پێشنیاری پڕۆژەی سەندوقی پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان
February 26, 2019
وتار و بیروڕا
ئەو سیاسەتە دوژمنكارییانەی كە رژێمی پێشوو بەرامبەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان پیادەی كرد، هەروەها ئەو هەلومەرجە سەختەی كە هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی دوو گەمارۆی نێودەوڵەتی و حكومەتی ناوەند پێیدا گوزەری كرد، لە هەموو روویەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی و نەبوونی دامەزراوەی حكوومی كە لەسەر بنەمای زانستی و سیستماتیك دامەزرابن و توانای ئەوەیان هەبێت، ئەدای ئەركی خۆیان بە تەواوی بەجێ بگەیەنن، ئەنجامگەلی نەرێنییان لێكەوتەوە، ئەمە لەپاڵ كەمیی كارامەیی ئاستبەرز و خاوەن توانای زانستی و شارەزاییەك كە بشێت بەرپرسیارێتیی بنیاتنانی هەرێم بە شێوەیەكی رێكوپێك لە ئەستۆ بگرن.
لە ئەنجامی ئەمەدا، هەرێم رووبەڕووی دواكەوتنی ئابووری و كۆمەڵاتی بووەوە، وێڕای ئەوەی كە دامەزراوە حكوومییەكان توانایان نەبوو، پێداویستییە بنەڕەتییەكانی هاووڵاتییان دابین بكەن وەك كارەبا و ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزراییەكانی كۆمەڵایەتی، وەك پەروەردە و تەندروستی و نیشتەجێبوون و...تاد.
هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی (2003)وە وەك پشكی خۆی لە داهاتی نەوت پارەی لە حكومەتی فیدڕاڵ وەرگرت، وێڕای ئەوەی كە پێویستییەكانی هەنووكەیی و لابردنی پاشماوەی بەجێماوی رژێمی پێشوو پێویستی بە پارەیەكی زیاتر دەكرد، بۆیە حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی هەرێم دەستیان بە دیزایین و جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی ستراتیژی كرد، كە تا ساڵی 2013 هاتنەئاراوە، بەڵام ئەو هەلومەرجەی دوای ئەو ساڵانە هاتەپێش، بەتایبەتیش هەلومەرجی سیاسی، لەوانە هێرش و پەلامارەكانی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە ناوچەكە و ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، كە بووە هۆی ئەوەی بارگرانییەكی زۆری دارایی بخاتە سەر هەرێم، ئەمە سەرەڕای زیادكردنی خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی و پەروەردەوە خزمەتگوزارییەكان كە باری سەرشانی حكومەتیان قورستر كرد. سەرباری ئەمەش، دابەزینی نرخی نەوت و بڕیارە ستەمكارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ بە نەدانی پشكی هەرێم لە هەموو داهاتەكانی نەوت، كە ئەمەش بووە هۆی ئیفلیجبوونی تەواوی چالاكییە بنەڕەتییەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، ئەوەی ئێستا دەردەكەوێت لە سەرەتا ئەرێنییەكانی تایبەت بە رێژەی زیادكردنی نرخی نەوت و لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم لەمیانی پەسندكردنی بودجەی ساڵی 2019 و وتوێژی بەرهەمدار لە چەندین بواردا، كە پێویست بەوە دەكات چاو بە ستراتیژییەكانی حكومەتدا بخشێنرێتەوە بۆ پەرەپێدانی هەرێم.
ئەمە دەرفەتێكی مێژووییە و پێویستە بقۆزرێتەوە، بەتایبەت بە بەكارهێنانی ئەو داهاتانە لە دەستەبەركردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكان بۆ هاووڵاتییان و چاككردنی خزمەتگوزارییەكان و بنیاتنانی ئایندەی كوردستان لەسەر بنەمای زانستیی دروست كە داهاتی سرووشتی و مرۆیی و دارایی بە دیدوبۆچوونێكی روون و ستراتیژییەتی دوورمەودا تێدا بەكاربهێنرێت، كە لە رێی ئەوەوە ئامانجەكان دیاری بكرێن، هەروەها پلانی پێنج ساڵ و بەرنامەی ساڵانە دابڕێژرێن بۆ زامنكردنی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی پێویستن:
- بەدیهێنانی گەشەی ئابووری بە شێوەیەكی بەردەوام.
- بەرزركردنەوەی ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی.
- چاككردنی كوالیتیی خزمەتگوزارییەكان كە حكومەت پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكات.
دامەرزاندنی سندوقی پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان
ئەو پرۆژەیەی كە پێشنیاری دەكەین بریتییە لە دامەزراندنی سندوقێكی تایبەت بە پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش پێویستە بەشێك بێت لەو زنجیرە پرۆژەكانەی كە پەیوەست بە ستراتیژییەتە گشتییەكانی پەرەپێدانی هەرێم، بەجۆرێك دانانی پلانی پرۆژەكان بۆ چوار ساڵ لەخۆبگرن، لەبەر رۆشنایی سیاسەتی ئەو وەزارەتانەی تایبەتمەندن بە دیدوبۆچوونی ستراتیژیی دوورمەودا و بە شێوەیەكی هاوسەنگ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی نێوان هاووڵاتیانی هەرێم لەنێوان پارێزگاو قەزاو ناحییەكان دابەشكرابێت.
ئەركی سندوقەكە پارەداركردنی پرۆژەكان بێت، بەشێوەیەك خێرایی و كارامەیی لە جێبەجێكردنی پرۆژە بێنێتەدی و دووربێت لە كۆتوبەندی رۆتینی كە بۆتە هۆی جۆرێك لە پاشاگەردانی و فرەیی و دووفاقی لە ئەرك و بەرپرسیارییەتی هەندێ وەزارەت و پارێزگاكان تایبەت بە هەڵبژاردن و جێبەجێكردنی پرۆژەكان.
بۆیە پێشنیاری ئەم میكانیزمەی خوارەوە دەكەین:
1. دامەزراندنی سندوقێكی سەربەخۆ بە ناوی سندوقی پەرەپێدانی كوردستان، كە لە رێی ئەوەوە پرۆژەكانی پەرەپێدان و ژێرخان پارەدار بكرێن، بەپێی تێڕوانینێكی ئایندەخوازی و ئەولەوییاتی، ئەمانەش پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و مرۆیی بن.
2. ئەم سندوقە لەلایەن دەستەیەكی تایبەتەوە بەڕێوەببرێت، كە لایەنە پەیوەندیدارەكان بڕیاری لێ بدەن.
3. ژمێریاریی سندوقەكە لەلایەن دەستەیەكی پسپۆڕەوە وردبینی بۆ بكرێت.
4. ئەنجومەنێك پێكدەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی سندوقەكە و، راپۆرتی وەرزی و ساڵانە پێشكەش بە لایەنی پەیوەندیدار بكات.
5. ئەو شتانە لەو سندوقە دادەنرێن:
أ: ئەو پارانەی تەرخان دەكرێن بۆ بودجەی وەبەرهێنان بەپێی رێژەی بڕیارلێدراوی چوار ساڵی داهاتوو لە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم لە حكومەتی فیدڕاڵ.
ب: بەشدارییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و گەورە كۆمپانیاكان كە لە هەرێم كاردەكەن.
ج: بەخششە داراییەكان كە پێشكەش بە هەرێم دەكرێن.
د: قەرزە بچووك و درێژخایەنەكان كە راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ لە رێی حكومەتی فیدڕاڵ، یان دامەرزاوە داراییەكانەوە پێشكەش دەكرێن.
هـ: لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت داهاتی دانراو لە سندوقی پەرەپێدان بگوازرێتەوە بۆ بودجەی تەشغیلیی ئاسایی.
لە هۆكارە ئەرێنییەكانی ئەمەش ئەوەیە، كە وێڕای ئەو رێكارانەی گیرانەبەر لە دابەشكردنی داهاتەكان بەپێی بودجەی ئاسایی و بودجەی راوێژكاری، بەڵام واقیعی حاڵ سەلماندوویەتی كە ئەم بوارە شكڵی بووە و خزمەتی پرۆسەی پەرەپێدانی نەكردووە، چونكە ئەو رێكارانەی لە ئێستادا گیراونەتەبەر لە پارەداركردنی پرۆژەكان پەیوەست بوون بە رێكارەكانی وەزارەتی دارایی، واتا تەرخانكردنی ساڵانە لە كاتێكدا كە زۆربەی ئەو پرۆژانە بۆ تەواوكردنیان پێویستیان بە فەراهەمیی تەرخانكردنی دارایی هەیە، كە رەنگە چوار ساڵ بخایەنێت. هەروەها ئەو رێكارانەی پەیڕەو دەكران سەركەوتوو نەبوون لە رووی توانای دارایی و مرۆییەوە، بۆیە ئەو پێشنیارەی سەرەوە بە شێوەیەكی باش لەبەر رۆشنایی ستراتیژییەتە دوورخایەنەكان زەمانەتی پارەداركردنی پرۆژەكانی ژێرخان و ستراتیژی و بنیاتنانی كوردستان دەكات.
دانانی پلان بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان:
پێویست بەم هەنگاوانە دەكات:
1. دانانی پلانی كەرتی بۆ پرۆژەكان بۆ ماوەی (4) ساڵ لەلایەن وەزارەت و پارێزگاكان، كە لەگەڵ تێڕوانینی ستراتیژیی هەر كەرتێك بگونجێت و بەشێوەیەكی گشتی هاوئاهەنگیش بێت لەگەڵ پلانی پەرەپێدانی هەرێم و هاوسەنگیش بێت لەنێوان پارێزگاكاندا.
2. لە قۆناخی بنەڕەتیدا تەركیز بكرێتە سەر پرۆژەكانی ژێرخان كە كێشەكانی كەرتی كارەبا و ئاو و نیشتەجێبوون و تەندروستی و پەروەردەو ئاودێری و ئاوەڕۆ و رێگەوبان و گەیاندن چارەسەربكات.
3. دوای دیاریكردنی پێویستییەكان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە، ئینجا ئەولەوییات بەشێوەیەكی زانستی و روون و گونجاو بەپێی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان دیاری دەكرێت، لەگەڵ رەچاوكردنی ناوچە زۆر زیان لێكەوتووەكان.
لە هۆكارە ئەرێنییەكان ئەوەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پرۆژەكان لەئێستادا لەسەر بنەمای زانستی و پلان بنیات نەنراوە، بەڵكو تەنیا بەپێی حەز و ئارەزووی تاكەكەسییە و بەپێی تێڕوانینی بەرپرسانە لە وەزارەت و پارێزگاكاندا و، لەبەر رۆشنایی دیدوبۆچوونی ئایندەی پەرەپێدانی كەرتەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی پەیوەست نییە بە ئامانجە ستراتیژییەكان. هەروەها ئەو دووفاقییەی لە بەرپرسیارێتییەكاندا هەیە، لەگەڵ ئەو ئەركانەی وەزارەت و پارێزگاكانی هەرێم لەسەرشانیانە، بوونەتەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنی پرۆژەكان و دواتریش بەهەدەردانێكی زۆر لە لێهاتوویی و توانای دارایی و مرۆیی.
پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكان:
پێویستی بەم رێكارانە هەیە:
1. پێكهێنانی لیژنەیەكی پسپۆڕ لە ئامادەكردنی پێداویستییەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكان و چاودێریكردنیان.
2. چاوخشاندنەوە بە كادیرانی ئەندازیاریی پسپۆڕ لە وەزارەتەكاندا و هێنانیان بۆ ناو دەستە پێشنیاركراوەكە.
3. مەشق پێكردنی كادیرانی ئەندازیاری بەپێی پسپۆڕی و پێویستی دەبێت.
4. ئەو دەستەیە كۆمپانیا راوێژكارییە جیهانییەكان هەڵدەبژێرێت كە لە بواری دارایی و مرۆیی و یاساییدا توانای ئەندازیارییان هەیە، بۆ پێشكەشكردنی راوێژ دەربارەی چۆنێتیی سەرپەرشتیكردنی هەموو قۆناخەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكان.
5. دامەزراوەكە لەمانە تایبەتمەند دەبێت:
أ: زانیاری لە سەر پرۆژەكان:
دەستەی پێشنیاركراو سەرچاوەكانی زانیاریی ئەو پرۆژانە ئامادەدەكات، كە نیاز وایە لە چوار ساڵی داهاتوودا جێبەجێ بكرێن، بەمەبەستی پێدانی كاتی تەواو بە كۆمپانیا لۆكاڵ و جیهانییەكان تاكو دیراسەی پرۆژەكان بكرێت و پێداویستیی تەندەرەكان بە وردی ئامادەبكرێت.
ب: میكانیزمی پۆلێنكردنی كۆمپانیا و بەڵێندەران:
دەستەكە میكانیزمێك دادەنێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنیی بەها بەسەر كۆمپانیا و بەڵێندەراندا، ئەویش لەمیانی پابەندبوونی بە ئامادەكردنی دۆسیە لەنێو تۆمارەكانیدا بۆ پێشكەشكردنی زانیاری دەربارەی توانای دارایی و ئەندازیارییان كە تایبەتە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكان و ئامادەكردنی كادیری مرۆیی، كە بتوانێت سەردانی مەیدانی بكات بۆ دڵنیایی بوون لە دروستیی ئەو زانیارییانەی كە لە بەڵگەنامەكانی كۆمپانیا، یان بەڵێندەردا دراون.
ج: دیزایین و مواسەفاتی كاركردن:
دەستەی پێشنیاركراو پێوانەی بنەڕەتی دادەنێت بۆ هەڵبژاردنی كۆمپانیا بیانییەكان تاكو دیزایینی پرۆژەكان دابنێن.
د: ئامادەكردنی بەڵگەنامەكانی كەمكردنەوەكە:
دەستەكە وردەكاریی كاری ئەو پرۆژانە دادەنێت كە رادەگەیەنرێن، تاكو دووربن لە ئەنجامدانی هەر هەمواركردنەوەیەكی بنەڕەتی لە دیزایینەكان، یان بەهای پرۆژەكە دوای راگەیاندنی.
هـ: راگەیاندنی پرۆژەكان:
دەستەی پێشنیاركراو میكانیزمێك دادەنێت بۆ چۆنێتیی راگەیاندنی كەمكردنەوەكان تاكو كۆمپانیا جیهانییە بە تواناكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان رابكێشێت، ئەمەش لە رێی هۆیەكانی راگەیاندنی لۆكاڵ و بیانییەو دەبێت، كاتی تەواویش دەدرێت بە كۆمپانیاكان تاوەكو دیراسەی شێوەكانی كارەكە بكەن پێش ئەوەی داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن، دەستەی پێشنیاركراو میكانزمێك بۆ شیكردنەوەی تەندەرەكان بە شەفافییەت و عەقڵانییەت دادەنێت، بۆ ئەوەی متمانەی كۆمپانیا جیهانی و لۆكاڵەكان بە حكومەتی هەرێم بەهێزبكات، كە ئەویش لە رێی پێدانی دەرفەت بە هەمووان بۆ بەشداریكردن لە پێشكەشكردنی تەندەرەكانەوە دەبێت، دوای پێدانی پرۆژەكە راپۆرتێكی فەرمی پێشكەش دەكات پاساوەكانی پێدانەكە بە كۆمپانیاكە رادەگەیەنێت.
و: پێدانی گرێبەست:
دەستەی پێشنیاركراو میكانیزمێك دادەنێت بۆ پێدانی پرۆژەكە بەو كۆمپانیایەی كە پرۆژەكەی بۆ دەرچووە و پشت بەو رێنماییانەی گرێبەست دەبەستێت، كە لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە ئامادەكراون، ئەمەش وەك بنەمایەك بۆ رێكخستنی گرێبەست، دەستەكە كادیری ژمێریاری و كارگێڕی و یاسایی ئامادەدەكات و مەشقیان لەسەر وردەكاریی چۆنێتیی پابەندبوون بەو رێنماییانە پێ دەكات.
ز: سەرپەرشتی و بەدواداچوون:
دەستەكە تیمی كاركردن ئامادەدەكات تاكو بەردەوام سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكان و بەدواداچوون بكات، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی گرێبەستەكە بەپێی مواسەفات و دیزایینەكان كە لەسەری رێككەوتوون.
هۆكارەكانی ئەرێنیكردن:
یاساو پەیڕەو و رێنماییەكانی ئێستا لەگەڵ هەلومەرج و بۆچوونە سیاسی و ئابوورییەكانی هەنووكەیی و ئایندە ناگونجێن، بۆیە پۆلێنكردنی ئێستای بەڵێندەر و كۆمپانیاكان بێسوودە، دیاردەی رازینەبوون لەئارادایە، بە شێوەیەك وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە هەڵبژاردنی بەڵێندەر و كۆمپانیاكان سەركەوتوو نەبوون كە بتوانن پرۆژەكان بەو دیزایین و مواسەفات و نرخە تەواو بكەن كە لەسەری رێككەوتوون، نەبوونی ئەو مواسەفاتانە بە تەواوی بۆ كاركردن پێش پێشكەشكردنی تەندەرەكان كە بۆتە هۆی هەمەجۆریی لە گۆڕینی بنەڕەتیی دیزایینەكان و بەهاكان دوای پێشكەشكردنی تەندەرەكان و لەكاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
چاككردنەوەی پرۆژەكان:
1. لە هەر پارێزگایەك فەرمانگەیەكی تایبەتمەند بۆ چاككردنەوەی پرۆژەكان دادەنرێت، لەوانەی كە پەیوەستن بە هەیكەلی دەرەوە و پێداویستیی ناوەوە لە كارەباو ئاو و ئاوەڕۆ.
2. فەرمانگەی پسپۆڕ دەربارەی پێداویستیی چاككردنەوەی هەر پرۆژەیەك راپۆرتی ساڵانە ئامادەدەكات و تێچووی ساڵانە دەخەمڵێنێت و لە بودجەی ساڵانەدا جێگیری دەكات.
3. فەرمانگەی پێویست بە هاوكاریی كۆمپانیا ئەهلییەكان ئەم ئەركە جێبەجێ دەكات و بەپێی گرێبەستی تایبەت كە بۆ ئەم مەبەستە واژۆدەكرێت، تا ئەو كاتەی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كادیرانی لۆكاڵ ئامادەكەن كە بتوانن ئەم ئەركە بنەڕەتییانە ئەنجام بدەن.
هۆكارە ئەرێنییەكان:
چاككردنەوەی پرۆژەكان بنەمای سەرەكیی پرۆژەكانە، كە لە فەرمانگەكانی هەرێمدا گرنگیی پێ نەدراوە، زۆربەی پرۆژەكانی جێبەجێكراو لە هەیكەلی بناغەكانیان و نەبوونی پێداویستیی بنەڕەتیی بەردەوامبوونیان لەئێستادا دوچاری تێكچوون و پشتگوێخستن بوونەتەوە، هۆكاری ئەمەش نەبوونی بەرنامەی چاككردنەوە و بەدواداچوونە.