میدیاو كولتوور وەك هێزی نەرم..كورد چەندە ئەم هێزەی هەیە؟

میدیاو كولتوور وەك هێزی نەرم..كورد چەندە ئەم هێزەی هەیە؟

ئەگەرچی لە مێژووی مرۆڤایەتی و هەموو شارستانیەتەكاندا، كولتوور پرسێكی گرنگ بووە و كاتێك هێزێك شوێنێك، یان وڵاتێكی داگیر كردووە، هەوڵی داوە كولتووری خۆی بەسەریدا بسەپینێت، هەموو وڵاتیكیش وەك پاراستنی شارستانیەت و نەتەوەكەی كولتووری بەهەند وەرگرتووە، بەڵام وەك ئەوەی بە شێوازێكی پلان بۆ داڕێژدراو و ئامانجدار كاری بۆ بكرێت و، ئەم هێزە نەرمە وەك هێزێك بۆ داگیركاری بەكار بهێندرێت، ئەوا مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی دووەمی جیهانی، كاتێك ئەمریكا و هەندێك لە وڵاتە زلهێزەكان براوەی جەنگ بوون، ئەڵبەت لەو كاتەشدا خاوەن پردی پەیوەندیی بەهێزی نێوان وڵاتان بوون، كە بە هۆی جەنگەوە دەستیان كەوتبوو، هەروەك خاوەن كاڵا و شتومەكێكی زۆر بوون كە پێویستی بە ساغكردنەوە هەبوو، لە هەمان كاتدا بوونی تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتووی زۆر، بەتایبەتی تەكنەلۆژیای زانیاری كە دەتوانرێت زۆر ئاسان بەرهەمە میدیایی و كولتوورییەكانی پێ بگوازرێتەوە. ئەمانە هەموو وای لە ئەمریكاو ئەو وڵاتە زلهێزانە كرد، كە بیر لە جەنگی كولتووری و داگیركاریی كولتووری بكەنەوەو، كولتوور وەك هێزێكی نەرم بەكار بهینن بۆ ئەوەی پشتبەستنی وڵاتان بەوان بەردەوام بێت. بۆ ئەمەش میدیایان وەك ئامرازێكی كاریگەر بەكار هینا، بەرهەمە میدیاییەكانی وەك دراماكان و فیلمە دۆبلاج كراوە ئاراستەكراوەكان لە وڵاتانی بەرهەمهێنی میدیاییەوە بۆ وڵاتانی هەژار و لاواز لە بەرهەمی میدیایی و كاڵای پیشەسازی، تا ئێستا بە رای هەرە زۆری پسپۆڕانی بواری میدیا و كۆمەڵناسی دراما و فیلمەكان ئامرازی كاریگەری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتین، بەتایبەت بۆ گۆڕانكاریی كولتووری، ئەوەتا دەیبینین توركیا و ئێران و كۆریا و مەكسیك و وڵاتانی دیكەیش بە هۆی ئەم درامایانەوە پێشبڕكێی هەیمەنەی كولتووریی خۆیان بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێكی دیكە لە وڵاتانی جیهان دەكەن.
كورد بە حوكمی نەبوونی دەوڵەت و كیانی سەربەخۆی خۆی كە هەمیشە داگیركەرەكانی ویستوویانە كولتوور و ناسنامەكەی بسڕنەوە، نەك نەیتوانیوە كولتوور وەك هێزی نەرم بەكار بهێنێت، بەڵكو توانای پاراستنی كولتوور و ناسنامەكەی خۆیشی نەبووە، لەلایەكی دیكەوە نەبوونی بەرهەمی میدیا و پشتبەستنی بە بەرهەمی میدیایی دەرەوە هۆكاریكی دیكەی نەبوونی ئەو هێزە نەرمە بوون، جگە لەوەش بەشێك لە ناساندنی كولتوور ئەركی سەفارەت و كونسوڵەكانە كە كورد دیسانەوە بە هۆی نەبوونی دەوڵەت لەمەدا لاواز بووە، نەبوونی ئاستێكی باش لە دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی هۆكارێكی دیكەی بەكارنەهێنانی ئەو هێزە نەرمەیە. ئەوەش راستە بیڵێین كە كورد خۆیشی بیری لەمە نەكردووەتەوە تا لەسەر ئاستێكی بچووكیش بێت، ئەو هێزە بەكار بهێنێت و كولتوور و ناسنامەی خۆی بە جیهان بناسێنێت. سەرباری ئەوەی داگیركەران بە درێژایی مێژوو وا كاریگەرییان لە زیهنییەتی تاكی كورد كردووە كە هەست بە كەمی بكات بەرامبەر پاراستنی كولتوورەكەی و چاولێكەری بۆ هەڵگری كولتووری بێگانە بكات.
ماوە ئەوە بڵێین كە كورد لەم هەلومەرجەی ئێستای بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەریكە دەرفەتی زیاتری دەبێت، كە بچێتە ئاستێكی نێودەوڵەتییەوە لە دوو پارچەی كوردستان كە باشور و رۆژاوایە، سەربەخۆییەكی وای هەیە كە دەتوانێت بیر لە بەكارهێنانی ئەم هێزە نەرمە بكاتەوە، لە سەرەتاشدا دەبێت بیر لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و ناساندنی كولتووری خۆی بكاتەوە، هەروەها لە كرانەوەی لەگەڵ نەتەوەكانی دی و بە سوودوەرگرتن لە هاتنی گەشتیاران و ئەو نووسینگە و كونسوڵانەی كە لەسەر ئاستی جیهان هەیەتی، دواتریش بیر لە بوونی میدیایەك بكرێتەوە، كە رەنگدانەوەی كولتووری كوردی بێت، ئەگەر بە سەرەتایەكی كەمیش بێت، پێویستە لە خەمی پاراستنی كولتووردا بین بۆ ناوخۆ، لەلایەكی دیكەشەوە لە خەمی ناساندن و بەكارهێنانی كولتوور بین وەك هێزی نەرم.

Top