پێش رێكخستنەوەی سیستمەكە، پێویستە شەڕی بەرژەوەندییە كەسییەكان بكەین

پێش رێكخستنەوەی سیستمەكە، پێویستە شەڕی بەرژەوەندییە كەسییەكان بكەین
ئەوەی جێگای دڵخۆشییە (گەرچی هێشتا دەرەنجامەكەشی زۆر دیار نەبێت)، ئەوەیە كە ئەم قۆناغەی حوكمڕانی لە كوردستان، چ لەسەر ئاستی حكوومی و چ لەسەر ئاستی حزبی باسی رێكخستنەوە و چاكسازی و گۆڕانكاریی ئیداری و سیستمی بەڕێوەبردن دەكرێت و، رۆژانە ئەوانەمان كە پسپۆڕین لە چەند جێگایەكەوە داوای ئەوەمان لێ دەكرێت، پێشنیار بە وەزارەت، یان دەزگایەك، یان ئۆرگانێكی حكوومی بكەین. راستە سیستم سەرچاوەی هەموو شتێكە بە گۆڕینی گۆڕانكاری سەرپایی دەتواندرێت لە جومگەكانی وڵاتدا دروست بكرێت، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ئەو ئاریشانەی لە دوای راپەڕین بەسەر ئەم هەرێمەدا هاتووە، وەك شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی، دەسەڵات و دەستتێوەردانی حزبی، باڵباڵێنە و پەرتەوازەیی حزبی و ئەو جەنگە یەك لە دوای یەكانەی بەرۆكی ئەم هەرێمەی گرت و، بارودۆخی خراپی ئابووری، جگە لەوەی ژینگەیەكی گونجاوی بۆ گەندەڵی دروست كرد و، لە زۆربەی سێكتەركانی وڵاتدا فەراهەمی كرد، دەسەڵاتی كەسی بواری بۆ رەخسا كە لە زۆر جێگادا (لە ناو حزب و لەوێشەوە بۆ دامودەزگا حكوومییەكان) شۆڕ بوویەوە كە ببێتە سەنتەر و ئیدارەی ئابووریی وڵات و بەشیكی زۆری بكەویتە دەست چەند كەسێكەوە، تاوای لێ هاتووە، حزب زۆرتر لە حكوومەتە خۆجێیەكان تەحەكومی پێوە دەكات. كەسانێك هەن رەگیان داكوتاوە و خۆیان و دەست و پێوەندەكانیان لە شوێنەكان دەهێڵنەوە، لەمەش زیاتر پەلی هاویشتووە بۆ كوتلەگەری و زاڵبوونی دەست و پێوەند و تەكەتول، كە رێگە نادەن كەسی دیكە نزیكیان ببێتەوە، یان جێگۆڕكێ بە یەكێكیان بكرێت، ئاشكراشە مرۆڤ لە هەر شوێنێكدا زۆر مایەوە، بەرژەوەندییە كەسییەكانی خۆی فراوان دەكات و كار بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی زۆرتری خۆی دەكات، بۆیە ئەگەر چاوێك بخشێندرێتەوە بە كۆی ئەو دەزگا و دامەزراوە فەرمییانەدا و سەرژمێرییەك بكرێت، كە ئەو كەسانەی ماوەیەكی زۆرە لە پۆستەكەیان ماونەتەوە، كار بۆ لابردن و ئەو بەرژەوەندییە كەسییانەیان بكرێت، كە بە هۆی ئەو پۆستانەوە دەستیان كەوتووە، دەبینین ژمارەیان كەم نییە، هەر ئەوانیش رێگری یەكەمن لە بەردەم هەر گۆڕانكارییەكی ئەرێنی، یان بڕیارێكی چاكسازی و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی سەرەوە و بەلاڕێدابردنی، لەگەڵ ئەوەشدا نموونەی زۆر و مۆدیلی زۆر لەژێر مانەوەی ئەو كەسانە بۆ ماوەی زۆر دروست بووە، وەك وەكالەت، كە وەكالەت خۆی بۆ ماوەیەكی كاتییە، لە ئێستادا زۆر جێگای حكوومی هەیە، دوای چوار ساڵ كە ماوەی یاسایی بەوەكالەت تەواو دەكات، دواتر فەرمانی بەفەرمی دانانی بۆ دەردەكرێت، یان بە ناوی ماوە بەسەرچوو، یان كاربەڕێكەر ماوەیەكی زیاتر لە دەسەڵاتی خۆی دەمێنێتەوە، لە كاتێكدا لە رووی زانستی ئیدارەوە لە كاتی ماوەی مانەوە لە پۆستدا بۆ ماوەیەكی زۆر، ئەو كەسانە توانای داهێنان و نوێگەرییان نابێت و رۆتینیات بەڕێ دەكەن، بەتایبەتی ئەمە بۆ دامودەزگا زانستییەكان مەترسیدارترە. جگە لە دەسەڵاتی خزمخزمێنە و برادەرانە كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی سەرقاڵیی حكومەت بە جەنگ و بارودۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیی وڵاتەوە، ئەم ژینگەیەی خولقاندبوو. بۆیە بە بڕوای من تا بە وردی و بە داتا كار بۆ لابردنی ئەو كەسانە و ئەو بەرژەوندییە كەسییانە نەكرێت، هەرچی پڕۆژەی چاكسازی و گۆڕانكاری هەبێت، ئەمانە دەبنە رێگری گەورە لەبەردەمیدا و بێ سوود دەبێت.

Top