بۆچی بە كابینەی نۆیەم دەوترێت كابینەی چاوەڕوانكراو؟

بۆچی بە كابینەی نۆیەم دەوترێت كابینەی چاوەڕوانكراو؟

ئەڵبەتە ناكرێت ئەو بێ ئینسافییە بكەین كە گوایە كابینەكانی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی بەو شێوەیە بووە كە خەڵك حەزی بە كۆتاییهاتنی بووە، بەپێچەوانەوە، ئەو هەموو گرفت و قەیرانانەی كە لەو ماوەیەدا بە سەر خەڵكدا هاتووە، زۆربەیان هۆكارەكەی بۆ خودی كابینەكە، یان بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی نەگەڕاوەتەوە، بەڵكو بارودۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و جەنگی نەگریسی داعش و دۆخی سیاسیی هەرێم هۆكاری سەرەكیی كێشە و قەیرانەكان بوون. بێگومان توانای دیپلۆماسی و كاراكتەری نەرمی سیاسی و كەسایەتیی بەرزی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی ئیدارەیەكی وای ئەم هەرێمەی كردووە، كە زۆرینەی هاووڵاتیان بە چاوی ئۆمێدەوە سەیری دەكەن، بەتایبەتی ئێستا كە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی پێ سپێردراوە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە خەڵك چاوەڕێی چی لە كابینەی نۆیەم دەكات و بۆچی بەم كابینەیە دەوترێت كابینەی چاوەڕوانكراو؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەند خاڵدا دەخەینەڕوو:
یەكەم: كەسایەتیی بەڕێز كاك مسرور بارزانی، لەگەڵ ئەوەی كە كەسایەتییەكی سیاسی و دیار بووە لە ناو شۆڕشی كوردی و هەرێمی كوردستان، بەڵام بە هۆی ئەوەی پۆستێكی هەستیاری ئەمنی ئیدارە كردووە، بەركەوتەیەكی كەمتری لەگەڵ جەماوەر بووە، بۆیە هاووڵاتیان چاوەڕوانی كار و كارنامەی داهاتووی بەڕێزیان دەكەن، ئیتر چاوەڕوانییەكە بە باش یان خراپ بوونی هەیە، بەڵام بە بڕوای من بەڕێز كاك مسرور بارزانی لەبەر كۆمەڵێك خەسڵەت و ئەزموونی سەركەوتووی دەتوانێت ئەو چاوەڕوانییە بە باش بكاتە دیاری بۆ خەڵك:
دووەم: بەڕێز كاك مسرور بارزانی باوكێكی سەركردە و سەرۆكێكی بەهێزی وەك بەڕێز كاك مسعود بارزانی پشتیوانی لێ دەكات، كە خەڵك بەشێكی خۆشەویستیی باوكی بەو دەدەن و ئومێدیان پێیەتی كە دەتوانێت كاری بەرچاو بكات، بەتایبەتی كە بەڕێز كاك مسرور بارزانی كەسێكی گەنج و ئەكادیمییە و لە ئەوروپا ژیاوە و بڕوانامەی بەرزی بەدەست هێناوە و لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیشدا كەسایەتییەكی دیارە و حیسابی لەسەر دەكرێت.
سێیەم: ئەزموونێكی نوێی تاقی نەكراوە. گرفت ئەوەیە زۆرینەی ئەو كەسانەی كە پۆست وەردەگرن لە حزبەكان (لە سەرەتاكانی راپەڕینەوە تا ئێستا) دووبارەن و تاقی كراونەتەوە و خەڵك ئەزموونی بە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵیان هەیە و تا راددەیەكیش رەنگە بێزاربن لە دەموچاوی دووبارە و حەز بە گۆڕانكاری دەكەن.
چوارەم: ئەزموون و كاركردنی بەڕێز كاك مسرور بارزانی لە بواری سەربازی و ئاسایش كە دەتوانێت تا راددەیەكی زۆر كۆنتڕۆڵی بەشێك لەو پەرتەوازەییەی وڵات بكات، كە ساڵانێكە ململانێ سیاسییەكان شپرزەیان كردووە.
بارودۆخی كوردستان لە ئێستادا دەتوانین بڵێین قۆناغی تێكچوونی وێنە و رۆئیایە لە زاكیرەی خەڵكدا، ئەوەی ساڵانێك هەندێك پارت و دەموچاو لای خەڵك شێوێندرابوون و هەندێك كەسیش كرابوونە كاریزما، گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، بەتایبەتی هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەو سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو رێژە زۆرەی دەنگ، وێناكەی لە زاكیرەی خەڵك گۆڕی، بەتایبەتی بۆ حزبێكی وەك پارتی كە تا راددەیك شەقام و هەندێك لە میدیاكان لە ساڵانی پێشوودا وێناكردنی پارتی -یان شێواندبوو، بۆیە هاتنی بەڕێز كاك مسرور بارزانی بۆ ناوەندی ئیدارەكردنی وڵات و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لە كاتێكدایە كە بەخت یاوەری پارتەكەیەتی و جەماوەر متمانەیان پێ بەخشیوە.
كابینەی نۆیەم بۆ ئەو چاوەڕوانییەی جەماوەر دەبێت چی بكات؟
وەڵامی ئەم پرسیارەش بە چەند خاڵ دەستنیشان دەكەین:
یەكەم: یەكێك لە خاڵە بەهێزەكان بۆ بەڕێز كاك مسرور بارزانی ئەوەیە كە ئەزموونی یەكەم و یەكەم دەركەوتنیەتی لە كاری حكوومی و جەماوەریدا، بۆیە پێویستە هەوڵ بدات خەڵكی تاقی نەكراوە و دەموچاو نادووبارە بەڵام شارەزا و دڵسۆز (ئەكادیمی و پسپۆڕ و گەنج لە هەردوو رەگەز) لە چواردەوری خۆی كۆبكاتەوە. بەتایبەتی بەشێك لە كەسانی بەئەزموون و پسپۆڕ و گەنج لە رەگەزی مێ كە ساڵانێكە فرامۆش كراون. حزبەكان هەر لەسەر سیاسییە كۆنەكان و پیاوان كاردەكەن، ئەو نەریتە ناڕەوایە دەكرێت كاڵ بكرێتەوە، كە ئەوەشمان بەدی كرد، هەر لە دەركەوتنەكانی بۆ لای حزبەكان و بردنی كۆمەڵێك گەنج و ئەكادیمی و ژن لەگەڵ خۆی بۆ ئەو كۆبوونەوانە، پێم وایە بەڕێز كاك مسرور بارزانی بەو كارەی ئومێدێكی بۆ جەماوەر گەڕاندوە. ئینگلیز واتەنی «یەكەم دەركەوتن» گرنگە و ئەوە لە زاكیرەی خەڵك دەمێنێتەوە.یەكەم دەركەوتنی سەرۆكی حكومەتی ئایندەش بەو شێوەیە زۆر گرنگ بوو.
دووەم: بەشێكی زۆری جەماوەر چاوەڕوانییەكەی لە كابینەی نوێ بۆ باشكردنی گوزەرانیەتی، بمانەوێت و نەمانەوێت، جەماوەر ئەم ساڵانەی رابردوو بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە لە حكومەت و پارتەكان تۆراوە، بۆیە باشترین كار و یەكەمین كارێك كە بەڕێز كاك مسرور بارزانی وەك یەكەم بەركەوتەی لەگەڵ جەماوەر دەیبێت، موژدەی دڵخۆشكەرە بۆ جەماوەر بە باشكردنی گوزەران و مووچەیان و دەكرێت جەماوەری تۆراو بەو مزگێنییە ئاشت بكاتەوە.
سێیەم: سزادانی گەندەڵكاران، كە پێویستە بە ئاشكرا شەڕێك بەناوی شەڕی دژەگەندەڵی رابگەیەنێت، ئەمە قۆناغێكی دیكەی ئاشتكردنەوەی جەماوەر دەبێت، چونكە خەڵك باوەڕی بە وشەی چاكسازی نەماوە.
چوارەم: میدیا، كە بەشێكی زۆریان هۆكاری شپرزی و پەرتەوازەیی و چەواشەكاری و تێكدانی كولتوور و بەها و ناسنامەی كۆمەڵگەن و دەیان ساڵە ئەكادیمی و پسپۆڕان و چاودێران هاواریانە و كەس گوێی بۆ نەگرتوون، پێویستە خاڵێكی گرنگی كارەكانی كابینەی نۆیەم بێت، بە هەوڵدان بۆ بوونی میدیایەكی نیشتمانی كە زمانحاڵی كابینەكە بێت و كارەكانی بە راستگۆیی و دوور لە چەواشەكاری بە خەڵك رابگەیەنێت و كار بۆ رێكخستنی میدیای هەرێم بكات. ئەڵبەتە كە من ئەمە دەڵێم، وەك پسپۆڕێك، پڕۆژەی ئامادەكار بۆ رێكخستنی بواری میدیا لەلایەن خەڵكانی بەئەزموون و پسپۆڕەوە ساڵانی رابردوو رەوانەی پەرلەمان كراوە، بەڵام فەرامۆش كراوە، جەنابی كاك مسرور بارزانی دەتوانێت بە هاوكاریی لیژنەیەكی راوێژكاری پسپۆڕی میدیاكار كاری جددی لەسەر بكات.
پێنجەم: ئەوەی ساڵانێكە بووە بە مۆدێل لەم وڵاتە كە تەنیا حزبەكان و سەركردەی حزبەكان ونوێنەری حزبەكان كۆدەكرێنەوە و گوێیان لێ دەگیرێت، بەڕێز كاك مسرور بارزانی دەتوانێت ئەو مۆدێلە بگۆڕێت و ناو بەناو دابەزێتە ناو جەماوەر و كەسایەتی دیاری كۆمەڵگە لە رووی كۆمەڵایەتی، پسپۆڕی، ئەكادیمی، هونەری و...هتد حیسابیان بۆ بكات و راوێژیان پێ بكات. لەگەڵ بوونی ئەنجومەنێكی راوێژكاریی هەمیشەیی لەسەر بنەمای پسپۆڕی، نە لەسەر بنەمای مەحسووبییەت و مەنسووبییەتی حزبی.
شەشەم: حزبیبوون سەردەمانێكە باڵی بەسەر كۆمەڵگەی ئێمەدا كێشاوە و چووەتە ناو جومگە و خوێنی تێكڕای ئۆرگانەكانی كۆمەڵگە، ئەوەش وایكردووە، خەڵك لە دەرەی حزب بووبێت، خوای دەكرد، ئەنشتاین بێت، كەس حیسابی بۆ نەكردووە. بۆیە بە بڕوای من بۆ ئەمەش پێویستە سەرۆكی حكومەت دابەزێتە ناو كۆمەڵگە بۆ دەستنیشانكردنی كەسانی سەربەخۆ كە دوورن لە حزب و كارامە و بەتوانان و پێشینەیان لای خەڵك پەسەندكراوە، بەشدارییان پێ بكات.
حەوتەم: گەنج توێژێكی هەستیاری كۆمەڵگەیە كە حزب، میدیا و كۆمەڵگە زوڵمی لێ كردووە و تۆراندوویەتی، تا ئەو راددەیەی تاكە خولیای رێژەی زۆرینەی گەنجی ئەم وڵاتە ئەوەیە چۆن ڤیزەیەك دەست بخات و بڕوات وڵات بەجێ بهێڵێت. ئەم توێژە گرینگە تۆراوە لە خێزان، لە نیشتمان، لە حكومەت، لە حزب، بۆیە بەڕێز كاك مسرور بارزانی كە خۆی كەسێكی گەنجە و لە گەنج تێ دەگات، تا لە گەنج نزیك ببێتەوە، ئومێدی زیاتر بە گەنج دەدات، بەتایبەتی لە رەخساندنی هەلی كار و دابینكردنی پێشینەی هاوسەرگیری و بەشداری پێ كردنیان لە ئۆفەرەكانی نیشتەجێبوون و گوێ لێ گرتنیان و تیكەڵی كردنیان هەتا هیواكانیان بە وڵاتی خۆیانەوە گرێ بدەن.
هەشتەم: لەم كۆمەڵگەیە خەریكە بەرەو ئەوە دەڕۆین ماڵی خێزانەكان بووەتە شوێنی توندوتیژی و ئازاردانی منداڵ، بە حوكمی خراپی گوزەرانی خێزانەكان، گۆڕینی شێوازی خێزان و بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران و...هتد، بۆیە پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە، یاسای باشتر دابنرێت بۆ پاراستنی منداڵ و گوزەران و خوێندنی، واتە بودجەی تایبەت بۆ منداڵ تەرخان بكرێت، تاكو لانیكەم لە بواری خوێندن چاوەڕێی دەستی دایك، یان باوك نەبێت، كە بەداخەوە ژمارەیەكی زۆری منداڵان بۆ بۆ دەستخستنی پاروویەك نان كاری زۆر قورسیان پێ دەكرێت و لە خوێندن دابڕاون.
نۆیەم: پەروەردەو خوێندنی باڵا دوو شادەماری كۆمەڵگەن، كە بەداخەوە قەیرانی ئابووری لاوازی كردوون و شكۆی بۆ مامۆستا و پێگەی قوتابخانە و زانكۆ و بڕوانامە نەهێشتووە، كە وای لێهاتووە خەڵك گاڵتەی بە بڕوانامە و زانكۆ و قوتابخانە بێت، بۆیە گەڕانەوەی شكۆ بۆ ئەمانە بە بڕوای من پێویستە لە كارە سەرەكییەكانی حكومەتی ئایندە بێت.
دەیەم: پەككەوتە و بەساڵاچووان، ساڵانێك بە هۆی خانەنشینی و بڕینەوەی مووچەیەك بۆ چاودێرەكانیان دۆخیان باشتر بوو، بەڵام بەداخەوە قەیرانی ئابووری بە تەواوەتی ژیانی ئەوانیشی وێران كرد و پارەی چاودێرەكانیان نەما، خۆشیان بە چەند مانگ جارێك مووچەیەك وەردەگرن، كە شێوازی وەرگرتنەكەشی چەند رۆژ لەسەرە دەوەستن، تا كارەساتی دڵتەزێنمان بینی، كە ژن و پیاوی پیر لە سەرەی مووچەوەرگرتندا گیانیان لەدەست دا. بۆیە گرنگیدان بە خانەكانی بەساڵاچووان و پشتیوانی و یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی كە كەسانی كەمئەندام و بەسالاچوویان هەیە، پێویستە كاری جددی لەسەر بكرێت.
لە كۆتاییدا پێویستە بگوترێ بەڕێز كاك مسرور بارزانی ئەوەی لێی چاوەڕوان دەكرێت، باشكردنی گوزەرانی هاووڵاتی و ئاشتكردنەوەی ئەو چین و توێژانەیە كە لە حزب و حكومەت تۆراون، ئەگەر ئەمانەش بكات، بێگومان دەبێتە رەمز بۆ سەركردەیەكی گەنج و كورد ئەزموونێكی تاقیكراوەی سەركەوتووی ئەكادیمی و گەنجی سەركردەی دەبێت.
Top