربازی و ھەواڵگری نەبەستین، بەڵکو ئەمە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە دەبێ ڕۆڵی خۆیان ھەبێت، بە تایبەتیش ئەمریکا لە ناوچەکە، دەبێ عێراقیش بخەینە خانەی شەرمەزاری لەم مەسەلەیە، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا دەمەوێ ئاماژە بە مەترسیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەر سنووری ھەرێمی کوردستان چ لەلایەن تورکیا یان ئێرانەوە، کە ئەم بابەتانە پێویستیان بە توێژینەوە ھەیە، ئەوەی پەیوەستە بە تورکیاوە دەبێ پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی تورکیا بگەڕێنەوە بۆ لۆژیکی عەقڵ و دەست بکەنەوە بە دیالۆگ دوای ئەو ھەموو قوربانییانەی لە ھەردوو لا کەوتۆتەوە، سەبارەت بە ئێرانیش ئەو ھەموو ھێزە سەربازییە زەمینییەی لەسەر سنووری ھەرێمی کوردستان کۆی کردۆتەوە بۆ لێدانی حزبە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی، ھەرچەندە من لەو باوەڕەدام کە ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانە تا ڕادەیەک بە لۆژیکی عەقڵ مامەڵەی کردووەو زۆر دەست وەرناداتە ناو ئێران، بەڵام لە کاتی پێویست وەک ھێزی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵی خۆی لە ئێران دەبینێت، بۆە دەبێ بۆژیکی عەقڵ زاڵ بێت بەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران دوای بڵاوبوونەوەی ئەو کۆڕۆنایە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە گرفتی ئابووری و گەمارۆی ئەمریکی ھەیە.
لە ڕاستیدا کێشەی کورد لە ئێران و تورکیا تەنانەت لە عێراقیش بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئەو دەوڵەتانە دادەنرێت، بەڵگەش ئەوەیە کە دۆسیەی نەتەوەیی کورد لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەریەک لە ئێران و تورکیاو عێراق وەک دۆسیە دەخوێنرێتەوە، مامەڵەی عێراق کاتی خۆی لە مەسەلەی ریفراندۆم لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بڕیارەکان لە لیژنەی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراقی دەرچوون، واتا لە بەرژەوەندیی ئەوەی کە ئەوان کێشەی کورد بە کێشەیەکی مەترسیدار بۆ خۆیان دادەنێن، لەەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەیان کردووەو دەیکەن، تا ئێستاش ئەو مامەڵەیان لەسەر بنەمای دانایی و لۆژیک و دادپەروەری نەبووە، بۆیە پێویستە سەرۆک مسعود بارزانی ڕۆڵی خۆی لەم مەسەلەیەدا ببینێت، تا ناوچەکە بەرەو ئارامی بڕوات.
زۆر گرنگە ئاماژە بە بابەتێکی دیکە بدەم پەیوەستە بەم بابەتە، ئەویش بە پێی دەنگۆو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ئاماژەی بەوە کردوە کەوا حەشدی شەعبی مەسەلەیەکی مەترسیدارە بۆسەر ئاسایشی ئەمریکا و ئیسڕائیل و ھەرێمی کوردستان، لە ڕاستیدا ئەم ڕاپۆرتە پێویستی بە شیکردنەوەو ھەڵسەنگاندن ھەیە لەلایەن سەنتەرەکانی توێژینەوەی ئەکادیمی، چونکە ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان، لە ڕوانگەی مێژووی ئەم وڵاتەو مێژووی سەرھەڵدانی حەشدی شەعبی، ھەروەھا چۆنێتی دەنگدان بەم دامەزراوەیە، دیسان ئەو ڕۆڵەی ئێستا گڕووپەکانی حەشد دەیبینن لە مێژووی سیاسیی ھاوچەرخی عێراق بە تایبەتی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و ناوچە ی سوونەنشینەکان، ھەروەھا لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، دەبێ ئاگاداربین ئەوان چ ستراتیجییەت و سیناریۆیەکیان ھەیە و بە تەواوی بیخوێنینەوە، لەم مەسەلەیە ھەماھەنگ بین لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پلەی سەەرکی تاکو بگەین بە ئەنجامێک لەسەر ئەم مەسەلە گرنگ و مەترسیدارە، چونکە مەسەلەکە پەیوەستە بە ڕەوڕەوەی ژیانی سیاسی و ئابووری و سەربازی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی گشتی.
ھەروەھا ئێمە دەبێ بە ژیری و وردبینی بۆچوونەکانی جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی دەربارەی پێگەی ئێمەی کوردو بۆچوونەکانی لەسەر ئێمە بخوێنینەوەو شی بکەینەوە، بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان زۆر گرنگە خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەگەرەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە داھاتوودا، چونکە ماوەیەکی زۆر نەماوە بۆ ئەم ھەڵبژاردنانە، بە وردی سەرکەوتنی کۆمارییەکان یان دیموکراسییەکان یان مانەوەی ترەمپ لە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بخوێنینەوە، چونکە ئەمریکا زلھێزێکی کاریگەرە لە ناوچەکەو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین ..






Top