داواكارییەك بۆ دامەزراندنی هەرێمی موسڵ
February 18, 2019
وتار و بیروڕا
هەرێمی موسڵ:
بەپێی راپۆرتی لیژنەكە، هەرێمی موسڵ لە شەش پارێزگا پێكدێت، ئەوانیش ((1- شنگال،2- تەلەعفەر، 3- دەشتی نەینەوا، 4- باشووری موسڵ (حەمام عەلیل، گەیارە، حەزەر)،5 - مەخموور، 6-پارێزگای نەینەوا)).
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی موسڵ نزیكەی 3.7 ملیۆن كەسە، كە فرەئەتنی و كولتوورو ئایین و عەشایرییە.
مێژووی داواكاریی دامەزراندنی هەرێمی موسڵ:
دواداواكاری بۆ دامەزراندنی هەرێمی موسڵ كە چوارەمینە لە ساڵی 2008 بوو، كە داوا لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا كراوە، هاوكات لە 2014 بەر لەوەی پارێزگاكە بكەوێتە دەست داعش جەختی لێكراوەتەوە، لە 2016 دووبارە داواكراوەتەوە، ئەمەش دوای ئازادكردنی شارەكەو كۆنتڕۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە.
بنەماكانی دامەزراندنی هەرێمی موسڵ:
لیژنەی ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی هەرێمی موسڵ پشتی بەم بنەمایانە بەستووە:
1- كۆكردنەوەی 2%ی دەنگەكانی دانیشتووانی پارێزگاكە كە زۆربەیان ئەوانەن كە لە خێوەتگاكانی ئاواران نیشتەجێن كە ژمارەیان نزیكەی نیوملیۆن هاووڵاتییە.
2- پشتبەستن بە ماددەكانی دەستووری عێراق(119و 118و 117) وێڕای یاسای ژمارە 31 ی ساڵی 2008 تایبەت بە رێكارەكانی جێبەجێكردن بۆ پێكهێنانی هەرێمەكان لە عێراقدا.
3- خاپووربوونی ژێرخانی پارێزگاكە (بەری راستی موسڵ) كە بۆتە ناوچەیەكی كارەساتبار و پێویستی بە 50 ملیار دۆلار هەیە بۆ بنیاتنانەوەی، لەسایەی بوونی چەندین نووسینگەی ئابووری كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئیدارەی پارێزگاكەن و كۆنتڕۆڵی سەرجەم كایە ئابوورییەكانیان كردووە لە پارێزگاكەدا.
4- وەستانی چالاكیی ئابووری لە پارێزگای نەینەوا، لەسایەی ئەو گەندەڵییەی كە بڵاوبۆتەوە و نائومێدیی زیاتری بە هاووڵاتیان بەخشیوە كە ژیان جارێكی دیكە وەك خۆی لێ بێتەوە.
5- بوونی بۆشایی سیاسی و خراپ بەڕێوەبردن لە پارێزگاكە و كۆنتڕۆڵكردنی زۆربەی كایەكانی ئیداریی پارێزگاكە و قەزاكانی لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە.
6- تیرۆرو هەڕەشە لە ئەگەری جارێكی دیكەی داگیركردنی هەندێ ناوچەی شارەكە لەلایەن داعشەوە.
7- بەقاچاخبردنی نەوتی خاو لە هەندێ كێڵگەی نەوت لە گەیارە.
8- لاوازیی ئیدارەی حكومەتی فیدڕاڵ لە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی یاسا، بووەتە هۆی نەبوونی ئیدارەی یاسایی لە چەند شارۆچكە و شارەدێی نەینەوا، لەوانە شنگال.
9- دەستتێوەردانی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەكانی لۆكاڵی و ئیقلیمی لە پارێزگای نەینەوا.
10- لاوازیی دەسەڵاتی هێزەكانی عێراق بەسەر سنوورەكانی پارێزگای نەینەوادا لەگەڵ سووریا، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە، بوونی هێزی جۆراوجۆر و میلیشیای نایاسایی كە كۆنتڕۆڵی پارێزگاكەیان كردووە لەوانەش (حەشدی شەعبی، حەشدی عەشایری، حەشدی خۆجێیی و...تاد).
11- بوونی ناوچەگەلێكی جیاكەرەوەو چۆڵ لەنێوان هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە تیرۆریستان ئەم ناوچانە بە هەل بزانن بۆ ئەوەی مۆڵگەكانیان لێ قایم بكەن، ئەمەیان بۆتە بارگرانییەك بۆ گێڕانەوەی كۆچبارو ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو هاووڵاتییانە.
12- نزیكەی 3.5%ی یەدەگی نەوتی عێراق لە پارێزگای نەینەوایە، لەپاڵ بوونی 60 پێكهاتەی جیۆلۆجی كە بریتین لە كێڵگەی دۆزراوەو نەدۆزراوەی نەوت و غاز، سەرباری بوونی دو پاڵاوتگەی نەوت، هاوكات تێپەڕبوونی هێڵی كەركووك-جەیهان بە پارێزگاكەدا بۆ توركیا، هەروەها پارێزگای نەینەوا بە سامانی دیكەی سرووشتی دەوڵەمەندە، كە بنەمایەكە بۆ پەرەپێدان و پەرەسەندنی پیشەسازیی هەمەجۆری بیناسازی لە پارێزگاكەدا، وێڕای بوونی هێڵی ئاسن كە عێراق بە سووریا و توركیا دەبەستێتەوە، لەگەڵ بوونی خاڵەكانی گومرگ و بازرگانی لە سنووری پارێزگاكە لەگەڵ سووریا.
هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەبەرامبەر پڕۆژەی دامەزراندنی هەرێمی موسڵ:
1- كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پڕۆژەی دامەزراندنی هەرێمی موسڵی رەتكردەوە.
2- نەبوونی شەفافییەت لەم پڕۆژەیەدا.
3- حكومەتی فیدڕاڵ لیژنەیەكی تایبەتی نارد بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی پارێزگای نەینەوا، كە تائێستا نەیتوانیوە وێنەیەكی دیارو روونی پارێزگاكە دەستنیشان بكات، بۆ ئەوەی رێكاری پێویست بگرێتەبەر بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاكە.
4- ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەكی تایبەتی رەوانەی پارێزگاكە كرد بۆ ئاگاداربوون لە واقیعی پارێزگاكە لە هەموو روویەكەوە.
5- لیژنەی دامەزراندنی هەرێمی نەینەوا دواكارییەكەی بۆ دادگای فیدڕاڵ نارد، دوای ئەوەی كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان داواكاریی لیژنەكەی رەتكردەوە، هەروەها دواكەوتنی هەڵوێستی حكومەتی فیدڕاڵ و هەڵوێستی پەرلەمان لە بەدەنگەوەهاتنی داواكاریی لیژنەكە و دانیشتووانی پارێزگاكە بەشێوەیەكی گشتی و دانیشتووانی خێوەتگاكانی ئاواران بەتایبەتی كە كەمترین بنەماكانی ژیانیان تێدایە.
بنەماكانی لاوازی و مەترسییەكان لە پڕۆژەی دامەزراندنی هەرێمی موسڵ:
1- نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاكە لەسایەی بوونی هێزی دەسەڵاتدار(حەشدی شەعبی بەسەر زۆربەی دامەزراوە ئەمنی و ئیداری و سەربازی و ئابوورییەكان لە پارێزگاكەدا).
2- ناكرێت هەرێم دابمەزرێت لە رووی یاسایی و ئیدارییەوە بەبێ رەزامەندیی هاووڵاتیانی پێش دامەزراندنی شەش پارێزگاكە كە لە پڕۆژەكەی لیژنەی دامەزراندنی هەرێمی موسڵ راگەیاندراوە.
3- هەندێ شارۆچكەی وەك (ئاكرێ، بەردەڕەش، شێخان، مەخموور) كە لەئێستادا لە چوارچێوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندان، بخرێنەسەر سنووری هەرێمی موسڵ، پێش ئەوەی ئەم بابەتە بخرێتە بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی یاسایی و دادوەری، وێڕای پشتگوێخستنی راوبۆچوونی دانیشتووانی ئەو شارۆچكانە دەربارەی ئەم بابەتە.
4- گرتنەبەری داواكاریی هەرێمی موسڵ هەوڵێكە بۆ لەباربردنی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە پارێزگاكانی نەینەواو هەولێرو دهۆك.
5- لاوازكردنی هەرێمی كوردستان لە رووی ئابووری و كشتوكاڵییەوە، چونكە دامەزراندنی هەرێمی موسڵ سەردەكێشێت بۆ ئەوەی كە موسڵ داوای كێڵگەكانی نەوت و غاز بكات كە دەكەونە شارۆچكەكانی مەخموور و شێخان و ئاكرێ و بەردەڕەش بە حوكمی ئەوەی ئەو كێڵگانە لە رووی ئیدارییەوە دەكەونە سنووری ئەو شارۆچكەو شارەدێیانە كە لە رووی ئیدارییەوە خراونەتە نێو پڕۆژەی دامەزراندنی هەرێمی موسڵ.
6- لەوەش مەترسیدارتر، هێڵی بۆریی نەوتی كوردستان بەو شارۆچكە كوردییانەدا تێدەپەڕێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە هێڵی بۆریی نەوتی كوردستان كە هێڵێكی ئابووری و زیندووی حكومەتی هەرێمە بكەوێتە ژێر رەحمەتی ئیدارەی هەرێمی موسڵ.
7- دامەزراندنی هەرێمی موسڵ پێش جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕاندنەوەی ناوچە كوردییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان گەورەترین و مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئایندەی هەرێمی كوردستان.
8- گرتنەبەری بیرۆكەی دامەزراندنی هەرێمی موسڵ لەم هەلومەرجەی ئێستادا، دەبێتەهۆی لەدەستدانی تەواوی پارێزگاكە، ئەمەش كاریگەری و لێكەوتەی خراپی دەبێت بۆ دانیشتووان، هەروەها بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
چارەسەرو پێشنیارەكان:
1- رێكخستنی هەوڵەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ و لایەنە ئیدارییەكانی نەینەوا لە رووی بەسەركردنەوەی واقیعی پارێزگاكە لە هەموو روویەكەوە، بە مەبەستی كێشانی نەخشەڕێگایەك بە شێوەیەكی روون، كە چوارچێوەیەكی كاتی تێدا دەستنیشان بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕووی دانیشتووانی پارێزگاكە دەبنەوە.
2- پێكهێنانی ئیداریەكی دروست و بەهێز (حكومەتێكی كاتی) پێش هەموو شتێك جەخت بكاتەوە لەسەر گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها پشتیوانیكردنی ئاوارەكانی پارێزگاكە كە لە خێوەتگاكاندان، تا ئەو كاتەی ساكارترین پێویستییەكانی ژیانیان بۆ دابین دەكرێت لە نەینەواو شارۆچكەكان، هاوكات كاركردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەپێناو هێنانەكایەی دەسەڵاتێكی میللی و یاسایی و دەستووری، بە مەبەستی پێكهێنانی دامەزراوەكانی نێودەوڵەتیی و یاسایی و دادوەری و ئیداری كە لەگەڵ چەمكی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا بگونجێت.
3- هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاكەو شارۆچكەكانیدا لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم و رێكخراوە بیانییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی ئاستەنگن بۆ بنیاتنانی دامەزراوە تایبەتمەندەكان، هەروەها ئەوانەی دێنە بەردەم دانیشتووانی پارێزگاكە.
4- دیاریكردنی داهاتە داراییەكان و خەرجكردنی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و روون لە هەموو بوارەكانی ژیان لە پارێزگاكەو شارۆچكەكانیدا.
5- پێكهێنانی لیژنەی نەهێشتنی گەندەڵی بۆ گەڕان بەدوای ئەو پارەیەی كە بە 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت كە لە ساڵانی رابردوودا بۆ پارێزگای نەینەوا خەرجكراوە.
6- سازكردنی سیمیناری زانستی و ئابووری و سیاسی و ئیداری و كولتووری و ئایینی ئیتنی و ئەمنی و سەربازی لە هەموو پارێزگاكەدا بۆ دیاریكردنی نەخشەو وێنەیەك بۆ پارێزگاكەو بە هۆیەوە بارودۆخەكە چارەسەربكرێت بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندی و داواكارییەكانی هاووڵاتیانی شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگای نەینەوا.
* راوێژكاری ئاسایشی ئابووری پاراستنی هەرێمی كوردستان