لەبەر ڕۆشنایی وتارەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.. نموونەیەکی سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردنی قەیراندا

لەبەر ڕۆشنایی وتارەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.. نموونەیەکی سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردنی قەیراندا


بەر لە ھەموو شتێک بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە لایەنە ئەکادیمییەکانی قەیرانەکان بکەم، دواجار شیکردنەوەیەکی وتارەکە بخەمەڕوو، بەراوردێکیش بکەم لەنێوان لایەنە ئەکادیمییەکان و لایەنە پراکتیکییەکان،ھەروەھا ئەزموونی بەڕێزیان لە ڕووبەڕووبوونەوەو چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی قەیران، لە ستراتیجە تازەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان سێ مەسەلەمان ھەیە، یەکەمیان گرفت، دووەمیان قەیران، سێیەمیان کارەسات، بەپێی بۆچوونی فەرھەنگی ئۆکسفۆرد پێناسەی قەیران بەو شێوەیەیە کە خاڵێکی گۆڕانکارییە یان چرکەساتێکی جۆراوجۆرییە لە ڕێڕەودا، لە فاکتەرەکانی پەیدابوونی قەیرانەکان خوێندنە ئەکادیمییەکان بۆ ئەوە دەچن کە جاروبار خراپ تێگەیشتن و ھەڵسەنگاندنی بابەتەکە، ھەروەھا پرۆپاگەندە ڕۆڵی خۆی دەبینێت، ھاوکات ھاودژیی بەرژەوەندییەکان، ئیستیعاب نەکردنی زانیارییەکان بە شێوازێکی ورد، ھۆکارەکانی دیکەش کاریگەرییان ھەیە لە جۆرە نائومێدییەک، یان جاری وا ھەیە قەیران پلانی بۆ دادەنرێت، ھەندێ جاریش کارگێڕی رۆڵی دەبێت لەم مەسەلەیەدا، واتا کارگێڕییەکی ھەڕەمەکی.
جۆرەکانی ئەو قەیرانانە لە ئەدەبییاتی کلاسیکیدا، ھەیانە کتوپڕو لەناکاوە، ھەیشە کەڵەکەبووە، چەندین دەروازە ھەیە بۆ دیراسەکردنی قەیرانەکان، وەک دەروازەی کارگێڕی و ڕەفتاری لە چەوتیی زانیاری لە ھەڵسەنگاندنی ھەڵەو بێ ھێزی و لاوازیی سەرکردایەتیی ئیداری، تەنانەت لە خراپیی بارودۆخی کارگێڕیدا. دەروازەی ئابووریش ھەیە کە پچڕانێک دێتە ئاراوە لە ڕێڕەوی گەشەپێدانی ئابووری و رەھەندێکی کۆمەڵایەتیشی دەبێت، دەروازەیەکی دیکە قەوارەی ئایکۆلۆجییە کە ڕۆڵی کەسان لەم مەسەلەیەدا دەردەکەوێت، تەنانەت سروشتیش لەم بوارەدا ڕۆڵی خۆی دەبینێت، ئەوەی لە قەیرانەکاندا زۆر گرنگە تیمی بەڕێوەبردنی قەیرانە، ئەو دەستەبژێرەیە کە لە بەرپرس و بەڕێوەبەر و پەیوەندییەکانی گشتی و پسپۆڕە تەکنیکی و دارایی ویاساییەکان پێک دێت، ئەم گرووپەی قەیرانەکان بە چەند قۆناغ کاردەکات، لە قۆناغی یەکەم تەوسیفی قەیرانەکە دەکرێت، لە دووەم قۆناغ دەست نیشان کردنی ئەولەویات دەکرێت، لە قۆناغی سێیەمدا چەند سیناریۆیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە دادەنرێت، لە قۆناغی چوارەمدا پەنادەبرێت بۆ دەست نیشان کردنی خراپترین سیناریۆ، قۆناغی پێنجەمیش بریتییە لە بڵاوکردنەوەی نامەی قەیران، ئەم گرووپە پێویستی بە مەشقکردن ھەیە لە خوێندنەوەی واقیعی قەیران، قۆناغ ھەر چۆنێک بێت لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی ھەیە، گرنگترین پۆزەتیڤەکان کە جەختی لێ دەکەینەوە سەرکردەی ڕاستەقینە بەدیاردەکەون، گۆڕانکاریی بە پەلە دەکرێت، ڕووبەڕووی گرفتەکان دەبنەوە، لەوانەیە ھەندێ کەس ببنە قوربانی و بگۆڕدرێن، زۆر گرنگە سیستەمی ئاگاداریی پێشوەختە بۆ ئەم جۆرە قەیرانانە ھەبێت.
لە ستراتیجییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان زۆر شێواز یان میکانیزم ھەن، میکانیزمی کلاسیکی ھەیە لەوانە ڕاکردن لە واقیع و خۆدوورخستنەوە لە بەرپرسیارێتی، شێوازێکی دیکەش ھەیە لە میکانیزمەکانی قەیران واتا بازدانە بەسەر قەیرانەکان کە گوایە قەیرانەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و لەناودەچێت، میکانیزمی سێیەم نکوڵی لەم جۆرە قەیرانە دەکرێت و ھەمیشە پەنادەبرێت بۆ دانانی لیژنە بۆ خوێندنەوەو چارەسەرکردن، شێوازی کرداریش ھەیە کە بریتییە لە ئەنجامدانی خوێندنەوەی مەیدانی بۆ قەیران و دانانی پلان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، بۆ ئەم قەیرانانە پێویست بە پەلەکردن و وردەکاری ھەیە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەش وریایی زۆر پێویستە.
لە ئەنجامدا ئەم شیکردنەوەیەی قەیرانانە دەگەینە ئەوەی کە گیروگرفت دەبێتە قەیران و قەیرانیش دەبێتە کارەسات ئەگەر چارەسەرناکرێت، قەیرانەکانیش جۆراوجۆرن، ئابوورین، سیاسین، کۆمەڵایەتین و ئاسەواری زۆریشیان ھەیە، بۆیە لە ھەر کۆمەڵگایەکدا پێویستە قەیران دیراسە بکرێت و گرووپی چارەسەرکردنی ھەبێت، چەمکێکی دیکە ھەیە دەبێ لە قەیران جیای بکەینەوە، ئەویش بەڕێوەبردنی قەیرانە واتا دەسەڵات خۆی قەیران دەخوڵقێنێت، خۆیشی ئیدارەو چارەسەری دەکات، کە ئەمەش بۆچوونێکە.
تەوەری گرنگی وتارەکەی ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەربارەی ڕەوشی ھەرێم و جەختکردنەوە لە بوونی قەیرانی ئابووری، ھەڵبەتە ئەم قەیرانە لە ئەنجامی گیروگرفتی نێوان ھەولێرو بەغداو پەنانەبردنە بۆ دەستوور بۆ چارەسەرکردن، ھەروەھا لە ئەنجامی ئەو ھەنگاوانەی پەنایان بۆ براوە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام پێشبینی دەکرێت ھێشتا بەردەوام بێت، ھاوکات لە ئەنجامی گیروگرفتی نرخی نەوت و ئەو پەتا کۆڕۆنایەی کە ڕووی لە جیھان کردووە.
ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی سنووردارکراو و فیدرالی لە دەستوور دۆخەکەی چارەسەرکراوە، بەڵام عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە کێشەی ئەوەیە کە نە باوەڕی بە فیدرالییەت و بە دیموکراسی و بەم ئەزموونەی ھەیە، ئەمە لە سەرەتای دەیەکانی ئەم سەدەیە دەستی پێ کرد، بەڵگەش بۆ ئەمە چارەسەرنەکردنی گرفتی بوودجەو مووچە کە بە شێوازی تەوافوق و رێککەوتنی سیاسی دەست نیشان کرابوو، ڕاستە لە عێراق ھەڵبژاردن ھەیە، بەڵام پێموایە بە شێوەی دیموکراسی بەڕێوە ناچێت و بڕواشیان بە ئەنجامەکەی نییە، ئەم جۆرە تەوافوقەی عێراق لە ئەنجامی شکستی دیموکراسییەتە، عێراق دەوڵەتێکی فیدرالییە، بەڵام زۆرینەی ئەو ماددە دەستوورییانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستانەوە بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوەو چارەسەرنەکراون، بۆ نموونە ماددەی ١٤٠ و یاسای بوودجەو مووچەو دامەزراوەی پێشمەرگەو ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ڕاستە ئێمە لە بەغدا پێگەمان ھەیە وەک سەرۆک کۆمارو جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری سیادی و چەند وەزارەتێکی دیکە و ئەندام پەرلەمانەکان، بەڵام ئێمە بەرامبەر بە واقیعێکین کە زۆرجار کێشەکان بە تەوافوق چارەسەردەکرێن، نەک بە شێوازە دیموکراسییەکە، ئەگەر بە دیموکراسییەکان بێت ئێمە زەرەمەندین، چونکە زۆرینە لەگەڵ ئێمە نین، ھەڵوێستی شیعەو ناجێگیریی سوننەش ڕوون و ئاشکرایە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پەیوەست بە نەخۆشیی کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە نەک ھەر ھەرێم، عێراقیش کە پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت زەرەرمەندبوون، ئەم کۆڕۆنایەش گرفتێکی ھێنایە ئاراوە لەبەر نەبوونی بوودجەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، ئەو پارەیەی لەبەردەستدا بوو خەرجکرا، ئایا پەنا بۆ قەرزی دەرەوەو یان ناوەوە ببردرێت، بۆ قەرزی دەرەوە ھەرێمی کوردستان بە تەنیا ناتوانێت، ناتوانێت پەنابەرێت بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتی و تایبەتییەکان وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بۆیە پەنای برد بۆ قەرزی ناوخۆ، ھەروەھا دەست پێ کردنی قۆناغەکانی چاکسازیی ئیداری و دارایی بە دەرچوونی ئەم یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە، ئەویش سیولە یان ڕێژەیەک پارە پەیدا دەکات بۆ ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردن، بەڵام مەترسییەکە زۆرەو بەم شێوەیە بوودجەکە ناتوانێت چارەسەری بکات، ئەویش مەسەلەی مووچەیە، نەھاتن و ڕاگرتنی مووچە لە بەغداوە، ھەروەھا نزمیی ئاستی دارایی لە ھەرێمی کوردستان وا دەکات کە پەنا بۆ شێوازی دیکە ببردرێت، بۆیە بەڕێزیان تەئکید لەسەر خاڵێک دەکاتەوە، کە کابینەی نۆیەم و خودی سەرۆکەکەی ھەنگاوی چاکی ناوە لە دیبلۆماسییەتی قەیراندا، لە بەڕێوەبردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، چەندین سەردان کراوەو شاندی ناردووە، چارەسەری سەرەکیی لە بۆچوونی سەرۆکی حکومەت بریتییە لە گەیشتن بە رێککەوتننامەیەکی عادیلانە لەگەڵ بەغدا، کە کێشەکانی ھەردوو لا چارەسەربکات، ھەڵبەت رێککەوتن مانای ئەوەیە تۆ ھەموو شتێک نابەیەوەو ھەموو شتێکیش نادۆڕێنیت، واتا لە ناوەندی ڕێگا دەگەنە یەک و دەست بۆ یەکدی درێژدەکەن، بەرنامەی چاکسازیش گرنگە کە بە شێوازی یاسا دەرچووە، دەبێ ھەموو لایەکیش لە شوێنی خۆیان پێوەی پابەندبن، ئەمەش بەشێک لە داھات دابین دەکات، ھەنگاوی دیکە ھەمەجۆرکردنی داھاتەکانی ھەرێمی کوردستانە، وەک کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری و زۆر کەرتی دیکە، لەم وتارەدا شێوازی دیبلۆماسی و بەڕێوەبردنی قەیران بەرچاو دەکەوێت، ھەروەھا زمانی ژمارەی دارایی واقیعەکە بەکارھێنرا، مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعش مەسەلەیەکی گرنگە، ئەوەی لەم وتارەشدا گرنگە بۆچوونی بەڕێز سەرۆکی حکومەتە لە ئاماژەکردن بە کابینەکەی بەڕێز مستەفا کازمی، ھەروەھا جۆرە لێکگەیشتن لەنێوان ھەردوو حکومەتدا و گەیشتن لە داھاتوودا بۆ خاڵی ھاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە ئێمە بەشێکین لە عێراقی فیدرال و عێراقیش لە ڕووی دارایی و بوودجەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوەو پەیوەندیی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پەنا بۆ قەرزو زۆر شێوازی دیکە دەبات.
پێشنیازی من نەک ھەر لەم قەیرانەدا، بەڵکو لە زۆر قەیراندا پێویستە گرووپێکی پسپۆری تایبەتمەند لە شارەزایان ھەبێت، چونکە بەرپرسیارێتییەکە تەنیا ھی حکومەت و پەرلەمان نییە، بەڵکو ھی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەنتەرەکانی توێژینەوەی ئەکادیمییە، پسپۆرەکانی حکومی کە لایەنی جێبەجێکارن، بەڵام پسپۆڕەکان دەبێ رۆڵی خۆیان لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لەبەر چاو بگیرێن، میدیاش رۆڵی خۆی لەم بوارەدا ببینێت لە میانی دیدارەکان لەگەڵ شارەزاو پسپۆڕەکان و ڕاوبۆچوونی خۆیان بخەنە ڕوو، ھەروەھا سوود لە داڕێژەرانی بڕیاری سیاسی وەربگیرێت، کە من دەبینم جۆرە دوورکەوتنەوەو بۆشاییەک ھەیە لەنێوان ئەوان و پسپۆڕە ئەکادیمییەکان لەم بوارەدا.
لە کۆتاییدا مەسەلەیەکی دیکەی گرنگ، مەسەلەی بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، لە ڕاستیدا ئەمە تازە نییە، ئەم مەسەلەیە ماوە بە ماوە بەدیاردەکەوێت، لە ساڵی ١٩٩٢ وەوە لە ئەزموونی خۆمانەوە ھەیە ئەویش پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی ھەرێمی کوردستانە، کە جار ھەیە بەرەوھاوپەیمانیی و جاری واش ھەیە بەرەو رێککەوتنی سیاسی دەچن، ماوەیەک جێبەجێ دەکرێن، یاخود ئەو لایەنانە دێنە نێو حکومەت و بەشداری دەکەن، ئەوانە بەپێی شایستەیی ھەڵبژاردن بە لایەنی ھاوپەیمان دادەنرێن، نەک لایەنی شەریک و بەشداریی لە حوکم، واتا شایستەیی ھەڵبژاردن ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە دابەشکردنی پۆستەکاندا، بۆیە ئەم ئەزموونەی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە، چونکە ئێمە دامەزراوەی دەستووری و یاسایی خۆمان ھەیە. نەبوونی دەستووری ھەرێمی کوردستان کێشەیەکی زۆر گەورەیە و زۆر لە مەسەلەکان بە ھەڵپەسێردراوی دەمێننەوە، ڕاستە ئێمە دێکۆمێنتی دەستووریمان ھەیە وەک یاسای ژمارە ( ١و ٢ و ٣) ی ساڵی ١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی پەرلەمان و حکومەت و چۆنێتیی خەرجکردنی داھات و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ژمارە(١)ی ساڵی ٢٠٠٥، ئەم یاسایانە گرنگن بۆ رێکخستنی ئەم مەسەلەیە.
مەسەلەیەکی دیکە، سەربەخۆیی پارێزگاکان لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە، لایەنی کارگێڕیی یەکلایی کراوەتەوە لە یاسای ساڵی ٢٠٠٩ی پارێزگاکان و لە بەرنامەی کابینەی حکومەتی ھەرێم ئاماژەی پێ کراوە دەربارەی شۆڕبوونەوەی دەسەڵاتەکان، بەڵام لایەنی دارایی بە بۆچوونی من، ئەمە پێویستی بە بوونی دەستوور و کۆمەڵێک یاسای دارایی و زیاتر دیراسەکردن ھەیە، چونکە پێویستە پێداچوونەوە بە ھەموو یایا داراییەکان بکرێت، دواتر پەنا ببردرێت بۆ پرۆژەی سەربەخۆیی دارایی لە ھەرێمی کوردستان، دەبێ تیمێکی شارەزایانی یاسایی و دارایی و کارگێڕی دیراسەی ئەم مەسەلەیە بکەن و لە کۆتاییدا پرۆژەکە لەلایەن حکومەتەوە پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت، بە پێی میکانیزمی یاسایی، دەبێ ئەم جۆرە پرۆژانە ڕێچکەی یاسایی خۆیان وەربگرن، لە پەرلەمان و لە حکومەتدا و پێداچوونەوە بە یاساکان بکرێت، دووپاتی دەکەمەوە کە کاتی ئەوە ھاتووە بیر لە دەستوور بکەینەوە، نەک بەو شێوازەی کە (٢١) ئەندام ھەبن لە لیژنەی دەستوور، سێ ئەندام لە پسپۆڕان دەتوانن دەستوور ئامادە بکەن، دواتر بخرێتە دەنگدانی ریفراندۆم، لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقیش ئاماژە کراوە کە ھەرێم دەستووری خۆی ھەبێت، بۆیە دەبێ ھەڵوەستەیەک بکەین لەسەر نەبوونی دەستوور، من تەرکیز دەکەم لەسەر لایەنی دیالۆگ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و بەرزبوونەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندییە گشتییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە کاتەکە ھەستیارە، دەبێ سیناریۆکانیش لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی و واقیعییەت و شەفافییەت دابنرێن، چونکە داھاتی نەوت و غاز زۆر بە شەفافییەت ڕوون کراوەتەوە، بۆیە قسەکردن بە زمانی ژمارەکان و ھەستکردن بەو پەڕی بەرپرسیارێتییە بەرامبەر ڕای گشتی، کاتی ئەوە ھاتووە کە گەمە بە ھەستی ھاووڵاتی نەکرێت، کێشەکان ھەموو بچووک نەکرێنەوە بۆ تەنیا مووچە، بەڵکو ئاساییشی نەتەوەییمان بەرامبەر کۆمەڵێک ڕووبەڕووبوونەوەی ترسناکدایە، چ ناوخۆ یان دەرەکی، لە جیھانێکی ناڕوون و تەمومژاویدا، کە پێویستە بیخوێنینەوەو لێی تێ بگەین.

Top