زنجیرە چاپكراوی گــۆڤـــاری گوڵان بەناوی کێشەکانی میدیا لە هەرێم.. ئاسەوار.. ڕێگە چارە

زنجیرە چاپكراوی  گــۆڤـــاری گوڵان بەناوی کێشەکانی میدیا لە هەرێم..  ئاسەوار.. ڕێگە چارە
قسەکردن لەسەر میدیا و کاریگەری و گرفتەکانی بەردەوام لە ئاڵۆزبووندایە ،چونکە میدیا وابەستەی گەشەی تەکنەلۆجیاو بازاڕو گەشەی بەرهەم و گەشەکردن و ئاڵۆزبوونی بوارەکانی دیكەی ژیانە هەر لەبواری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری..هتد، کە پێویستیان بە گەیشتن و دەسکەوتنی زانیاریە بە خێرایی و بەردەستی . ڕەنگە لە کۆندا میدیا تەنیا ئامرازێکی زانیاریی گەیاندن و بەزمەسات و پەروەردە بووبێت، لەئێستادا میدیا کاری ناساندنی بەرهەم و گەشەدانی ئابووری و ساغکردنەوەی کاڵا دروستکردنی بەکاربەرە بۆ بەرهەم و شتومەکەکان ، واتە زانستی میدیا تێکەڵ بووە لەگەڵ زانستی ئابووری، چونکە دوای سەرهەڵدان و گەشەسەندنی میدیای بازرگانی ئیتر میدیا ئاوێتەی بازاڕی ئابووری و کاڵا بوو ئەرک و ڕۆڵی زیاتری بۆ پەیدابوو کە بێگومان سروشتی کارکردن و کاریگەریشی گۆڕا. واتە لە ڕەهەندێکی دیكەوە باسی بکەین، کە ئەم کتێبە گرنگی پێداوە، میدیا ئێستا لەجاران زیاتر پێویستی بەڕێکخستنی یاسا هەیە تاکو مافی وەرگر و بەکاربەر و نەتەوەو نیشتمان و کلتور بپارێزێت .لەگەڵ ئەوەی کە گەشەی فراوانی میدیا لە ڕووی جۆرو ناوەڕۆک و ئامرازەوە بووەتە کێشەی هەمووجیهان و وڵاتانی پێشکەوتووش کە سەردەمانێکە میدیایان بە یاساو بۆرد ڕێکخستووە لە ئێستا پێویستیان بە ڕێکخستنی زیاترو هەموارو دەرکردنی یاسای نوێتر هەیە، تاکو میدیا وای لێبکرێت بخرێتە خزمەتی هاووڵاتی و نەتەوە نیشتمان و کلتوور. لە هەرێمی کوردستان ڕاستە سەدەیەکمان تیپەڕاندووە لە مێژووی ڕاگەیاندن و رۆژنامەگەری، بەڵام میدیا لەم هەرێمەدا جگە لەوەی وەک پێداویستییەکی حزبەکان دروسست بووەو دامەزراوە کۆمەڵیک گرفت و بۆشایی یاسایی و ڕێکخستن و ئەرک پێدان و خستنە خزمەتی نیشتمان و نەتەوە هاووڵاتی هەیە، تاکو وەک دەیبینی لەو پاشاگەردانیی شپرزەی ژینگەی میدیایی و بەرکەوتەو زیانە کلتووری و ناسنامەیە کە بە تاک و نەتەوەکەمانی دەگەیەنێت، ڕزگارمان بێت. ئەم کتێبە کۆکراوەی زنجیرەیەک وتاری یەک لەدوای یەکە لە باسی کێشەکانی میدیا لە هەرێم و ڕێگا چارەسەرەكان.
لەگەڵ سوپاسم بۆ دەزگای گوڵان و سەرنووسەر و ستافەکەی کە بواریان بە مندا ئەو بابەتانە لە سایت و گۆڤارەکەیان بڵاوبکەمەوە، دواتریش ئەرکی دیزاین و ڕێکخستن و لە چاپدانی ئەم کتێبەیان گرتە ئەستۆ. دیارە ئەوە نیشانەی خەمخۆرییە بۆ میدیا و نەتەوەو نیشتمان.
پ.ی.د.نەزاکەت حسێن
١-٤-٢٠١٩


Top