رێكخستنی یاسایی دامەزراوەكانی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان

رێكخستنی یاسایی دامەزراوەكانی ئاسایش  لە هەرێمی كوردستان

مەسەلەی ئاسایش بۆ هەموو كۆمەڵگەیەك گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە، هەروەها بۆ هەرێمی كوردستانیش تایبەتمەندیی دیكەشی هەیە، وەك هەرێمێك كە لە چوارچێوەیەكدایە و مەترسیی زۆری لەسەرە، ئەمەش چ لە روانگەی ناوخۆیی، یان دراوسێتی، یانیش لە روانگەی خوێندنەوەی ئەمنی لە لایەنی دەرەكییەوە، لە دە ساڵی رابردوو ئەم بابەتە بە دوو یاسای گرنگ رێكخرا، یاسای ژمارە(4)ی ساڵی 2011 بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و یاسای ژمارە(5)ی ساڵی 2011 بۆ دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سەرەتا بە یاسای ژمارە(4)ی ساڵی 2011 دەست پێ دەكەین، دەربارەی پێكهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەم ئەنجومەنە كە بە چەترێك بۆ دامەزراوەكانی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بریتییە لە چەند ماددەیەكی یاسایی دەستنیشانی مەسەلەی هەرێم و ئەنجومەنی كردووە، بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و بە سەرپەرشتیی راوێژكاری ئاسایشی هەرێم، مەبەستیش لە ئاسایشی هەرێم پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراقە لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ناوخۆو دەرەوە. ئەم ئەنجومەنە سەر بە سەرۆكی هەرێمە كە لەمانە پێك دێت: دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگریی سەربازی، ئاژانسی پاراستن و زانیاری بەپێی ماددەی دوو، هەمان ماددە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەركە سەرەكییەكانی ئەم ئەنجومەنە بریتین لە رێكخستن و پلاندانان بۆ سیاسەتی یەكگرتووی ئەمنی و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەكانی پەیوەست بە كاروباری ئاسایش.
ماددەی (3) ئاماژە بە ئامانجەكانی ئەم یاسایە دەكات، كە بریتین لە: دابینكردنی ئەمن و سەقامگیری و پاراستنی بنچینە و بنەماكانی دەستوور و یاسا و كۆكردنەوە و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی مەترسییەكان بۆسەر هەرێم، ئاڵوگۆڕی زانیارییەكانی نێوان دامەزراوەكانی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، پاراستنی ئاسایشی ئابووری، پاراستنی ئاسایشی هەرێم لە تاوانە ترسناكەكانی وەك، تیرۆر و ماددەی هۆشبەر و ساختەكاریی دراو و گەندەڵیی كارگێڕی و دارایی، پاراستنی سیستەمی زانیاری لە هەرێم و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و كاری سیخوڕی، پاراستنی ئاسایشی پێگەیاندن، پاراستنی ئاسایشی فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنوورییەكان، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی كەسایەتیی فەرمی لە كاتی پێویستدا، هەروەها چاودێریكردنی كاروباری پەناهەندە و ئاوارەكان، ئەوانەی دێنە هەرێمی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی خۆراك و تەندروستی، هەروەها پاراستنی وزە و شوێنە گرنگەكان، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نێردراوو كونسوڵگەرییەكان، جگە لەمانەش دابینكردنی ئاسایش بۆ بارەگاكانی پێشمەرگەو كۆكردنەوەی زانیاری و مەیدانی و هەڵسەنگاندن لەم بوارەدا.
راوێژكار بەپێی ماددەی(4) سەرپەرشتیی ئەم ئەنجومەنە دەكات، كە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت و كاروباری بەڕێوەدەبات و بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیشی جێگری هەیە، جگە لەمانەش ئەم ئەنجومەنە بۆی هەیە لە كاتی پێویستدا رێنمایی دەربكات، بۆ رێكخستنی كاروباری ناوخۆی ئەنجومەنەكە، هەروەها كارەكانی پەیوەست بە كاری فەرمی، یان پیشەیی، یان مەشقكردن و هەیكەلبەندیی ئەو دامەزراوانەی كە لە ناو ئەم یاسایانە رێكخراون و ئاماژەیان پێ كراوە، هەروەها خاڵێكی گرنگیش هەیە هەر كەسێك كە سەرپەرشتیی یاساكە بكات، یاسای بەرزەكار هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیدا، سەرەتاكانی دەرچوونی ئەم یاسایە بریتییە لە داڕشتنی سیاسەتێكی ئەمنی بۆ هەرێم و دەستنیشانكردنی ئامانجەكانی ئەم ئەنجومەنە و چۆنێتیی كاركردنی.
لە راستیدا ئەمە بۆ یەكەم جار بوو كە وەك هەیكەلبەندییەكی پیشەیی یاسایی رێكخراو بۆ كۆكردنەوەی دامەزراوە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان بە پێی ئەم یاسایە هاتە كایەوە، لەم دە ساڵەی رابردوودا توانی كارەكانی بە سەركەوتوویی راپەڕێنێت، ئەو سەقامگیرییەی ئێستاش بەرهەمی ئەو یاسایە و كارمەندەكانی ئەنجومەنەكەیە.
یاساكەی دیكە كە ژمارە(5)ی ساڵی 2011یە، تایبەتە بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كە سەرۆكێك و جێگرێكی هەیە، بەپێی ماددەی(3)ی ئەم یاسایە، كارەكانی دەزگاكە بریتین لە: پاراستنی ئازادییەكانی گشتی و تایبەت بەپێی پرەنسیپەكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، هەروەها دابینكردنی ئەمنییەت بۆ دامەزراوە دەستووری و یاساییەكان، وەك پەرلەمان و حكومەت و دادگا و كەسایەتی و دامەزراوەكانی دیكە، جگە لەمانەش پاراستنی كاری سیاسی و پیشەیی و مەدەنی لە هەرێم، ئاسایشی ئابووری و فڕۆكەخانەكان و بەنداو و دامەزراوە نەوتییەكان و دەروازە سنوورییەكان، هەروەها پاراستنی كولتوور و رۆشنبیریی هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیی كوردستانی عێراق، كۆكردنەوەی زانیاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێم و هەڵسەنگاندنیان، جێبەجێكردنی ئاسایش و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و رووبەڕووبوونەوەی تاوانی رێكخراو، تاوانەكانی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەكان و پاراستنی نهێنییەكانی پێگەیاندن و هاتوچۆ لە هەرێم و شوێنەكانی ئایینی و پەرستگا و شوێنە گەشتیارییەكان.
مەسەلەی ئاسایشی خۆراك و تەندروستی زۆر گرنگە، هەروەها دابینكردنی ئەمنییەت بۆ ئەو شوێنانەی پەیوەستن بە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كارمەند و دیپلۆماسی و كونسوڵ و خێزانەكانیان پێگەیەكی تایبەتی هەیە لەم یاسایەدا، پەناهەندە و ئاوارەكان ئەوانەی دێنە هەرێمی كوردستان و لێرە نیشتەجێن، یان ئەوانەی سەردانی هەرێم دەكەن، هەروەها ئاڵوگۆڕی تاوانباران ئەوانەی كێشەیان هەیە لەنێوان هەرێم و دادگانی حكومەتی فیدڕاڵ، ئەم دەزگایە بەپێی ماددە(4) سەرۆكێكی هەیە و لەلایەن سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمەوە دادەنرێت، جێگرێكیشی بە پلەی بریكاری وەزیر هەیە، ئەویش هەر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دادەمەزرێت، پێكهاتەی ئەم دەزگایە بەپێی ماددەی(5) بریتییە لە سەرۆكی دەزگا و جێگرەكەی و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، لە كاتی پێویستیشدا دەتوانێت پەنا بۆ پسپۆڕ و شارەزایان ببات، هەروەها بۆی هەیە كۆبوونەوەی دەوری و نائاسایی گرێ بدات.
ئەم دەزگایە بەپێی ماددەی(6) لە چەند بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پێك دێت، وەك بەڕێوەبەرایەتیی دیوان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش لە پارێزگاكان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی سیاسی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان و پێكهاتە نەوتییەكان. بۆ پێگەیاندنی كادیر لەو دەزگایە پەیمانگەیەك هەیە بە ناوی پەیمانگەی پەرەپێدانی ئاسایش، كە لە ماددە(6)دا ئاماژەی پێ كراوە.
ئەم دەزگایە كاروباری ناوخۆ بەڕێوەدەبات و هەیكەلبەندیی خۆی هەیە، هەروەها چەند دەسەڵاتێكی كارگێڕی و دارایی بەم دەزگایە دراوە، ئەوەی زۆر گرنگە لە ماددەی (10)ی ئاسایشی هەرێم ئاماژە بە كاركردن و مەرجەكانی وەرگرتن دەكات لەم دەزگایە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دەستپاكی و كارامەیی، هەروەها هیچ جیاوازییەك لەسەر بنەمای پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی نییە.
خوێندنەوە و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دوو یاسایە ئاماژەیە بۆ هەنگاوێكی پێشكەوتوو لە رێكخستنی مەسەلەیەكی گرنگ لە رەوڕەوەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی كۆمەڵگەكان، كە ئەویش مەسەلەی ئاسایشە، بۆچوونی یاسایەكە كە بۆچوونێكی فرەڕەهەندە بۆ خوێندنەوەی ئاسایش، نەك بۆچوونێكی تەنیا تەسك، بەڵكو بە بۆچوونی فرەڕەهەند لەسەر بنەماكانی بۆچوونە دیموكراسی و دامەزراوەكان سەیری مەسەلەی ئاسایش دەكات و ئامانجیش ئەوەیە كە هاووڵاتیان لە سەقامگیری و ئازادی و خۆشگوزەرانی بژین.
بۆیە ئەم دوو یاسایە لەسەر بنەمای ئەرك و دەسەڵات و پسپۆڕی و پێكهاتەكانی دەزگای ئەمنی لە هەرێمی كوردستان رێكخستووە، هەروەها بە مەبەستی چەسپاندنی سیستەمێكی ئەمنیی نیشتمانیی كاریگەر و رێكخەر لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی كە بگونجێت لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی نێوخۆیی و دەرەكی بەپێی پرەنسیپەكانی دەستووری و یاسایی و دیموكراسی و دیكۆمێنتەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ كە حكومەتی هەرێم پێوەیان پابەندە. بەڵام ئەزموونی دە ساڵەی رابردوو پێویست بەوە دەكات كە جۆرەخوێندنەوەیەكی تازە بۆ ئەم دوو یاسایە بكەین، ئەویش داڕشتنەوەی هەندێ مەسەلە بەپێی گۆڕانكارییەكانی جیهان و مەسەلەی جیهانگیریی ئەمنی كە ئێستا گرنگە، مەسەلەی لێهاتوویی كارمەندانی ئەم دەزگایە لەسەر بنەمای متمانە و گونجاندن لەگەڵ گۆڕانكاریی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پێگەیاندنی كادر، پێویست بەوە دەكات كە لە روانگەی مەترسییەكانی ناوخۆیی و دراوسێیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و تاوانە تازەكان پەیوەست بە تیرۆر و ماددە هۆشبەرەكان و پڕوپاگەندە رەشەكان كە لەنێو كۆمەڵگەدا بڵاودەكرێنەوە، هەروەها مەسەلەیەكی گرنگی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی و پەتاكانە كە لە جیهان بڵاودەبێتەوە، ئەركی ئەم دەزگایانە تەنیا ئەمنییە و پەیوەستە بە رووبەڕووبوونەوە و دیدێكی ئایندەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە.
بۆیە پاڵپشت بە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی جیهان پێویستە سوود لە پێشكەوتنەكانی دامەزراوە ئەمنییەكان ببینین، لە راستیدا دەبێ ئەوەش بخوێنینەوە كە دامەزراوەكانی ئاسایش تەنیا بریتی نین لەم دوو دەزگایانە، بەڵكو ئەگەر بە شێوەیەكی فراوان بیخوێنینەوە، دامەزراوە حكوومییەكانی دیكەش دەگرێتەوە، وەك وەزارەتی ناوخۆ و پێكهاتەكانی لە پۆلیس و ئەم دامەزراوە بە هەموو جۆرەكانیەوە، تەنانەت هەندێ وەزارەتی دیكەش هەن كە زۆر گرنگن كە كاروبارەكانیان پەیوەستن بە ئاسایشەوە، بۆیە ئاسایش مەسەلەیەكە لە ئاستەكانی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی نێوخۆیی و دەرەكی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی جیانابێتەوە، بۆیە دەبێ دامەزراوەكانی ئاسایش لەسەر ئەم بنەمایە كاربكەن، كاتی ئەوەش هاتووە لە ئاستی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە ئاستی جموجۆڵی پەرلەمانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سۆشیال میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن ئەم مەسەلەیە جارێكی دیكە و بە شێوازێكی دیكە بخوێندرێتەوە، چونكە مەسەلەیەكی گرنگ و هەستیارە بۆ كیانێك كە دەیەوێت بەرەو ئاستێكی باشتر بڕوات، دیسان دووپاتی دەكەمەوە ئەزموونی دە ساڵ لەم رێكخستنە یاسایە تا راددەیەك سەركەوتوو بوو، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستی بەوە هەیە كە پێداچوونەوەیەك بكرێت لە ئاستی ئامادەكردنی كادر بۆ ئەم دەزگایە و لە ئاستی گەڕان بەدوای هەندێ دامەزراوەی دیكە بۆ مەسەلەی ئەمن و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان كاری لەسەر بكرێت، چونكە زۆر پێویستە لەم رووەوە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی جیهاندا بگونجێین.

Top