خوێندنەوەیەكی سیاسی و یاسایی بۆ ئێستاو داهاتووی هەرێمی كوردستان لەدیدی ئاسایشی نەتەوەییەوە

خوێندنەوەیەكی سیاسی و یاسایی بۆ ئێستاو داهاتووی هەرێمی كوردستان لەدیدی ئاسایشی نەتەوەییەوە
شیكردنەوەی رەوشی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە لە ئاستی ناوخۆ و عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا بەرەو گۆڕانكارییەكی جۆراوجۆر دەڕوات، بەڵگەش بۆ ئەمە جموجۆڵی سیاسییە لە سەر ئاستەكانی ناوخۆ و دەرەوەدا.
لەسەر ئاستی ناوخۆدا، دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن، واقیعی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، دامەزراوەكانی یاسایی و دەستووری (سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، دەسەڵاتی دادوەری) لەسەر بنەما تازەكانی ئێستا كە خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەكانی پێشوو، هەڵبەتە سەرۆكایەتیی مسعود بارزانی بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەی سەلماند كە مەسەلەكە بە دیدی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی وەك مەرجەعییەتێكی ئەزموونی مێژووی سیاسیی كوردستانی و عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، وەك وەڵامدانەوەیەكی پێداویستییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و راگرتنی باڵانسی سیاسی و تەنانەت رۆڵی بەڕێزیان لە چارەسەرەكانی ئابووری، جگە لەمەش لە سەركردایەتیكردنی بەرگریی نیشتمانی لە بوون و نەمانی ئەم ئەزموونە بەرامبەر مەترسی و هەڕەشەكانی ئەم ئەزموونە، هاوكات بوونی بەڕێزیان لە بەرەكانی شەڕ و ئاوەدانی، بەڵگەگەلی ئەم راستییە بوون.
سەرۆك بارزانی لە گەڕانەوەی كوردستان و كێشەی كورد بەرەو بە نێودەوڵەتیكردن، رۆڵی سەرەكیی هەبووە و هەیەتی، وەك ناسنامە و رابەری گەلێكی ستەملێكراو، نەك تەنیا لە عێراق، بەڵكو لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیشدا، بەڕێزیان لە روانگەی خوێندنەوەی بۆ بنەماكانی ئاسایشی نەتەوەیی كە بریتین لە: هێز، ئابووری، دیپلۆماسییەت، لەسەر ئەم ئاستانە كاری كردووە و دەكات، بۆیە ئەزموونی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەركردایەتیی بارزانی لە رەوڕەوەی خەباتی گەلی كورد، بە پشتبەستن بە ئەزموونی مێژوویی پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماكانی بەشداریی سیاسی، فرەحزبی، دیموكراسییەت، مافەكانی مرۆڤ، دایەلۆگە و بەشداریی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بە جیاوازیی بیروبۆچوون، بە وێستگە و قۆناخێكی گرنگی مێژوویی هەژماردەكرێت، بەڵام هەر چۆن بێت، ئەمانە بە هێزی نیشتمان هەژمار دەكرێن لە دیدی بەڕێزیان و بەشدارییان لە دروستكردن و داڕشتنی بڕیاری سیاسی بە گرنگ و پێویست دەزانێت.
بڕیاری ریفراندۆم وەڵامدانەوەی سەرۆك بارزانی بۆ مەزڵوومییەتی كورد وەك گەلێكی خاوەن پێگە، ژمارە، رۆڵ، بە هێڵی جیاكەرەوە هەژمار دەكرێت لە نێوان دوو قۆناخی جیادا، وەڵامدانەوەی پرسیارێكی گرنگ لە ئەدەبیاتی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەویش كە هەر قەوارەیەك لە خۆی دەپرسێت، ئایا دەبین، یان نابین؟ بەرەو كوێ دەچین؟
بە دامەزراوەییكردنی ئەم مەسەلەش بە دیدی ئاسایشی نەتەوەیی بەوە دەبێت، كە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی پێكبهێنرێت، وەك دامەزراوەیەكی پەیوەست بە بابەتە چارەنووسسازەكان بێت و، بە ئەندامێتیی چەند گرووپێك بێت: وەزاری، پەرلەمانی، ئەمنی و عەسكەری، پسپۆڕەكان، سەنتەرەكانی شیكردنەوە، ئەركی سەرەكیشی بریتی بێت لە دیراسەتكردن و چارسەركردنی تەنگژە و مەترسییەكان و راوێژدان بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان.
لە راستیدا ئەم ئەنجومەنە دەتوانێت رۆڵێكی بەرچاو و گرنگ ببینێت بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی پێشوومان.
هەروەها دوور لە بنەماكانی دەستتێوەردان لە كاروباری دەوڵەتەكانی ئیقلمیی دەوروبەر، بە راوێژ لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كورد لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەم دەوڵەتانە، ئەم ئەنجومەنە دەتوانێت لە مەسەلەی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان رۆڵی پۆزەتیڤ ببینێت.
هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەگەر ئەزموونی هەشت كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان شی بكەینەوە، لە قۆناخەكانی سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، ئەم راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت كە هەنگاوی باش بەرەو عەقڵییەت و سیاسەتی دەوڵەتمەداری و دامەزراوەیی چووین، پاش ئەزموونێكی شۆڕشگێڕیی دوورودرێژ و سەخت، هەڵبەتە قۆناخەكانی بە دامەزراوەییكردن و دروستكردنی مرۆڤی دەوڵەت و عەقڵییەتی دەوڵەت سەختە و بەردەوامە، بەڵام هەر چۆن بێت لە كاركردن بۆ بونیادنان لە ئاستەكانی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئەمنی، سەربازی، دیپلۆماسی، بنەمایەكی مرۆیی نیشتمانی لە كوردستان پەیدا بوو.
نێچیرڤان بارزانی لە ئەزموونی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لە یەك مەسافە راوەستا لە هەمبەر هەمووان و سەیری هەمووانی كرد، بە یەك ئاست و پێوەری سەرەكی و دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری بوو. بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە بازنەیەكی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی هەژمار دەكرێت، بەڵكو بە بنكەی سەرەكی لە بەرفراوانی و هەمەجۆریی كارەكان كە بە پلەی سەرەكی پەیوەستن بە هاووڵاتییەوە.
مسرور بارزانی وەك راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و پەروەردەی قوتابخانەی پارتی و بارزانی، بە عەقڵییەتێكی بەرپرس و قووڵ و فراوان سەیری مەسەلەكانی ئاسایشی كرد، تا گەیشتە ئاستی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە لە هەرێمی كوردستان، كە وەك نموونە سەیر دەكرێت لە ناوچەكە، هەروەها مامەڵەكردنی بەڕێزیان لەگەڵ دۆسێیە گرنگەكانی ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر بنەمای خوێندنەوە و شیكردنەوە و عەقڵانییەت بوو.
ئەزموونی حزبێكی مێژوویی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پتر لە حەفتا ساڵ لە خەباتی سیاسیی مەدەنی و چەكداری دەرئەنجام و پاڵپشتیی روونی پرەنسیپەكانی ئەم حزبە بوون، كە زۆرجار قوربانیی راو سازش نەكردن بووە لەسەر مافەكانی ئەم گەلە. هەڵبەتە پەیوەندییە نیشتمانی و عێراقی و ئیقلیمییەكان بەڵگەی ئەم راستییەن، بۆیە لە نەخشەكێشان بۆ دەستنیشانكردنی وێنەو تابلۆ سیاسییەكانی داهاتووی كوردستان، خۆی وا دەبینێت كە تەواوكەری ئەزموونی مێژوویی پارتی و بارزانی-یە بە بەهەیكەلكردنێكی تازە، سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و سەرۆك حزبێكی مێژوویی، نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمێكی بە دامەزراوەییكراو كە لە داهاتوودا بەرەو گۆڕانكارییەكی گرنگی جۆراوجۆر دەچێت، لەبەر رۆشنایی ئەزموون و عەقڵییەتی دەوڵەتمەداری، مسرور بارزانی وەك سەرۆك حكومەتێكی تازە لە ئەرك و كاری تازەیدا، هەروەها خوێندنەوەی دۆسێ گرنگەكانی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕێزیان، ئەمانە هەموو فاكتەرن بۆ ئەوەی بەرەو قۆناخێكی تازەی سیاسی و پڕ لە ئەزموون بڕۆین.
هەڵبەتە خوێندنەوەی دۆسێی عێراق لە بارودۆخە تازەكەدا، هەروەها دۆسێیەكانی ئیقلیمی لە گۆڕانكارییەكانی توركیاو ئێران و سعودیە و ئوردن، هاوكات بابەتە نێودەوڵەتییەكانیش لە سیاسەتەكانی ئەمریكا، رووسیا، یەكێتیی ئەوروپا و...، ئاماژە بەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ ببینێت لە ناوچەكە، هەروەها لە راگرتنی باڵانسی سیاسی و ئابووری.
بە گەڕانەوە جارێكی دیكە بۆ لایەنە ناوخۆییەكان لە دیدی ئاسایشی نەتەوەیی، خۆی لە چەند خاڵێكی گرنگدا دەبینێتەوە لە مەسەلەكانی وەك: ئەزموون و ئەدای پەرلەمان و متمانە و مەشروعییەت و رۆڵی چاودێری و یاسادانان بەپێی پێداویستی و بەرژەوەندییە گرنگەكان، هەیكەلییەت و ئەدا و كادیری حكوومی بەپێی سیاسەتەكانی قۆناخی تازە. سیستەمەكانی: تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، كشتوكاڵ، پیشەسازی، سامانە سرووشتییەكان، لایەنەكانی ئەمنی، پەیوەندییەكانی دەرەوە، دەسەڵاتی دادوەری، راگەیاندن، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەستەكانی دەستپاكی، مافەكانی مرۆڤ و چاودێری دارایی، ئەگەر كاری لەسەر بكرێت لەسەر بنەمای دۆسێ گرنگەكانی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەوە زۆر لە كێشەو مەترسییەكان بەرەو چارەسەر دەچن.
دۆسێی حزبە سیاسییەكان بە سیستەمی حزبی، سیاسی، فرەیی، بە یەكێك لە دۆسێ گرنگەكان هەژمار بكرێت و خوێندنەوەیەكی تازەیان بۆ بكرێت لە دیدی بەرژوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی. ئەوەی زۆر گرنگە ئاماژەی پێ بكرێت، مەسەلەی دەستوورە، كە پێویستە خوێندنەوەیەكی تازەی بۆ بكرێت وەك مەرجەعییەتێكی یاسایی گرنگ و چارەسەركەر بۆ زۆر لە كێشەكان.
لە كۆتاییدا، ئەم خاڵانەی سەرەوە بە فاكتەرە گرنگەكانی ئێستاو داهاتووی ئاسایشی نەتەوەییمان هەژمار دەكرێن.

Top