سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردەن و چەند راستییەك

سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردەن و چەند راستییەك
بڕیاری گەلی كوردستان
لای سەرۆك مسعود بارزانی-یە


سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شای ئوردن، رۆژی ٢٧/١/٢٠١٩ سەردانی عەمانی پایتەختی ئوردەنی كرد و، لەلایەن شاعەبدوڵای دووەم كوڕی حوسێن پادشای ئوردەن لە كۆشكی حوسەینییە لە عەممانی پایتەخت بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆك مسعود بارزانی و شاندی یاوەری كرا و، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران.
سەردانی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ئوردەن و پێشوازی لێ كردنەكەی، رەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوچەكەدا هەبوو، وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا، داوەتكردنی سەرۆك بارزانی و ئەو پێشوازی لێ كردنەی لە عەمان رۆڵ و قورسایی سەرۆك بارزانی لە ناو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە دەردەخات، جەنابی شا عەبدوڵای دووەم كە خاوەن سیاسەتێكی حەكیمانە و دووربینانەیە باش لەوە گەیشتووە كە بڕیاری گەلی كوردستان لای سەرۆك بارزانی-یە و سەرۆك بارزانی رێبەرایەتیی گەلی كوردستان دەكات، هەر بۆیەش وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا، سڵاوی سەربازیی لێ كرا، فەرشی سووری بۆ راخرا، ئێوارەخوانێكی بۆ ئامادە كرا، بێگومان ئەو ئێوارەخوانەش گوزارشت لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا دەكات. دەتوانين بڵێین سەردانەكە هەم فەرمی و هەم دۆستانەش بوو، هەروەك سەرۆك بارزانی سەبارەت بە سەردانەكە لە تویتێكدا نووسیویەتی: «وەك هەمیشە دڵخۆشم كە هاوڕێی ئازیزم شا عەبدوڵای دووەم دەبینم.»
پەیوەندیی نێوان شانشینی هاشمی ئوردەن و كوردستان پەیوەندییەكی مێژووییە و بۆ پەیوەندیی نێوان خوالێخۆشبوو شا حوسێنی كوڕی تەلال شای پێشووی ئوردەن و رێبەری شۆڕشی كوردستان (مستەفا بارزانی مەزن) دەگەڕێتەوە. ئەو پەیوەندییە تا ئێستا ماوەو رۆژ بە رۆژیش پتەوتر دەبێت و هەردوولاش لە هەوڵی پێشڤەبردنی ئەو پەیوەندییانەدان، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی رۆڵێكی كارای هەبووە لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئوردەن و عێراق و ئوردەن و كوردستان و پاراستنی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و عەرەب وەك دوو نەتەوە، كە ئەوەش لای جەنابی شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردەن و گەلی ئوردەن هەمیشە بە بایەخەوە سەیركراوە و رێزی لێ گیراوە.
بێگومان ئەو سەردانەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ئوردەن لەم كاتەدا كرانەوەیەكی گرنگە بە رووی ناوچەكە بەگشتی و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ئوردەن بەتایبەتی، ئوردەن لە پێشەوەی ئەو وڵاتە عەرەبییانە دێت كە خوازیاری بنیادنانی پەیوەندییەكی بەتین بووە لەگەڵ كوردستان، هەر زوو هەستی بە گرنگیی پێگەی كوردستان لە ناوچەكەدا كردو بڕیاری كردنەوەی كۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتەكەی دا لە هەولێر، دواتر كۆمەڵێ كۆمپانیای ئوردەنی روویان لە كوردستان كرد و بەشداربوون لە پرۆسەی بنیادنانەوەی ژێرخانی كوردستان و گەشەپێدانی مرۆیی و تا ئێستاش بەردەوامن، هێڵی ئاسمانیی شاهانەی ئوردەن (RJ) لە پێشەوەی ئەو هێڵە ئاسمانییانە بوو كەوا فڕۆكەكانی لە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی نیشتنەوەو تا ئێستاش بەردەوامن، هاتوچوو و سەردانی هاووڵاتیانی كوردستان بۆ ئوردەن و هاووڵاتیانی ئوردەن بۆ كوردستان پەیوەندییەكی باشی لە نێوان هەردوو لادا دروست كردووە.
بۆ پاراستنی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریش ئوردەن رۆڵی خۆی بینیوە لە پشتیوانی و هاوكاریكردنی كوردستان، هەروەها دوای ئەوەی كەوا حكومەتی حەیدەر عەبادی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر كوردستان و كەركووك و مەخموور و شنگاڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستانیان داگیركرد، جەنابی شا عەبدوڵای دووەم هەوڵی زۆری دا بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا و، ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ داوەتكردنی سەرۆك بارزانی و حەیدەر عەبادی بۆ عەمان، سەرۆك بارزانی داوەتەكەی قبووڵ كرد، بەڵام بەغدا ئامادە نەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بێتە پێشەوە و عەبادی داواكەی شا عەبدوڵای رەتكردەوە.
لەسەر ئاستی عێراقیشدا ؛ عێراق و ئوردەن دوو وڵاتی هاوسنوورن و كۆمەڵێ پەیوەندی و بەرژەوەندی بە یەكیان دەبەستێتەوە، سەرۆك مسعود بارزانی دەتوانێ رۆڵێكی كارای هەبێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكان و پێشخستنی پەیوەندییەكان، بە لای شانشینی هاشمی ئوردەنەوە زۆر گرنگە كەوا پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ عێراق و پێهاتەكانی عێراق هەبێت، بۆ ئەوەی لە لایەك پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان و بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی لەگەڵ عێراق و كوردستان بپارێزێت و پێشبخات، لە لایەكی دیكەشەوە لە رووی ئارامی و ئاسایشەوە سنووری وڵاتەكەی لەگەل عێراقدا بێ كێشە و پارێزراو بێت.
بێگومان رۆڵی سەرۆك بارزانی نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی ناوچەكەشدا بۆ پاراستن و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی زۆر گرنگە، بۆیە ئوردەن بە گرنگی دەزانێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی سوود لە پێگەو رۆڵی سەرۆك بارزانی وەربگرێت، ئەم سەردانەیش سەلمێنەری ئەو راستییانەن، بۆیە دەزگاكانی راگەیاندنی ئوردەن بە بایەخەوە باسیان لەو سەردانەی سەرۆك بارزانی كرد.
سەرەڕای ئەوانەی كە باسمان كردن؛ ئوردەن و كوردستان هەردوو لا بەشدارن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی تیرۆر، هەموو لایەكیش ئەوە باش دەزانن كەوا سەرۆك مسعود بارزانی وەك پێشمەرگەیەكی خاوەن ئەزموون رۆڵێكی كارای بینی لە شەڕی دژی تیرۆریستان، بوێری و لێهاتوویی و شارەزایی سەرۆك بارزانی و گیانفیدایی پێشمەرگەی كوردستان ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند، بۆیە بەشێك لەو دیدارەی سەرۆك بارزانی پەیوەست بووە بەوەی كەوا لە داهاتوودا چۆن بتوانن هەماهەنگ و هاوكاربن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەر بۆیەش سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئوردەن كە چالاكترین دەزگای هەواڵگریی ناوچەكەیە لە رووی كار و شارەزایی ئامادەی دیدارەكە بوو، لە هەمان كاتدا سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئوردەنیش یەكێك بوو لە ئامادەبووانی دیدارەكە، ئامادەبوونی ئەو دوو دەزگا هەستیارە لەو دیدارەدا بایەخی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردەن و رۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكە زیاتر دەردەخەن.
لە رووی نەخشەی جیۆسیاسی ناوچەكەدا كۆمەڵێ ئەگەر و پێشهات و گۆڕانكاری هەستیار بەڕێوەن، هاتنە پێشی ئەو ئەگەر و پێشهاتانەو روودانی گۆڕانكارییەكان پێویستیان بە راوێژ و بیروڕا گۆڕینەوە هەیە، بێگومان سەرۆك بارزانی كە بە خاوەن سیاسەتێكی حەكیمانە و وردبینانە و دووربینانە و خاوەن ئەزموون ناسراوە، رۆڵێكی كارای دەبێت لەو گۆڕانگارییانەی كەوا لە ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و روودەدەن، بۆیە گوێگرتن لە سەرۆك بارزانی سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەكان گرنگیی خۆی هەیە، ئەمەش پێگەی بەهێزی سەرۆك بارزانی لە گۆڕانكارییەكاندا دەردەخات و ئەوەمان پێدەڵێت كەوا بێ سەرۆك بارزانی ئەستەمە گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكەدا رووبدات، جەنابی شا عەبدوڵای دووەم كە ئەویش خاوەن سیاسەتێكی حەكیمانەو دووربینانەیە باش ئەوە دەزانێت كەوا سەرۆك بارزانی لە پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لە داهاتوودا رۆڵێكی كارا و زیاتر دەبینێت، بۆیە لە رێی ئەو بانگهێشتە فەرمییە و ئەو پێشوازیكردنەی لە سەرۆك بارزانی پەیامێكی بە هەموو لایەك دا، كەوا بڕیاری گەلی كوردستان لای سەرۆك مسعود بارزانی-یە و، سەرۆك بارزانی وەك هەمیشە لە گۆڕانكارییەكانی داهاتووی ناوچەكەدا رۆڵی كاریگەری خۆی دەبێت، بۆیە پێویستە راوێژی لەگەڵدا بكرێت و بیروڕاكانی بە هەند وەربگیرێن.

Top