خوێندنەوەیەكی كوردانە بۆ بەشداریی سەرۆك بارزانی لە (كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو)

خوێندنەوەیەكی كوردانە بۆ بەشداریی سەرۆك بارزانی لە (كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو)
سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شای ئوردن و بۆ بەشداریكردن لە حەڤدەهەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو، رۆژی ٥/ ٤ / ٢٠١٩ سەردانی عەممانی پایتەختی ئوردنی كرد و، رۆژی ٦/٤ بەشداری كۆڕبەندەكەی كردو، رۆژی ٧/4 شاعەبدوڵای دووەم كوڕی حوسێن پادشای ئوردن بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆك مسعود بارزانی و شاندی یاوەری كرد.
سەردانی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ئوردن و پێشوازیلێكردنەكەی، رەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوچەكەدا هەبوو، لە ڕووی پرۆتۆكۆڵییەوە وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا و، لە هەمووی گرنگتر بۆ یەكەم جار ئاڵای كوردستان بێ ئاڵای عێراق لە تەك ئاڵای وڵاتێكی عەرەبیدا بەرزكرایەوە، بێگومان ئەوەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ڕۆڵ و قورسایی سەرۆك بارزانی و پێگەی كوردستان لەناو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەدا، لەهەمان كاتدا ئاماژەیەكە كەوا سەرۆك بارزانی رێبەرایەتی گەلی كوردستان دەكات، هەر بۆیەش وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا، سڵاوی سەربازیی لێ كرا، فەرشی سووری بۆ راخرا، ئەم شێوازی پێشوازیكردن و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستانە، حكومەتی عێراقی نیگەران كرد و داوای روونكردنەوەی لە ئوردن كرد، ئوردنیش بە شێوەیەكی دیپلۆماسییانە وەڵامی عێراقی دایەوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر پەیامەكە گەیشت، كە رێبەری گەلی كوردستان سەرۆك بارزانی-یە و كوردستان خاوەن پێگەی گرنگ و تایبەتیی خۆیەتی لە ناوچەكەدا.
(كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو)؛ كە هاوشێوەی كۆڕبەندی داڤۆسی سویسرایە، بەستنی ئەم كۆڕبەندە بە ئامادەبوونی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ژمارەیەك لە سەرۆكی وڵاتان و هەزار كەسایەتی سیاسی و ئابووری و بزنسمان و نوێنەرانی كۆمپانیا مەزنەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكان و كەسانی پسپۆڕ و ئەكادیمی و راگەیاندنكار لە پەنجا وڵات، دیدار و كۆڕبەندێكی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی گرنگە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی وڵاتان و، دەكرێ لە پەراوێزی ئەم كۆنگرەیەدا دەیان دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی وڵاتان ئەنجام بدرێت و پەیوەندییەكی دۆستانە و بەرهەمداری لێ وەبەربێت، بانگهێشتكردنی سەرۆك بارزانی بۆ ئەم كۆڕبەندە سەلمێنەری ئەو راستییە بوو، كەوا كوردستان لە ناوچەكەدا وەك وڵاتێكی دیفاكتۆی رانەگەیەندراو دەتوانێ بەشدار بێت لە داڕشتنەوەی نەخشەی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دروشمی سەرەكیی كۆڕبەندەكە «دیاریكردنی سیستمێكی نوێ بۆ هاوكاریكردن» بوو، كۆڕبەندەكە تایبەت بوو بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و، تەرخانكرابوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چوار تەوەری سەرەكی كە ئەوانیش بریتی بوون لە:
بنیاتنانی نموونەیەكی نوێی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ ناوچەكە.
دواڕۆژی ژینگە لە ناوچەكەدا.
گەیشتن بە زەمینەسازییەكی كاری هاوبەش لە جیهانێكی فرەبۆچووندا.
شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم لە ناوچەكەدا.
دروشمی سەرەكی و ئەم تەوەرانە كە بابەتی سەرەكیی گفتوگۆكانی كۆڕبەندەكە بوون؛ سەرەتایەكی گرنگن بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژێكی نوێی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا. بەشداریكردنی سەرۆك بارزانی لەو كۆڕبەندەدا ئەوەمان پێدەڵێت كە بەڵێ، دەبێت كوردستان بەشداربێت لە داڕشتنی سیستمی نوێی هاوكاریكردن و بەیەكەوە كاركردن لە ناوچەكەدا، كوردستان رۆڵی خۆی دەبێت لە داڕشتنەوەی ستراتیژییەكی ئابووری و سیاسی و ئاسایشی ناوچەكەدا، ئەمانەش بە حوكمی ئەوەی كە كوردستان لە رووی ئابوورییەوە وڵاتێكی دەوڵەمەندە و خاوەن نەوت و غازێكی زۆرە و، لەهەمان كاتدا سەرچاوە ئابوورییەكانی فرەن، وەك: كشتوكاڵ و گەشتیاری و جۆرەها كەرەسەی سەرەتایی پیشەسازی، لە رووی سیاسییەوە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مسعوود بارزانی وایكردووە كوردستان رووبەڕووی هەموو ئەو پیلان و ئاستەنگانە ببێتەوە كە رووبەڕووی كوردستان بوونەوە و سەرۆك بارزانی بە لێزانی و سیاسەتی حەكیمانەی خۆی توانی كوردستان لە قۆناخێكی هەرە سەخت و دژوار دەرباز بكات و گەمارۆكانی سەر كوردستان تێكبشكێنێت، بانگهێشتكردنی بۆ كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو ئاماژەیەكە بۆ وڵاتانی ناوچەكە كە بەڵێ، سەرۆك بارزانی لە ئێستا و داهاتوودا دەتوانێ لە ناوچەكەدا رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێـت، سەرەڕای ئەمانە پێگەی كوردستان لە رووی ئاسایشەوە گرنگە؛ كوردستان توانی رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و هێمنی و ئارامی كوردستان بپارێزێت و وەكو ناوچەیەكی ئارام بمێنێتەوە، بێگومان ئەوەش بۆ هەموو لایەك روونە كەوا سەرۆك بارزانی وەك فەرماندە و پێشمەرگەیەك هاوشانی پێشمەرگەكانی كوردستان بەردەوام لە سەنگەری بەرەڤانیكردن و پاراستنی كوردستاندا بوو، ئەو ئاسایش و ئارامییەی لە كوردستان هەیە، وادەكات كوردستان ببێتە ژینگەیەكی گونجاو بۆ وەبەرهێنان و رێگە بۆ وەبەرهێنەران خۆش دەكات، بۆئەوەی بێن لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن، ئەمەش لە داهاتووی نزیكدا وادەكات كە كوردستان لە رووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی زیاتر بەرەو پێشڤە بچێت.
بێگومان بەشداربوونی سەرۆك مسعود بارزانی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دەریای مردوو لەم كاتەدا كرانەوەیەكی گرنگە بە رووی ناوچەكەدا بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و وڵاتانی بەشداری كۆڕبەندەكە بەگشتی و ئوردن بەتایبەتی، ئوردن لە پێشەوەی ئەو وڵاتە عەرەبییانە دێت كە خوازیاری بنیاتنانی پەیوەندییەكی بەتین بووە لەگەڵ كوردستان، هەر زوو هەستی بە گرنگیی پێگەی كوردستان لە ناوچەكەدا كردو بڕیاری كردنەوەی كونسڵخانەی گشتیی وڵاتەكەی دا لە هەولێر، دواتر كۆمەڵێ كۆمپانیای ئوردنی روویان لە كوردستان كرد و بەشدار بوون لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی ژێرخانی كوردستان و گەشەپێدانی مرۆیی و تا ئێستاش بەردەوامن، ئەو پەیوەندییانەی نێوان ئوردن و كوردستان رێگەخۆشكەر و متمانەبەخش دەبن بۆ زۆر وڵاتی دیكەش كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كوردستان پێشبخەن.
جیا لە كارنامەی كۆڕبەندەكە؛ رۆژی ٧ / 4 شاعەبدوڵای دووەم كوڕی حوسێن پادشای ئوردن بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆك مسعود بارزانی و شاندی یاوەری كرد، وەك راگەیەندرا لە دیدارەكەدا شا عەبدوڵا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە پێشڤەچوون و باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و وتوویەتی: «باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدایە»، بێگومان عێراق و ئوردن دوو وڵاتی هاوسنوورن و كۆمەڵێ پەیوەندی و بەرژەوەندی بەیەكیان دەبەستێتەوە. سەرۆك مسعود بارزانی دەتوانێ رۆڵێكی كارای هەبێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكان و پێشخستنی پەیوەندییەكان، بە لای شانشینی هاشمی ئوردنەوە زۆر گرنگە كەوا پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ عێراق و پێهاتەكانی عێراق هەبێت، بۆ ئەوەی لە لایەك پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان و بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی لەگەڵ عێراق و كوردستان بپارێزێت و پێشیان بخات، لە لایەكی دیكەشەوە لە رووی ئارامی و ئاسایشەوە سنووری وڵاتەكەی لەگەل عێراقدا بێ كێشە و پارێزراو بێت.
بێگومان رۆڵی سەرۆك بارزانی نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی ناوچەكەشدا بۆ پاراستن و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی زۆر گرنگە، بۆیە ئوردن بە گرنگی دەزانێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی سوود لە پێگەو رۆڵی سەرۆك بارزانی وەربگرێت، ئەم بانگهێشتكردن و سەردانەش سەلمێنەری ئەو راستییانەن. هەروەها لە دیدارەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و شا عەبدوڵای دووەم جەخت لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نیوان هەردوولا و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە كراوەتەوە و باس لە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان كوردستان و شانشینی ئوردن و باس لە هەماهەنگی و هاوكاریی بەردەوام لەپێناو شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی و، ڕیشەكێشكردنی تیرۆریستان كراوە، ئوردن و كوردستان هەردوولا بەشدارن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی تیرۆر، هەموو لایەكیش ئەوە باش دەزانن كەوا سەرۆك مسعود بارزانی وەك پێشمەرگەیەكی خاوەن ئەزموون رۆڵێكی كارای بینی لە شەڕی دژی تیرۆریستان، بوێری و لێهاتوویی و شارەزایی سەرۆك بارزانی و گیانفیدایی پێشمەرگەی كوردستان ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند، بۆیە بەشێك لەو دیدارانەی سەرۆك بارزانی پەیوەست بووە بەوەی كەوا لە داهاتوودا چۆنن بتوانن هەماهەنگ و هاوكاربن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
سەرۆك بارزانی كە بە خاوەن سیاسەتێكی حەكیمانە و وردبینانە و دووربینانە و خاوەن ئەزموون ناسراوە، رۆڵێكی كارای دەبێت لەو گۆڕانگارییانەی كەوا لە ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و روودەدەن، بۆیە راوێژپێكردن و گوێگرتن لە سەرۆك بارزانی سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەكان و داڕشتنەوەی ستراتیژیەتێكی نوێ بۆ ناوچەكە گرنگیی خۆی هەیە.
ئوردن لە ڕێی ئەو بانگهێشتە فەرمییە و ئەو پێشوازیكردنەی لە سەرۆك بارزانی پەیامێكی بە هەموو لایەك دا، كەوا بڕیاری گەلی كوردستان لای سەرۆك مسعود بارزانی-یە و سەرۆك بارزانی وەك هەمیشە لە گۆڕانكارییەكانی داهاتووی ناوچەكەدا رۆڵی كاریگەری خۆی دەبێت، بۆیە پێویستە راوێژی لەگەڵدا بكرێت و بیروڕاكانی بە هەند وەربگیرێن.
كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆتە جێی بایەخ و گرنگیی خۆی هەیە، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەو پێشڤەچوونانە بە هەند وەربگرن و رەچاوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی بكەن و هەنگاوی خێرا بنێن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان، هاوكێشەیەكی ناهاوسەنگە لەسەر ئاستی ناوچەیەیی و نێودەوڵەتی بە بایەخ و گرنگییەوە سەیرمان بكەن و لە ناوخۆش ناتەبابین، بۆیە ئەركە لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كەوا بە خۆماندا بچینەوە و رەچاوی بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان بكەین و بەیەكەوە هەوڵی پێشڤەبردنی كوردستان بدەین و هاوكار و پشتیوانی سەرۆك مسعود بارزانی بین بۆ گەیشتن بە كەنارێكی ئارام و دواڕۆژێكی گەش.

Top