سۆشیاڵ میدیا و دروستكردنی رۆژنامەنووسی دیجیتاڵی

سۆشیاڵ میدیا و دروستكردنی رۆژنامەنووسی دیجیتاڵی
دیاریكردنی رۆژێك بە تەنیا لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسانی جیهانی لە ئەمساڵدا كە لە رۆژی ١١/٤/٢٠١٩ لە شاری تونس بۆ باسكردن لە «رۆژنامەنووسی دیجیتاڵی» بەسترا، تایبەتمەندی و گرفت و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵی نیشانەی گرنگیی ئەم بابەتەیە، كە دەرهاویشتەی سۆشیال میدیا و پەیج و ئەكاونتە كەسییەكانە، كە دروستكەری، یان شوێنی كاركردنی زۆرێك لەو جۆرە رۆژنامەنووسەیە كە پێی دەوترێت رۆژنامەنووسی «دیجیتاڵ»، لەوێ نزیكەی نۆ بابەت لەلایەن نوێنەری سەندیكاكانی جیهان و كەسانی ئەكادیمییەوە پێشكەش كرا، لەبارەی ئەوەی كە چۆن سەندیكاكانی رۆژنامەنووسانی جیهان رووبەڕووی جۆرێك لە رۆژنامەنووس بوونەتەوە، كە لە زۆر رووەوە لە رۆژنامەنووسە نەریتییەكانی دەزگاكانی راگەیاندنی وەك رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆن جیاوازن، تا ئەو راددەیەی كە رەنگە سەندیكاكانی پێشوو نەتوانن ببنە لانەیەك، یان ئۆرگانێك كە ئەو رۆژنامەنووسە دیجیتاڵییانە لەخۆبگرن و داكۆكیكاری ماف و پێداویستییەكانیان بن. چونكە جیاوازیی تایبەتمەندییەكانی ئەم جۆرە لە رۆژنامەنووسە «دیجیتاڵ رۆژنامەنووس» لە رووی پڕۆفیشناڵی، ئیتیك، یاسایی، جۆری كاركردن و سیستمی كاركردن و كرێ و داخوازییەكانەوە لە رۆژنامەنووسە نەریتییەكان جیاوازە، زۆربەیان خاوەن ناسنامەیەكی رۆژنامەنووسی نین، كە لەلایەن دەزگایەكی راگەیاندن، یان سەندیكاوە پێیان درابێت، ئیتر چۆن دەتواندرێت بدۆزرێنەوە، یان دیسپلین بكرێن، یان پابەندی بنەما پیشەیی و ئیتیكییەكان بكرێن، یان ئەوانەی كە ئامێری نوێی تەكنەلۆژیا جۆرێك لە كاری رۆژنامەنووسی بۆ هیناونەتە بوون، كە لە ماڵەكەی خۆیاندا بە مۆبایل، یان كۆمپیۆتەر چەندین كاری پارچە و رۆژنامەنووسی دەكەن و دەیفرۆشن بە دەزگاكانی راگەیاندن، یان كارگە و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان بە بێ پابەندبوونیان بە یاسا و ئیتیك و رێنمایی هیچ كەناڵێكی راگەیاندن، یان سەندیكایەكی رۆژنامەنووسییەوە. بۆیە ئەم باسانە پرسیارگەلێكی لای ئامادەبوووانی كۆنگرەكە ورووژاند و دیارترینیشیان ئەوە بوو كە ئایا پێویستمان بە كۆكردنەوەی ئەمانە دەبێت لە ژێر ناوی سەندیكایەكدا كە ناوی سەندیكای «دیجیتاڵی›› بێت، یان چۆن سەندیكاكانی پێشووی رۆژنامەنووسان بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە لە رۆژنامەنووس بكەن، یان كێ پارێزەری ماف و داواكارییەكانیان بێت، لەكاتێكدا دەزانین پیشەی رۆژنامەنووسی لە زۆربەی پارچەكانی جیهاندا پیشەیەكی مەترسیدارە و رۆژنامەنووس بە كۆن و دیجیتاڵییەوە رووبەڕووی جۆرەكانی پێشێلكاری دەبنەوە، ئیدی هەر لە كوشتنەوە بیگرە تا رێگریكردن و لێدان و گرتن و.. هتد، ئەمە جگە لەوەی بوونی میدیا بە پیشەسازی و سەرهەڵدانی كۆمپانیا زەبەلاح و بەرهەمهێنەرەكنی میدیا لە ئەمڕۆدا وایكردووە كە رۆژنامەنووس وەك كرێكار، رۆژانە لەو كارگانەدا كاردەكات، بە پێی سەعاتی كاركردن وەك فەرمانبەر، یان پارچە، تا ئەوا راددەیەی لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەمریكا بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی كە بە هۆی پیشەسازیی میدیاوە دروست بوون و لە كارگەكانی بەرهەمهێنانی بەرهەمە میدیاییەكاندا كاردەكەن، سەندیكایەك بە ناوی (سەندیكای كرێكاران و پیشەوەرانەی میدیا) دامەزراوە.
ئەمانە ئەوەمان پێ دەڵێن كە سۆشیاڵ میدیا و میدیای نوێ، بەرهەم و رۆژنامەنووس و ژینگەیەكی رۆژنامەگەریی نوێی هێناوەتەبوون، كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیاندا سەرلەنوێ هەمواركردنەوەی یاسای راگەیاندن و یاسای تایبەت بە رۆژنامەنووس و سەندیكا و رێكخراوی تایبەت بە رۆژنامەنووسمان پێویستە.

Top