چاکسازی...!

چاکسازی...!

گۆڕان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی- مێژووییە؛ شێوەی پڕۆسەیەکی بەردەوامی وەرگرتووە و هەمیشە لەگەڕ دایە، ئەگەرچی هەموو کاتێک هەست بە ڕەوت و ئەنجامەکانی ناکرێت. بە گوێرەی ڵۆگیکی دیالێکتیکا، گۆڕان دەرئەنجامی بزاوتە - پەیوەندیی هەمیشەیی بزاوتی هەمیشەی گۆڕانی هەمیشەیی؛
جا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا لە پەیوەندیی بەردەوام دایە (لەناوخۆ و لەگەڵ دەرەوەشیدا)- ئەوەش دەکاتە بزاوتی بەردەوام و کەواتە گۆڕانەکانیش هەموو کات ڕوودەدەن... زۆربەی گۆڕانەکانیش لە پڕۆسەیەکی هێمن و لەسەرخۆ دێنە ئاراوە و بۆیەش هەستپێکراو نابن، ئەو گۆڕانکارییانە نەبن کە ڕادیکالین و ئەنجامی دیاردە و ڕووداوی گەورە و کاریگەرن؛ ئەمانە دەبن بە مایەی ئاژاوە و شڵەژانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی سستەم – وەکو قەیران، شۆڕش، جەنگ و کارەساتەکان... ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە زۆر جار شێوەی وەرچەرخانی سەرانسەریی وەردەگرن و سەرلەبەری سستەمی کۆمەڵایەتی و حوکمڕانی دەگرنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربوون و کەڵەکەبوونی وردەگۆڕان و هەروەها چاکسازییە لاوەکییەکان جاری وا دەبێ، دەرئەنجام، گۆڕانی گەورەی ژیانی کۆمەڵایەتییان لێ دەکەوێتەوە؛ ئەم پڕۆسە هێمن و لەسەرخۆیە، لە مەودای هەندێک دووردا، زێدەبوونی ئاستەکانی مەعریفە و هوشیاریی کۆمەڵایەتیی لەگەڵدا دەبێ، بەمەشەوە خەڵک زێتر درک بە کەموکوڕییەکان دەکەن، داواکارییان بۆ گۆڕین و چاکسازی پتر دەبێ کە ئەوەش هاندەر دەبێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی زیاتر- ئەمە ئەگەر چاکسازی ئامانجی دەسەڵات بێ و پڵانی بۆ داڕشتبێ.
لەم ڕوانگەیەوە، گۆڕان دیاردەیەکی حەتمییە، جا لەسەرخۆ و ئاسایی و سروشتیانە بێ، یاخود ڕادیکالانە و بە زۆرەملی. لە هەردوو حاڵەتیشدا، بۆ ڕوودانی گۆڕانکاری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، چەند مەرجێکی پێویست هەن دەبێ بڕەخسێن :
- یەکەمین مەرج و سەرەکیترنیان، بریتییە لە پێداویستیی خەڵک؛ ئایا گۆڕان بووە بە پێویستییەکی هەنووکەیی ؟ - ئەوە خەڵکە بڕیار دەدات ڕازی بێت بە ژیانی خۆی، یانیش ناڕەزایی دەربڕێ و داوای گۆڕانکاری بکات... هەر داواکارییەک جەماوەریی نەبێ پشتگوێ دەخرێ.
- مەرجی دووەمین – بڕی مەعریفەی کەڵەکەبوو لە کۆمەڵگادا، ئەمەش واتە ئاستی هەشیاریی کۆمەڵایەتی؛ ئایا ئەو خەڵکە هوشیارییەکەی لەو ئاستە دایە کە پەی بە کەموکوڕییەکان ببات و درک بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خۆی بکات ؟
- مەرجی سێیەم- جۆری سستەمی کۆمەڵایەتی؛ ئایا ئەو سستەمە، بنیادی کۆمەڵایەتی و کولتوورەکەی، پتەو و داخراوە، یان کراوەیە و پانتاییەکی تیایە بۆ جوولە و بزاوت و سەرهەڵدان ؟ لە هەندێ کۆمەڵگایان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکارییەکانی خەڵک هیچ دەرفەتێک ناڕەخسێ.
لە پاڵ ئەمانەشدا، کە مەرجی سەرەکی و پێویستن، هەل و مەرجیتریش هەن یارمەتیدەر دەبن بۆ ڕوودان یان ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان، وەکو هۆکارەکانی ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیری...
لە سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییەی خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عیڕاقدا، هەموو ئەو مەرجانەی سەرەوە ڕەخساون؛ ئەمە نموونەیەکی زیندووی هەڵوێست و پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک و دەسەڵاتن، بەڵام ڕێگرییەکانی سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە بریتین لە هۆکاری سیاسی و دەرەکی- چونکە بۆ بە ئامانج گەیشتنی هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی، وەکو لە تێزێکی تیۆریای شۆڕشدا هاتووە،
ناڕەزایی جەماوەر بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو دەبێ دەسەڵاتیش (سستەمی سیاسی) چیتر نەتوانێ خۆی ڕاگرێ و بەردەوامبێ - لە عیڕاق، مەرجەعیەتی ئایینی (ئایدیۆلۆگیا)، هێزی چەکداریی لایەنە سیاسییەکان و پشتگیریی دەرەکی، تاکو ئێستا، سستەمی حوکمڕانییان ڕاگرتووە.
چاکسازی...
ئەرکی سستەمی کۆمەڵایەتییە ژیانی خەڵک ڕێک بخات و پێداویستییەکانیان دابین بکات؛ ئەمەش لە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسییە کە دەزگایەکی بنیادیی ئەو سستەمەیە. کاتێک دەزگای دەسەڵات ئەمەی وەکو پێویست پێ نەکرا، ئەوا مەرجەکانی گۆڕان، یان هەندێکیان سەرهەڵدەدەن... لە حاڵەتی واشدا، دەسەڵاتدارانی هوشیار پەنا دەبەن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە هەندێ بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت سیاسیش، وەکو ڕێکارێک بۆ پێشگریکردنی سەرهەڵدانی جەماوەری لە وڵات.
بەڵام لە بنەڕەتدا چاکسازی دەبێ «ئایدیۆلۆگیا»ی دەسەڵاتی سیاسی بێت، بە پڵان ڕێکار و وردەکارییەکانی ئەنجامدانی بەرنامەڕێژ کرابێ؛ ئامانجیش لەمە دەبێ پێشخستن و گەشەپێدانی سستەم و ژیانی کۆمەڵایەتی بێت، نە وەکو تەکتیکێک بۆ پێشگریکردن لە سەرهەڵدانی ئاژاوە و ناسەقامگیری؛ بەگوتەیەکی تر، دەسەڵات قەناعەتێکی ئایدیۆلۆگیانەی هەبێت بە گۆڕینی سستەمی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی ژیانی خەڵک...
ئەمەش، واتە چاکسازیی ڕاستەقینە، تەنیا بە دەسکاریکردنی بوار و لایەنە ماددییەکانی ژیانی خەڵک نابێ، لەگەڵ گرنگییەکەشی، بەڵکو هاوتەریب دەبێ زێتریش کار لەسەر لایەنەکانی مەعنەوی، مەعریفی و هوشیارییان بکرێت... چونکە هەر چاکسازییەک لەسایەی هەمان کولتوور و هەمان بەها و شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکەکەدا بێسوود و وەکو پێویست سەرناگرێ ؛ بگرە هەر پێشکەوتن و پێشڤەچوونێک لە هەر بوارێکدا، دەبێ بیرۆکە و بەهای باڵایان لە پشت بن؛ بۆ نموونە، باشترکردنی گوزەرانی خەڵک، هاوکات دەبێ هوشیارکردنەوەیان و بڕەودان بە بەهاکانی لەگەڵ دابێ - بەهاکانی وەکو : نیشتمانپەرەوەری، ڕاستگۆیی، دڵسۆزی لە کارکردن، دەستپاکی، هاوکاری، بەرهەمهێنان... بۆ ئەمەش دەزگا فەرمییە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات بخرێنە گەڕ : پەروەردە، ڕاگەیاندن، ئایینی، ڕۆشنبیری... لە پاڵ ئەمەشدا دانانی یاسای گونجاو، کاراکردنی دەزگای یاسایی و توند پابەندکردنی خەڵک بە یاساکانەوە [ئەوەی مرۆڤ لە پێشێلکاری دەگەڕێنێتەوە یاسایە، یان وردتر سزایە- لە پێشکەوتووترین وڵات کە یاسا ئیفلیج دەبێ، جۆرەها پێشێلکاری ڕوودەدەن!] – هەڵگرانی ئەم بەهایانە خۆیان دەبن بە خاوەنی چاکسازی، بە دەسکەوتی خۆیانی دەزانن، دەیپارێزن و پەرەی پێدەدەن.
چاکسازی لە بواری کولتووریدا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە و زۆریش پێویستە. لەمەدا پێویست بە فیکر و عەقیدە و زانست دەکات. نابێ لەو باوەڕەدا بین کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەسێکی زانستگەرا (علمانی) سستەمی کۆمەڵایەتیی بەلاوە بێ خەوش و لێی ڕازیبێت؛ ئەو سستەمەی ژیانی هەموومانی داڕشتووە و کولتوورەکەمان کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەی دەبات، چونکە جیاکاری و نادادیی زۆری تیا چەسپاوە و ئەندامانی کۆمەڵگا پێێانەوە دەناڵێنن- جیاکارییەکانی جێندەری (ژن و پیاو)، کۆمەڵایەتی (چینایەتی، خێڵ و بنەماڵەیی، ئایینی)، ئابووری (هەژار و دەوڵەمەند)، تەنانەت پەروەردەش (قوتابخانە و زانکۆکانی فەرمی و ئەهلی)، هەروەها تەندروستی (نەخۆشخانەکانی فەرمی و ئەهلی)... لە هەمووشی گرنگتر و کاریگەرتر، سستەمی کۆمەڵایەتیمان کۆمەڵگەرایە، تیایدا تاکەکەس بەجارێک بزرە و نزیکەی ماف و پلەیەکی نییە؛ تاک لێرەدا بەتەنیا بایەخێکی ئەوتۆی نییە، بەڵکو دەبێ سەربە خێزانێک، بنەماڵەیەک، ئایینێک یان حیزبێک بێت، دەنا هیچ بوارێکی جوولە و بزاوتی بۆ ناڕەخسێ؛ لەکاتێکدا هەر یەکێک لە تاکەکەسان خاوەن فیکر و بەهرە و توانای تایبەت بە خۆیەتی و پشتگوێخستنیان، لەبەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، بەهەدەردانی سامانی مرۆییە- لە بەرامبەردا کەسانی سەربە دەزگاکانی سەرەوە دەرگای دەرفەتەکانیان بۆ واڵادەکرێ هەتا ئەگەر بێ بەهرە و بێ تواناش بن، ئەمەش واتا چەقبەستوویی و سوڕانەوە لە دەورەی خۆ.
بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی ئێستای کۆمەڵگای کوردی، ئاستی «پێشکەوتنی « و جۆری پێداویستییە هەنووکەییەکانی لەم قۆناغە مێژووییەی پێیدا دەڕوا؛ هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی هوشیاریی کۆمەڵایەتی کە پێشڤەچوونی پێوە دیارە... ئیتر کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵات هەندێک بوێرانە و بە پەلەش خۆی لە قەرەی ڕەوشی کۆمەڵایەتی و کولتووریی چەقبەستووی کۆمەڵگای کوردی بدات کە بەبێ ئەمە شتێک زێتر ناکات لە دەسەڵاتدارانی پێشتر.
لەم ڕوانگەیەوە، خاڵە سەرەتایی و هەرەگرنگەکانی کارکردنی دەسەڵات لەسەر بابەتی گۆڕان، یان وردتر گۆڕینی کولتووری، بە ڕای ئێمە، دەبێ ئەمانە بن :
- دەسنیشانکردنی ئەو بەها کولتووریانەی بڕەو بە جیاکارییەکان دەدەن لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگادا (ژن و پیاو، گەورە و بچووک، هەژار و دەولەمەند...) و بەرەنگاربوونەوەیان بە هەموو شێوەیەک
- هەروەهاش ئەوانەی بڕەو بە ڕەوشی چەقبەستوو دەدەن (باو و باپیران وایان کردووە و ئێمەش هەر دەبێ وا بکەین...)
- بنبڕکردنی ناعەدالەتییەکان (بەخشینی پلە و پۆست و سامان و ئیمتیاز...)
- نەهێشتنی دیاردە کۆمەڵایەتییە قێزەوەنەکان [بەشوودانی کچ بێ ڕەزامەندیی خۆی، خەتەنەکردنی کچان، دژایەتی و ناشرینکردنی جیابوونەوەی ژن و مێرد، مەلا عەلییەکان...]
- سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی خێزان و گرتنەدەستی پڕۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی [با چیتر دایک و باوک بەتەنیا بەرپرس نەبن لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی منداڵانیان...]
جێبەجێکردنی سەدی هەرچەندی بێت لەم خاڵانەی سەرەوە، بە دڵنییاییەوە، سەرەتای بەرپابوونی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەبێ.

Top