پێش چوون بۆ بەغداد با ماڵی خۆمان ڕێک خەینەوە

پێش چوون بۆ بەغداد با ماڵی خۆمان ڕێک خەینەوە

ئاشکرایە کە تابەشێک بین لەعێراق پەیوەندیەکان ناچاردەبین هەربەردەوام بێت و لەگەڵ هەموو ئاڵوگۆڕو کێشەکانی ئەوێ کاردانەوەی لەسەر پەیوەندیە سیاسیەکانی نێوان حیزبەکان وکار و ئەجندای حوکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت. لەگەڵ ئەوەی کورد لەڕوخانی سەدام حسێنەوە تا ئێستە جگە لەمەسەلەی بەشداری حوکمڕانی بەشێک بوە لەهەموو ئەو ڕوبەڕوبونەوانەی کە عێراق بەسەریدا هاتوە، لە جەنگی داعش و قەیرانی ئابوری و کێشەکانی تری ناوخۆی عێراق، بەڵام مافە دەستوری و چارەنوسازەکانی کورد هێشتا دیاری نەکراون و چارەسەری زۆر لە گرفتەکانی لەگەڵ بەغداد و ماف و ئیمتیازاتەکانی ئەم هەرێمە هێشتا جێگای مشت ومڕە و نەک ناچێتە پێشەوە بەڵکو ئەوەشی کە هەیبوەو لەو کەم و تۆزە تۆزە ئەویش کەوتوەتە مەترسیەوە. سادەترین نموونەیان موچەی هاوڵاتیانە کە کراوەتە چەکێکی بەهێز بۆ فشارخستنە سەر و سزادانی هەرێمی کوردستان. ڕەنگە ئەمانە هۆکاری زۆر هەبن بۆ بوونی ئەم کێشانە بەبەردەوامی کە بەشێکیان هەر لە یەکەم چوونی کورد بۆ بەغداد و سەرەتای دابەش کردنی چۆنیەتی بەشداری کردنی پێکهاتەکانی عێراق لەلایەن دەسەڵاتی بریمەرەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵام ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بوترێت کورد لەیەک هەنگاوی چونی بۆ بەغداد ئەجنداو پلان و داواکاری و مەرجی ڕوون نەبوەو لەسەر بنەمای یەکڕیزی و هەماهەنگی کۆی لایەن و پێک هاتەکانی کوردستان نەبوە،یان ئەگەر لەسەرتاشەوە هەبوبێت لاوازبوە، هەر لایەنێک یان ڕوونتر بڵین نوخبەوسەرکردایەتی کورد تێڕوانین و داواکاری و خواستیان بەتەواوەتی یەک نەبوە و خاوەن ئەجنداو پاکێجێکی روون نەبوون.گەرچی دەبێت دان بەوڕاستەیدا بنێنن کە ناحەزەکانی کورد زۆرترو بەهێزترن لەناو پێک هاتەی عێراقدا، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوەی کەوتوەتە سەر خۆمان بە باشی ئەنجاممان نەداوەو پلان رێژیمان بۆ نەکردوە. هەمیشە ماڵی کورد گەربۆ هەندێک لە پرسەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش یەک بوبێت بەرامبەر بەغداد شپرزبوەو نەتوانراوە سەرکردایەتی کوردی لەکاتی هەر گۆرانکاری و پێک هێنانی حکومەتێکی عێراق خۆی کۆ کاتەوە پێش چوونی بۆ بەغداد کۆببنەوەو یەک داواو یەک پاکیچ و بەیەک خواستەوە بڕۆن. سەرباری ئەوەی بە پەرتەوازەیی و جیاجیاو هەرجارە لەسەر ئاستێک شاندەکان دەڕوات، کەئەمەش لە دونیای دیبلۆماسیەت هێزو ئاستی شاند گرنگە هەروەک چۆن بوونی پاکیجی خواست و داواکاری ڕوون گرنگە. ئەمەش نەک بوەتە هۆی بێ بەش بوونمان لەدەست کەوت و وەرگرتنەوەی مافەکانمان بەڵکو دوژمنانی کورد سودیان لەم پەرتەوازەییەی کورد وەرگرتوەو وەک کارتێک بەکاریان هێناوە بۆ زیاتر پەرتەوازەکردنمان و فەرامۆش کردنی مافە دەستوری و مادی ئیستیحقاقی پۆستەکانمان. بۆیە لەئێستدا قۆناغەکە جیاوازترە لەجارن و عێراق چ وەک ناوخۆ چ وەک ئەو وڵاتانەی کە دەستیان لەهاوکێشە سیاسیەکانی ناو عێراق هەیە، خواستیانە سەقامگیربێت و ئارام بێتەوە وڵاتەکە ،بەتایبەتی د وای ئەو خۆپیشاندانە فراوانەی لە ماوەی ڕابردودا ڕوویدا کەخەریک بوو شەقام بەتەواوەتی زاڵ بێت بەسەر حوکمڕانیداو بۆشایی ئیداری و سیاسی درێژە پێبدات لەناوچەکەدا. پەتای کۆرۆنا و ئەو قەیرانە ئابوری و تەندروستیەی بەسەر جیهانیشدا هات وڵاتە زلهێزەکانی سەرقاڵ کردوە بەخۆیانەوە جارێ کاتی ئەوەیان نیە وەک جاران دەست لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەردەن و سەقامگیری لەم ساتەوەختەدا بە باشترین بژاردە دەزانن بۆی.کوردیش دەتوانێت ڕەگەزێکی کاریگەری ئەو سەقامگیریە بێت و مەرج و داواکانی زیاتر بەرێتە پێشەوە .بەڵام بە بێ ڕێک خستنەوەی ماڵەکەی خۆی و کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان و بە شاندی هاوبەش و بوونی پاکیج و ئەجندایەکی یەکگرتووی مەحاڵە ئەم جارەش بیباتەوە ،ئەستەمیشە لەمەودوا جارێکی تر بارودۆخی عێراق ئەم هەلەی ئێستا هەیە بیداتەوە بە کورد بۆ گەیشتن بەماف و خواست و داوکانی.
Top