چاکسازی لە بواری سیستمی سیاسیدا

چاکسازی لە بواری سیستمی سیاسیدا

مەبەست لە چاکسازی "باشترکردنی بارودۆخ، ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، نەهێشتنی گەندەڵیەکان"ە ، بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە جومگەکان، و پەیبردنە بە هەبوونی گرفت لەبەردەم بەڕێوەبردنی وڵات، کە دواجار بۆ بەرژەوەندیی گشتی بە ئەرێنی دەشکێتەوە، ئەو جومگانەی کە لە وڵاتدا بەر چاکسازی دەکەون ڕێژەیین واتە مەرج نییە سەرلەبەری سیاسەتی گشتیی وڵات بەر چاکسازی بکەون.
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو بێ گومان ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە چاكسازی لە سیستمی سیاسیدا رۆڵێكی گرنگی هەیە لە رێنیسانسی گەلاندا، گەلانی ئەوروپا چەندان سەدە سەرقاڵی ململانێی نەتەوەیی و ئایینی بوون، كە ئەمە بە سەدە تاریكەكان ناودەبرێن، بەڵام لەكاتێكدا كە نەوەیەكی نوێیان لێ دروست بوو لە رووناكبیر و نووسەرو چاكساز ،توانیان چاكسازییەكی گەورە لە سیستمی سیاسی و ئایینی و فێركردندا بكەن ئەوروپایان لە سەدەكانی تاریكییەوە گەیاندە سەدەی رووناكی ،لە نەفامییەوە بردیانن بەرەو زانست و مەعریفە، دواجاریش رابەرایەتیی جیهانیان كەوتە دەست لە رووی شارستانی و پیشكەوتنەوە.
سیستمی سیاسی لە وڵاتدا هەموو كاروبارێكی گەلی لەبەردەستدایەو دەتوانێت ئاراستەیان بكات بەرەو كاری خێر یان شەڕ، لە هەمان كاتدا رۆڵی گەورە دەبینێت لەچاككردنی هاوڵاتیدا بەهەموو پێكهاتەكانیەوە، بەسیاسەتێكی شەرعی كەبەرژەوەندیەكانی گەل بهێنێتەدی و رێگە لە گەندەڵی بگرێت، ئەگەر سیاسییەكیش نەتوانێت بەم شێوەیە بێت پێویستە گۆڕەپانەكە بەجێبهێڵێت و بیداتە دەست كەسانی لە خۆی باشتر، لە راستیدا ئەمەش مانای دەسەڵاتی گەل و دیموكراسییە، پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر دەسەڵاتێكی سیاسی كۆمەڵە پرسیارێكی لێ بكرێت ،ئایا هەتا چەند سەروەت و سامانی وڵاتی بەفیڕۆ داوە؟ چەند هاووڵاتی كردۆتە قوربانی ؟هەتا چەند لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا گەل بەرەوپێش چووە؟ پێویستە هەموو دەسەڵاتدارێك بە پلەی یەكەم كار لەسەر هێنانەدی بەرژەوەندییە گشتییەكان بكات، بۆ ئەم مەبەستەش پشت بەكۆمەڵێك راوێژكاری باش ببەستێت بۆ ئەوەی هاوكاریی بكەن كە سەركردایەتیی گەل بكات بەرەو پێشكەوتن و شارستانییەت و خۆشی نموونەی سەركردەیەكی دادەپەروەر بێت بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لەو كەسانەی كە دەخرێتە ژێر سێبەری خواوە، لە رۆژێكدا كە هیچ سێبەرێک نییە.
لەئێستادا هەرێمی کوردستان بە پرۆسەی چاکسازیدا تێدپەڕێت سەرەڕای جەنگی داعش و قەیرانی دارایی و کێشەو گرفتەکانمان لەگەڵ بەغدا وململانێی سیاسی، تەنیا ئەو بڕیاری دەست پێکردنە بۆخۆی هیوابەخشینە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پردێکی پەڕینەوەیە بۆ کەناری ئارامی، بێ گومان رەنگە کەس و لایەن هەبن بە هەر مەبەستێک بێت تانە لەو پڕۆسەیە بدەن و بێ ئەرزشی بکەن، بەجۆرێک گومان حکومەت دەتوانێت چاکسازی بکات.
زۆر بە روونی مەبەستمە ئەوە بڵێم پرەنسیپی(یان لەگەڵمی یان لە دژمی) لێرەدا پیادە دەبێت، هەر کەس و لایەنێک چاکسازی بکات پێویستە دەستخۆشی لێ بکرێت و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی بکرێت بۆ ئەوەی بکرێت بە پرۆسەیەکی نیشتمانی ، ئەگەر نا ئەوا مێژوو رەحم بەهیچ کەس و لایەنێک ناکات.
Top