سۆشیاڵ میدیا و فۆڕمە نوێیەكانی رۆژنامەنووس

سۆشیاڵ میدیا و  فۆڕمە نوێیەكانی رۆژنامەنووس

فراوانبوونی سۆشیاڵ میدیا لە رووی توانای بەكارهێنان و رەخساندنی بوارەكانی بۆ بەكارهێنەر وایكردووە بەردەوام چەمكی نوێ، فۆڕمی نوێ لە جۆر و كاری رۆژنامەنووسی پێناسە بكرێت و بێتە ناو فەرهەنگی كاری میدیاییەوە. لە یەكێك لە بابەتەكانی كۆنفڕانسی ئەندامانی بۆردی «دۆچە فیلی ئەكادیمی» لە وڵاتانی عەرەبی، بابەتێك كە لەلایەن جێگری باڵوێزی ئەڵمانیا لە لوبنان پێشكەش كرا، كە تایبەت بوو بە هەردوو فۆڕمی «رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ و چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان»و بە وردی بەراوردكاری و جیاكاری بۆ هەردوو فۆڕمەكە كردبوو، لەوانە كە چۆن ئەم دوو مرۆڤە لە ئەمڕۆی جیهانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و دیجیتاڵیدا خەریكە تێكەڵ دەبن، تا ئەو راددەیەی هەندێك لە چالاكانی سۆشیاڵ میدیا بە رۆژنامەنووس پێناسە دەكرێن، كە ئەمە بە تەواوەتی جیایە، دەكرێت رۆژنامەنووس لە سۆشیاڵ میدیا چالاك بێت، بەڵام ناكرێت چالاكانی سۆشیاڵ میدیا پێیان بوترێت «رۆژنامەنووس»، لەلایەكی دیكەوە جێگری سەرۆكی «دۆچە فیلی ئەكادیمی» لە ئەڵمانیا لە وتەكەیدا دیسانەوە چووەوە سەر باسی سۆشیاڵ میدیا و چەمكی «هاووڵاتی رۆژنامەنووس» (citizen journalist)یشی هێنا ئاراوە، كە ئەم چەمكە وەك فۆڕمێك بۆ ئەو كەسانەی لەناو سۆشیاڵ میدیا كاری رۆژنامەنووسی دەكەن، كە بریتییە لە كۆكردنەوەی زانیاری و راپۆرتكردنی و دابەزاندنی، واتە هەمان ئەو كارە دەكەن كە رۆژنامەنووسێكی پیشەیی لە دەرەوەی سۆشیاڵ میدیا دەیكات، ئەگەرچی ئەم چەمكانە ئاوا بوونەتە جێگای مشتومڕی پسپۆڕان و توێژەران و بابەتی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكانی ئەمڕۆی بواری میدیایی. بەڵام هەردوو كەسەكە بە وردی باسی ئەوەیان كرد كە ئەمانە جیاوازن لە رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ، چ لە رووی زانستی، چ لە رووی یاسایی و ئیتیكی بوون، هەروەها لە رووی بەرپرسیارێتی و زانینی بنەماكانی كاری رۆژنامەنووسی، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیان بەوە كرد كە ئەو قەرەباڵغی و فەوزایەی ئەمڕۆ لە ژینگەی كاری رۆژنامەنووسیدا پەیدا بووە، هۆكارە سەرەكییەكەی ئەو گەشە بەرچاوەی تەكنەلۆژیایە كە هەموو ئەم فۆڕمە نوێیانەی وەك سۆشیاڵ میدیا و هەموو ئەپلیكەیشنەكانی دیكەی هێناوەتە ئاراوە، لە لایەكی دیكەوە بەهای كاری رۆژنامەنووسی لەم سەردەمە دیجیتاڵییەدا بە دابەزین باس كرا، بە هۆی فراوانبوونی تەكنیكی و لەدەستدانی هەلی كار لەلایەن رۆژنامەنووسە پڕۆفیشناڵەكانەوە، كە ئەمەش بێگومان تا كاری رۆژنامەنووسی لە دەستی رۆژنامەنووسە پڕۆفیشناڵەكان كەم ببێتەوە و بكەوێتە دەستی «چالاكانی سۆشیاڵ میدیا»، واتە پڕۆفیشناڵی لە كاری میدیایی و بەهاو كواڵیتی بابەتە میدیایی و هەواڵە میدیاییەكان كەم دەبێتەوە. بۆیە وەك هەردوولا ئاماژەیان پێ كرد، ژینگەیەك دروست بووە كە سەر لەنوێ پێویستی بە پێناسەكردنی زۆربەی چەمكەكانی بواری رۆژنامەگەری هەیە و پێویستی بە دۆزینەوەی رێچكەیەكی زانستی و ئەكادیمی و یاسایی و ئیتیكی هەیە، بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی كواڵیتیی بەرزیش سەرلەنوێ پێویستمان بەوە هەیە كە پێیدا بچینەوە و بزانین خاوەندارانی میدیا كێن؟ كێن لە پشت بەرهەمهێنەرەكانی میدیاوەن و چۆن رۆژنامەنووسێكی پڕۆفیشناڵ بەرهەم بهێنین؟ لەهەمان كاتدا پێویستمان بەوە هەیە كە دیراسەیەكی ناو ئەو سۆشیاڵ میدیایە و ئەو تەكنەلۆجیا نوێیە بكەین، كە ژینگەی میدیایی وا شپرزە كردووە، چونكە ئەویش پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە.

Top