ئایین و فەلسەفە و کولتوور!

ئایین و فەلسەفە و کولتوور!

ژیان بێ مەرام نییە، لەخۆوە و بەبێ ڕێسا بەڕێوەناچێ؛ هەر ڕەهەندێکی ئەم ژیانە بگری – مرۆڤ، سروشت و دەوروبەر، کۆمەڵگا، پڕۆسە و هەلومەرجەکان... بیرۆکە و بەها و مانای لەپشتن؛ سەرچاوەکانی ئەمانەی دواییش ڕوون و ئاشکرا نین. لە بەرایی مێژووەوە مرۆڤ سەرقاڵی دۆزینەوەی نهێنییەکانی ئەم ژیانەیەتی، بە هزر و هۆشە سادەکەیەوە هەوڵیداوە بگات بە لێکدانەوەیەکی «شیاو» بۆ ژیانی و بۆ دەوروبەرەکەی- لە مەشەوە دیاردەی ئایین سەریهەڵدا.
ئایین دیاردەیەکی مرۆیی- کۆمەڵایەتییە و لە سەرەتاکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەویش دەرکەوتوووە. مرۆییە (مرۆڤیش کائینێکی هەمیشە کۆمەڵایەتییە)، چونکە مرۆی سەرەتایی سەری لە دەوروبەرەکەی سوڕمابوو، لە سروشت و دیاردە و ڕووداوەکان نەدەگەیشت... ترس لە سروشت و دەوروبەر ئەمی خستبووە نێو گێژاوی بیرکردنەوە و گەڕانی بەردەوام بەدوای وەڵامدا؛ درکی بە یاساکانی ژیان نەدەکرد، بۆیە ئەفسانەی بۆ دیاردە و ڕووداوەکان هەڵبەست، بە پەرستن و چەندین نەریت و ڕێوڕەسمیش ملکەچیی خۆی بۆ دیاردەکان ڕاگەیاند- پەرستنی توخمەکانی سروشت وەکو : خۆر، مانگ، با و بروسک و تۆفان... (پانتێیزم)، یان پەرستنی دڕندە و گیانلەبەران (تۆتێمیزم)، هەروەها ڕۆحی مردووان (ئانیمیزم)... جا، ترس لە سروشت و دەوروبەر یەکەمین ڕیشاڵی ئایینی لای مرۆڤ دروستکرد کە ئەویش لایەنی دەروونی (سایکۆلۆگیا)یە؛ ڕیشاڵی دووەم مەعریفییە، ئەویش کاتێک مرۆی سەرەتایی هەوڵیدا، بەو لێکدانەوە و ئەفسانە سادە و ساکارانەیەوە، بیرۆکەیەک لەمەڕ ژیان و سروشت و دەوروبەری داڕێژێ – ئەمانە دوو بنەمای بنچینەیی سەرهەڵدانی دیاردەی ئایینن.
کەواتە ئایین، لەم ڕوانگەیەوە، یەکەمین فەلسەفەی مرۆڤە- بیرۆکەیەکی گشتگیرە دەربارەی ژیان و دنیا و دەوروبەر بە لۆژیکی ئەوساکە. لەگەڵ وردەوردە پێشڤەچوونی ڕەوتی ژیان و زێدەبوونی ئاستی زانیاری و هوشیاریی مرۆڤ، فەلسەفە لە ئایین جیابووەوە و وەکو بوارێکی مەعریفیی تایبەت سەربەخۆیی ڕاگەیاند. لە سەرەتادا فەلسەفەش بە هزر و لۆژیکی سادەوە دەستیپێکردووە و گەورە فەیلەسوفانی دێرین باوەڕیان بە بانسروشت، ئەفسانە و خواوەندە زۆر و جۆراوجۆرەکان هەبووە؛ ئێستاکەش فەیلەسوفانی ئایدیالیست، نەک ماتریالیستەکان، فیکر و لۆژیکی ئایینی ڕەتناکەنەوە، بگرە زۆریان، ئەگەرچی ناوی خودا و خالیقیش ناهێنن، سەرچاوەی ژیان و سەرلەبەری دیاردە و شتەکان بۆ یەک تاقە هۆکار دەگەڕێننەوە– نموونە: «بزوێنەری یەکەم»ی ئەڕستۆ ، ‹تاک - الواحد ‹ی ئەفلۆتین، «بیرۆکەی ڕەها «ی فەیلەسوفی ناودار هیگل، یان تەنانەت «دوالیزمی» کانتیش... بنەما و فیکری ئایینیی تاکخوداییش (مۆنۆتێیزم) هەر لەسەر ئەم پرەنسیپە دامەزراون. بۆیە ئایین و فەلسەفەی ئایدیالیست تەواو لێک نزیکن- ئەگەرچی بە لۆژیکی بڕێک جیاواز لە یەکدی.
جێگەی سەرنجە کە لەکاتێکدا فەلسەفە و ئایین لێک جیابوونەوە، هەردووکیان، وەکو دوو ڕێجکەی مەعریفی، پەڕەلێل بەردەوامبوون؛ بەڵام لینکی نێوانیشیان، وەکو گوتمان، بەتایبەتی لەگەڵ فەلسەفەی ئایدیالیستدا هەر مایەوە.
لە نێو ڕەوتی پەرەسەندنی ئایینی ئیسلامدا، چەندین ڕێبازی «فەلسەفی» دەرکەوتن وەکو : موعتەزیلە، مەزهەب و تەریقەکانی باتینی و سۆفیزم کە ئەمانە ئەگەرچی دەکەونە خانەی ڕێبازی هێرمینۆتیکاوە (تأويل)، بەڵام بێ بنەما و فیکری فەلسەفی نەبوون؛ ئەمە جگە لە فەیلەسوفانی ئیمانداری وەکو : کندی، فاڕابی، ئیبن سینا، ئیبن ڕوشد، ئیبن خەلدون... کە زۆربەی ئەمانە بە کوفر و زەندەقە تۆمەتبارکران؛ هەروەها لە ئایینی مەسیحیشدا – جۆرەها ڕێباز و مەزاهیب و فەیلەسوفان (یەک لەوان- تۆمای ئەکوینی).
لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگترین ئەوانەی ئایین و فەلسەفە لێک جیادەکەنەوە، بەڕای ئێمە، ئەمانەن:
- ئایین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و بەسەر کۆی خەڵکەوە دەچەسپێ؛ فەلسەفە بابەتێکە تایبەت بە ئێلیت.
- ئایین ڕووی دەمی زێتر لە خەیاڵ و هەستی مرۆڤە؛ فەلسەفە ڕوو لە هۆش و هزرە.
- ڕۆحیگەری، پانتیۆن(خالیق و کەسانی موقەدەس)، ئەفسانە، سایکۆلۆگیای پەیڕەوکەران- بنیادی ئایین پێکدێنن؛ فەلسەفە بریتییە لە ڵۆگیک، ڕامان، لێکدانەوەی عەقڵانی و گشتگیر.
- ئایین هەمیشە دەوری ئایدیۆلۆگیا دەبینێ لە کۆمەڵگادا؛ فەلسەفە وەکو مەعریفەیەکی تایبەت دەمێنێتەوە (بە دەگمەن دەبێتە ئایدیۆلۆگیا).
هەرچی کولتوورە، ئەوا فراوانترە لە هەردوو بابەتەکەیتر- ئایین و فەلسەفە، بگرە ئەم هەردووکیان لەخۆ دەگرێ. کولتوور، بە هەردوو بەشەکەیەوە- ماددی و مەعنەوی، گرنگترین دیاردەی کۆمەڵایەتییە کە ئەرکی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی لە ئەستۆگرتووە و سستەمی کۆمەڵایەتیی بەڕێوەدەبا. ئایین لە نێو توخمەکانی کولتووری مەعنەویدا گرنگترین و کاریگەرترینیانە (توخمەکانیتر لەپاڵ ئاییندا- زمان، بەهاکان، دابونەریت، ئەدەب، هونەر، زانست...)؛ هێز و دەسەڵاتی ئایین لەوە دایە کە دەتوانێ هەژموونی خۆی بەسەر زۆربەی توخمەکانیتری کولتووردا بسەپێنێ – زمان تژی دەبێ لە چەمک و زاراوە و گوزارشتی ئایینی، بەهاکان زۆرینەیان بەئایینیی دەکرێن و ئەمە دابونەریتەکانیش دەگرێتەوە، بەها ئایینییەکان ڕەنگدانەوەیان دەبێ هەروەها بەسەر ئەدەب، هونەر، زانست و فەلسەفەشەوە. نە هەر ئەوە، بەڵکو جێپەنجەکانی ئایین بەسەر توخمەکانی کولتووری ماددیش دەردەکەون: جلوبەرگ، بیناسازی (مزگەوت، تەکییە و خانەقا،کەنیسە و پەرستگاکان)، گۆڕستان... ئەمانە نیشانەگەلێکن بۆ هەژموون و کاریگەریی ئایین بەسەر کۆمەڵگاوە و بۆ ئاستی ئیمانداریی ئەندامەکانی.
جا، کۆمەڵگایەک کولتوورەکەی بارگاویی بێ بە توخمی ئایینی، بەو ئاستەی کە لە کوردەواریدا هەیە، ئەوا هوشیاریی کۆمەڵایەتیی تیایدا شێوە و فۆڕمی ئایینی وەردەگرێ. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا، تارماییەکانی فیکری ئایینی سەرلەبەری مینتالیتی و زەینییەتی ئەندامانیان تەنیوون، لێکدانەوە و شیکاریی ئایینییانە بۆ دیاردە و ڕووداوەکان دەبن بە تاقە شێوازی بیرکردنەوەیان، هەڵوێست و ڕەفتار و هەڵسوکەوتیشیان هەر لەسەر ئەو بنەمایە دەبن – ئەمەش سروشتی ئایدیۆلۆگیایە کە ئایین هەمیشە و لە هەموو شوێن و کاتێکدا پەیڕەوی دەکات. لێرەشدا، کەواتە، ئایین سەرلەنوێ فەلسەفە لە باوەش دەگرێتەوە، دوای ئەوەی کە لە بەرایی مێژوودا دەسبەرداری بووبوو؛ بۆیەش لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا فەلسەفە جێگای نابێتەوە، چونکە ئایین شوێنەکەیی گرتووە- وەکو چۆن دەتوانین، لە کۆمەڵگای کوردی و هاوشێوەکانیدا، سەرنج بدەین کە فەلسەفە بەجارێک بزرە.
ئایین وەڵامی ئامادەی پێیە بۆ هەموو پرسیارەکان، با وەڵامەکانیش زانستیانە، لۆگیکی و عەقلانییانە نەبن (دە هەر پرسیارکردن لە ئاییندا قەدەغەیە «ولا تسألوا»)؛ خۆ ماندووکردنی ناوێ و مەسەلەکان بڕاونەتەوە، بۆیە پێویستمان بە فەلسەفە نییە – ئەگەر هەوڵبدەی بەقووڵی لە مەسەلەیەک بدوێی، بە دەستەواژەی « تکایە بێ فەلسەفە» دەمکوت دەکرێی. هەر بۆیەشە لە کۆمەڵگای «ئایینی» دا فەیلەسوف هەڵناکەون و تەنانەت بیرمەندیش دەگمەنن، کەواتە دەسکەوت و داهێنانیش نابن- ئەوەی کۆن هەبووە، هەر ئەویش دەمێنێتەوە و پێیەوە دەژین.
لەم ڕوانگەیەوە، دەمانەوێ بڵێین کە هەر فیکر و هەر عەقیدەیەک نابێت بە ئایدیۆلۆگیا ئەگەر نەبێت بە کولتوور، چونکە کەسێک پەیڕەوی ناکات و پابەند نابێت پێیەوە. ئایین، وەکو بینیمان، بەشێکی کولتووری مەعنەوییە بۆیەش کاریگەریی گەورەی هەیە بەسەر ئەندامانی کۆمەڵگاوە و بەمەشەوە دەوری ئایدیۆلۆگیایی خۆی دەبینێ؛ هەرچی فەلسەفەیە، بە مانای تەسکی ئەم وشەیە – واتە وەکو مەعریفەیەکی تایبەت، مەرج نییە ببێت بە ئایدیۆلۆگیا، تەنیا ئەگەر بتوانێ ببێت بە کولتوور و خەڵکەکە پابەند بکات بە خۆیەوە- وەکو ڕێبازە فەلسەفییەکانی چەشنی : مارکسیزم، لیبڕالیزم و نیۆلیبرالیزم...

Top